شەڕ لە ڕۆژئاڤا ڕاوەستاوە و میدیاکانی پەکەکە دیسان دەستیان کردۆتەوە بە هێرشکردنە سەر بارزانییەکان

شەڕ لە ڕۆژئاڤا ڕاوەستاوە و میدیاکانی پەکەکە دیسان دەستیان کردۆتەوە بە هێرشکردنە سەر بارزانییەکان

پەکەکە دەیهەوێت هەم ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێن و هەمیش شکستهێنانی فەلسەفەی ئۆجەلانی ڕێبەری چەواشە بکات.

دەمهات تۆلهلدان کە بە ڕۆژنامەنووسێکی پەکەکەیی دەناسرێت، بەشداریی لە پەخشی کەناڵی یوتیوبی “کەمال ئۆکوتان”ی لایەنگری پەکەکە کرد. تۆلهلدان بە درێژایی بەرنامەکە، ڕۆڵی کورد و باشووری کوردستانی لە بەرگریکردن لە ڕۆژئاڤا لەم ماوەیەدا ڕەتکردەوە و ئەو کەسانەی کردە ئامانج کە ڕەخنەیان لە پەکەکە گرتبوو.

شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ڕێکەوتی 5ی ژانیڤەری بە هێرشکردنە سەر گەرەکە کوردییەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەستی پێکرد، هەتا ڕێکەوتی 30 ژانیڤەری درێژەی کێشا و لەماوەی ئەو 25 ڕۆژەدا کور لە ڕۆژئاڤای کوردستان لەگەڵ هەڕەشەیەکی گەورەی لەناوچوون بەرەوڕوو بوون. خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان دەستیان دایە دەستی یەکتر و یەکگرتووانە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی کە ڕێگە نەدەن ڕۆژاڤا کۆمەڵکوژ بکرێت. بە تایبەتی سەرۆک بارزانی پاڵپشتییەکی بەرچاوی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری پێشکەشی ڕۆژئاڤا کرد. نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان و ئەورووپا، بۆ پشتیوانی کردن لە ڕۆژئاڤا یەکیان گرت. بەبێ ئەم پشتیوانییە، هێزەکانی دیمەشق پلانیان دانابوو کە ڕۆژئاڤا بەتەواوی داگیر بکەن، پلانێک کە لەلایەن تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیشەوە پشتیوانی لێدەکرا. ئەم مەترسییە بە خەباتی هاوبەشی کورد ڕەوایەوە.

میدیا و دامەزراوە سیاسییەکانی پەکەکە بە درێژایی ئەم پێکدادانە 25 ڕۆژەیە تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگ بوون. بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاڤا، میدیاکانیان ڕاسپاردبوو کە “لەم بارودۆخەدا نابێ باس لە بارزانییەکان بکەن”. دوای ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق لە 30ی ژانویەدا، پەکەکە ئەم ڕێنماییەی لە هەمبەر بارزانییەکان کشاندەوە و میدیاکانی پەکەکە جارێکی دیکە پەلاماردانی ڕێبازی بارزانییان کردەوە بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان.

لە یەکێک لەو بەرنامانەدا، دەمهات تۆلهلدان کە بەوە ناسراوە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەل پەکەکەدا هەیە، بەشداریی لە بەرنامەیەکدا کرد کە کەمال ئۆکوتان پێشکەشی دەکرد. دەمهات تۆلهلدان لێدوانی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە ڕۆژئاڤا و بارودۆخ و قۆناخی ئێستا خستەڕوو.

دەمهات تۆلهلدان گەریلای پێشووی پەکەکەیە. دواتر لە کۆمیتەی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە بە سەرۆکایەتی مستەفا قەرەسەو لە شاخەکان ڕاهێنانی ڕۆژنامەگەریی وەرگرتووە و لە میدیای پەکەکەدا ئەرکدار کرابوو. هەروەها لەناو پەکەکەدا بە نزیکایەتی لەگەڵ مستەفا قەرەسوو ناسراوە. بۆیە تۆلهلدان کەسێکی ئاسایی نییە و ئەو ئەندامی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پەکەکەیە و لێدوانەکانی تولهەلدان سیاسەتی داهاتووی ڕاگەیاندنی پەکەکە ئاشکرا دەکات. دەتوانین لە چەند خاڵێکدا هەڵسەنگاندن بۆ لێدوانەکانی تۆلهلدان بکەین:

دەمهات تۆلهلدان: ڕۆژئاڤا کوردستان نییە

دەمهات تۆلهلدان لە قسەکانیدا ڕەخنەی لە بەراوردکردنی کێشەی ڕۆژئاڤا لەگەڵ ناسنامەی کورددا گرت و وتی: “کێشەی ڕۆژئاڤا پەیوەندیی بە کوردستانەوە نییە و پرسی کورد نییە”. تۆلهلدان هەروەها وتی: “فەرماندە و سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا و ڕێبەر ئاپۆ ساڵەهای ساڵە دەڵێن: “پرسی ڕۆژئاڤا تەنها پرسی کورد نییە”. تۆلهلدان هەروەها ڕایگەیاند کە ڕۆژئاڤا هەرێمێکە کەوا دەتوانێت دیموکراتیزەکرردنی سووریا بنیات بنێت و کورد وەک ئۆپۆزسیۆنێکی دیموکراتیک بەشداری سووریا دەکات.

دەمهات تۆلهلدان: ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن، “میت”یان لە پشتە

دمهات تۆلهلدان لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە و ئۆجەلان دەگرن و بەوە تۆمەتباری کردن کە پەیوەندییان بە “میت”ی تورکیاوە هەیە و وتی” “ئەو کەسانە تێکدەرن”. تولهەلدان سەبارەت بەو کەسانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن، وتی: “ئەوان ترۆل و کەسانێکن کە لە شەڕ و خەبات هەڵاتوون؛ هیچ سوودێکیان بۆ کۆمەڵگەی کورد نییە، لە ڕۆژئاڤا 13 هەزار شەهید هەیە؛ مرۆڤ دەبێت ڕێزیان لێبگرێت و نابێ ڕەخنە بگرێت”.

ئەو قسانەی دەمهات تۆلهلدان کە دەڵێت “ئەوانەی ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن سەر میتن”، کاردانەوەی بەرچاوی لێکەوتەوە. چونکە لەئێستادا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بە یەکێک لە بەرگریکارە بەهێزەکانی پەکەکە و ئۆجەلان دیتەئەژمار. باخچەلی سەبارەت بە ڕۆژئاڤا گوتبووی: “دەبێ هەموو کەسێک ڕێز لە ئۆجەلان بگرێت”. ئیمرالی بووەتە بارەگای میت و دەوڵەتی تورک بۆخۆی بە ئاشکرا ئەمە دەڵێت.

دەمهات تۆلهلدان: بارزانی ڕێگریی لە هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاڤا کرد

دەمهات تۆلهلدان بە درێژایی قسەکانی حاسای لەو پشتیوانییانە کرد کە بە ڕۆژئاڤا کرا و وتی: “هیچکەس بەرگریی لە ڕۆژئاڤا نەکرد، ڕۆژئاڤا تەنیا بۆخۆی بەرگریی لە خۆی کرد”.

هەموو کورد و جیهان بە چاوی خۆیان دیتیان کە بزووتنەوەی سیاسی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەموو سەرچاوەکانیان بۆ ڕۆژئاڤا تەرخان و سەفەربەر کرد. بۆ ئەم پاڵپشتییە، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ىەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا، بە فەرمی ڕێگەیاند: “سەرۆک بارزانی وەک شاخێک لە پشتی ئێمە ڕاوەستا.” مەزڵووم عەبدی چەندین جار سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە کۆبووەوە و بۆخۆی بە فەرمی سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد. تەنانەت فەڕەنسا و ئەمریکاش بە ئاشکرا ڕۆڵی سەرۆک بارزانییان لە ڕێککەوتنەکەدا بەرز نرخاند. بەڵام تۆلهلدان بە درێژایی قسەکانی نکۆڵییەکی گەورەی ئەنجامدا و ئەم ئیفادەیەی بەکارهێنا: “هەندێک کەس وا نیشان دەدەن کە بارزانییەکان بەرگرییان لە ڕۆژئاڤا کردووە، بەڵام ئەمە بە تەواوی ناڕاست، با من لێرەدا بیڵێم کە لە ڕاستیدا بارزانییەکان ڕێگرییان لە هاوکاریکردنی ڕۆژئاڤا کردووە”.

تۆلهلدان حاشای لە هاوکارییەکانی “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”یش کرد و وتی: “ئەوان بۆ ڕیکلام هاتوون”. بەڵام لە ئەنجامی دانوستانەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ڤاتیکاندا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە کۆبانێ، کورانی ڕۆژئاڤا بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازییان لە کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد. دەمهات تۆلهلدان، لە قسەکانیدا، هەروەها لە دژی ئاڵاکانی کوردستان هاتە دەنگ و وتی: “پیشاندانی هێماکانی نەتەوەپەرستی، هەڵەیە”.

بۆچی میدیاکانی پەکەکە دیسان هێرشەکانیان دەستپێکردۆتەوە؟

لە دوای ساڵی 2012، میدیای پەکەکە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆی ئۆرگانیزە کرد بۆ ئەوەی سیاسەتی دژایەتیکردنی پەدەکە و بارزانی پەیڕەو بکەن و بەدوور لە هەموو پێوەرە ئەخلاقییەکان، هێرشی سەر دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیان کرد.

بەڵام بە تایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە لە شوباتی 2025، گەلی کورد وەکوو پێشوو باوەڕ بە پڕوپاگەندەی پەکەکە ناکات.

بە تایبەت لەگەڵ پێکدادانەکانی ڕۆژئاڤا، هەڵوێستی کوردایەتی سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە لە لایەن کوردەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان قبووڵ کرا. ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە پڕوپاگەندەی 14 ساڵەی پەکەکە شکست بهێنیت و لەسەر سیاسەتە هەڵەکانی لەمەڕ ڕۆژئاڤا، پەکەکە بە توندی لەلایەن گەلی کوردەوە ڕەخنەی لێگیرا. کۆبوونەوەی گەلی کورد لە دەوری ئاڵای کوردستانیش پەکەکەی هەژاند.

پەکەکە دەیهەوێت هەم ئەو رەخنانەی کە ئاراستی ئەو حیزبە دەکرێن و هەمیش شکستهێنانی فەلسەفەی ئۆجەلان چەواشە بکات، بۆیە بەخێرایی خۆی ڕێکدەخاتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەست بە ناشرین کردنی ڕێبازی بارزانی بکاتەوە. لەم نێوەندەدا بەمەبەستی ڕێگریکردن لەو ڕەخنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاراستەی پەکەکە دەکرێن، دەیهەوێ بە هەڕەشەی توند ڕەخنەگرتن لە پەکەکە ڕابگرێت.

وادیارە کە پەکەکە دەیهەوێ لە ماوەی داهاتوودا هێرشەکانی زیاتر دەکات بۆ ئەوی کە ڕۆڵی بزووتنەوەی بارزانی لە ڕۆژئاڤا بشارێتەوە و بێباندۆریان پیشان بدات.

Share