پەیامی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی “ئانکا-دەر” و ڕوانینی پەکەکە بۆ مەسەلەی “شەهیدان”…

پەیامی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی "ئانکا-دەر" و ڕوانینی پەکەکە بۆ مەسەلەی "شەهیدان"...

ئەو پەیامەی کە ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی “ئانکا-دەر”ی هەناردووە، نموونەی بێشەرمی و بێویژدانییە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە خیانەتە مێژووییەکەی خۆی بشارێتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ماوەی 52 ساڵە یادی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لە ناو پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام جارێکیش باسی کوردستانی نەکردووە…

عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ ئەو کۆنفرانسە نارد کە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی پەکەکە لەماوەی 52 ساڵی ڕابردوودا، سازکرابوو. ئۆجەلان بۆ تاقە جارێکیش وشەی کوردستانی بەکارنەهێناوە و ڕایگەیاند کە ئەوان لەپێناو “بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک”دا گیانیان لەدەستداوە. ئەو ئەگەر نەتوانێ لەکاتی یادکردنەوەی ئەو هەزاران کەسەی کە لە شەڕی پەکەکەدا گیانیان لەدەست داوە، بڵێ کوردستان، ئەدی کەی دەڵێت کوردستان؟ لە ڕاستیدا پێویستە چەند وشەیەک سەبارەت بە “شەهیدانی پەکەکە” بگوترێ.

لە 21ی کانووندا کۆمەڵەی ئانادۆڵ بۆ هاوکاری و هاوپشتی لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کە کەسوکاریان لەدەستداوە (ANKA-DER)، چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. “ئانکا-دەر” ڕێکخراوێکە بۆ سازماندانی کەسوکاری شەهیدانی پەکەکە دامەزراوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم ڕێکخراوە کە لەلایەن کەسوکاری شەهیدانی پەکەکەوە دامەزراوە، هەتا ئێستا هیچکات نەبینراوە و نەبیستراوە. جگە لە ڕاگەیاندراوی ناوبەناو هیچ ئەرکێکی دیکەی نەبوو، بەڵام ئەو هەموو ڕێکخراوانە لە ساڵی 2025دا، واتە ئەو ساڵەی کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە،  لەناکاو چالاک بوون. لەبەر چی؟ بۆچی لە کاتێکدا کە پەکەکە بۆخۆی چەکی داناوە، ئەو ڕێکخراوانەی خۆی چالاک کرد؟ بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێت مرۆڤ سۆسیۆلۆژیای پەکەکە بزانێت.

لە هەمووی گرنگتر، ئۆجەلان پەیامێک بۆ ئەم کۆنگرەیە دەنێرێت و لەو پەیامەدا ئەو کەسانە بەبیر دێنێتەوە کە گیانیان لە پێناو کوردستاندا بەخشیوە، بەڵام بۆ تاقە جارێکیش وشەی “کورد” یان “کوردستان” بەکارناهێنێت.

لە شەڕی 52 ساڵەی پەکەکەدا هەزاران گەنجی کورد گیانیان لەدەستداوە. پەکەکە ئەم مردنانە چ لەناو ڕیزەکانی خۆیدا چ ئەوانەی کە بەهۆی ئەوەوە گیانیان لەدەستداوە، وەک ئامرازێکی گەورەی پڕوپاگەندە بەکارهێناوە. پەکەکە وەکو گۆپاڵێک کەڵک لە چەمکی “خیانەتکردن لە شەهیدان” وەرگرتووە و دژی ئەو کەسانەی ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە بەکاری هێناوە کە ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەگرن. ڕەخنە لە ئۆجەلان بگیردرێ؟ یەکسەر دەڵێ: “سەرۆک هەڤاڵی شەهیدانە”. ڕەخنە لە سیاسەتەکانی پەکەکە بگیردرێ؟ دەڵێن “پەکەکە تەڤگەری شەهیدانە”. ئەگەر ئەندامێک بیهەوێت واز لە پەکەکە بهێنێت؟ پێی دەڵێن: “تۆ خیانەتت بە شەهیدان کردووە”. هەرچی بکەیت، ڕووبەڕووی دیواری شەهیدان دەبیتەوە کە پەکەکە بە جەستەی لاوانی کورد دروستی کردووە. گرنگترین شت کە پەکەکە دەکاتە پەکەکە، ئەو کەسانەن کە گیانیان لەدەستداوە. لە ڕێگەی شەهیدانەوە، ئەرکێکی گرتۆتەبەر کە هەموو شتێک ڕاستە، لە دەرەوەی ڕەخنەیە و پیرۆزە. جگە لەوەش لە ڕێگای خوێنەوە بنەمالەکانی بە خۆیەوە گرێداوە. بۆ مردنی کەسێک لە هەر بنەمالەیەک، پلانێکی تایبەت دانرابوو. بەم شێوەیە بنەماڵەکان ناچار دەکران کە ببنە ئەندامی پەکەکە و پەیوەندییەکی خوێنی لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا دروست دەبێت. بۆ نموونە لە باکوور هەوڵی تایبەت درا بۆ ئەوەی کە منداڵانی خێزانە ناسراوەکان تێکەڵ بە پەکەکە بکرێن. لە ڕۆژاڤاش بە فەرمی منداڵانی کەسانی ئەندامی حیزبەکانی دیکە ڕفێندران و تێکەڵ بە پەکەکە کران. دواتر لە مەرگی ئەو کەسانەدا سیاست دروست کرا. بێگومان خێزانەکانیش لە ڕێگای خوێنەوە بەسترانەوە بە پەکەکەوە. ئەوانەی بەدوای منداڵەکانیاندا دەگەڕان یان ئەندامی پەکەکە نەبوون، بە “سوکایەتیکردن بە شەهیدان” تۆمەتبارکران.

بەکورتی، مردنەکانی ناو پەکەکە بابەتێکی گرنگی لێکۆڵینەوەیە کە پێویستە لەسەر چەمکی “شەهید و خیانەت لە شەهیدان” ئەنجام بدرێت.

بەڵام لەڕاستیدا گەورەترین خیانەت بە شەهیدان لەلایەن خودی پەکەکەوە دەکرێت. پەکەکە چەمکی “شەهیدبوون”ی وەک پرۆژەیەکی ئەندازیاری دەروونی و کۆمەڵناسی بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان بەکارهێناوە.

ئەو قۆناغەی کە پەکەکە زۆرترین قوربانی دا، دوای ساڵانی 1990 بوو. بەڵام ئۆجەلان ئەم قۆناغەی دوای نەوەدەکان بە شەڕێکی ناپێویست پێناسە دەکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، پێویست نەبووە کە گیان لەدەستبدەن. واتە تۆ چەک دەدەیت بە 50 کەس و دەیاننێری بۆ شاخ و پێیان دەڵێی مردن قارەمانەتییە، بەڵام دواتر دەڵێی شەڕەکە زۆر هەڵە بوو. ئەمە خیانەتێکە لەو شەهیدانە و هەروەها بێ ئەخلاقیشە، واتە دزینی ژیانی مرۆڤەکانە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنگرەی “ئانکا ـ دەر” بۆ تاقە یەکجاریش باسی کوردستان ناکات، بەڵام دەڵێت “خەبات بۆ ئازادی هونەری زیادکردنی مردن نییە، هونەری ڕێکخستنی ژیانە”. لەو کاتەدا ئایا خەڵک لێی ناپرسن “بۆچی لە ساڵانی 1990دا خەڵکت ڕەوانەی شەڕێکی بێمانا و بێکۆتایی کرد؟ بۆچی ڕێگریت لەو مرۆڤانە نەدەکرد کە خۆیان بۆ تۆ نەسووتێنن؟” هەڵوێستی ئۆجەلان “خیانەتە، بە پلەی یەکەم بەرامبەر کورد، بەڵام بە تایبەتی بەرامبەر ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە”. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئۆجەلان بکوژی لاوانی کوردە.

ئۆجالان هێندە بێ حورمەتی بە مردووەکان دەکات کە تەنانەت لەبارەی ئەو گەنجە کوردانەوە شەهید بوون دەڵێ: “ئەمە دوا کردەوەی ئەوان بوو لەهەمبەر ئێمە”، یان “لە پێناو جگەرەیەکدا مردن”. ئۆجەلان هەرگیز هیچ وەفایەکی بۆ شەهیدان و خانەوادەکانیان نیشان نەداوە. ئەگەر سەیر بکەن لەوەتەی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، ڕۆژانە ناوی دەیان گەنج ئاشکرا بووە کە پێشتر گیانیان لەدەستداوە. بۆچی هەتا ئێستا دەیشاردنەوە؟ پەکەکە دەڵێ: “هەرکاتێک کە پێویستم پێیان بێت، ئاشکرایان دەکەم”.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە شەڕی پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، منداڵی بنەماڵە هەژارەکان بوون. زۆرێک لەو بنەماڵانە لەبەر ئەوەی کە منداڵەکانیان پەیوەندییان بە پەکەکە کردبوو، هەژار و پەرێشان بوون و بە ناچاری کۆچیان کرد. بەشێک لە خێزانەکان لە شەڕی پەکەکەدا سێ منداڵیان لەدەستداوە، خوشکەکانیان کەوتنە ناو ژیانێکی خراپ و ناچاربوون سواڵ بکەن.

پەکەکە ڕێکخراوێکی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام هەرگیز یەک سەنتی بە بنەماڵەی شەهیدان نەداوە. پەکەکە ساڵانێک شارەوانییەکانی باکووری کۆنترۆڵکرد، بە ملیۆنان دۆلاری وەرگرت، بەڵام تەنیا کاری وەک کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی بە شایستەی بنەماڵەی ئەو کەسانە دەزانی کە لە شەڕی ئەواندا گیانیان لەدەستدابوو ـ ئەوەی کە پێیان دەڵێن “خێزانە بەنرخەکان” ـ و تەنیا ئەو کارانەیان پێدەدان. هەتا ئێستا هیچ کام لەو بنەماڵانەی کە قوربانیی زۆریان داوە، پۆستی سەرکردایەتییان بەدەست نەهێناوە یان پۆستی پلە باڵایان نەبووە.

کەواتە بۆچی پەکەکە لەناکاو کەسوکاری شەهیدانی وەبیر هاتۆتەوە؟ هۆکاری ئەمەش زۆرن. “پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، لایەنگرەکانی تووسی نائارامی بوون، خەڵک دەڵێن بۆچی ‘ئێمە تەنها مردین و تەواو، چیمان دەستکەوتووە؟’ و ئەم کاردانەوەیە دەتوانێت لە داهاتوودا کێشەی گەورە دروست بکات. ئێستا پەکەکە دیسانەوە هەوڵدەدات کە لە ناو بنەماڵەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، بناخەیەکی سەربازی دروست بکات بە ناونانی ‘خێزانە بەنرخەکان’. جگە لەوەش، بۆ ئەوەی ناوبانگی لەکەداری خۆی چاک بکاتەوە، دیسانەوە پشت بە ‘شەهیدان’ دەبەستێت. بۆیە ئامانج ئەوەیە کە جارێکی تر ڕێکخستنی حیزبیی خۆی بەهێز بکاتەوە کە فڕی بە کوردایەتییەوە نییە.

ئۆجەلان بۆ بەرزکردنەوەی خۆی، سەری هەزاران گەنجی کوردی شۆڕ کرد. ئەو پەیامەی کە ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی “ئانکا-دەر”ی هەناردووە، نموونەی بێشەرمی و بێویژدانییە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە خیانەتە مێژووییەکەی خۆی بشارێتەوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش