دۆزی کورد لە نێوان مانەوە و کەمینەبووندا

دۆزی کورد لە نێوان مانەوە و کەمینەبووندا

ئەگەر کورد لەم قۆاغەدا یاریزانی سەرەکی نەبێت و خاوەن ستراتژێکی هاوبەش نەبێت، جارێکی دیکە لەبری ئەوەی لەسەر مێز دابنیشت، بۆخۆی دەبێتە خواردنی سەر مێزەکە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

لەم قۆناغە هەستیارەدا دۆزی کورد کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێیەکی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا. کورد چیتر وەک کەمینەیەک یان کێشەیەکی ئەمنی سەیر ناکرێت، بەڵکوو وەک گرێیەکی ستراتیجی دەبیندرێت کە بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەری بەیەک دەگەن. مرۆڤ ناتوانێت لەوە تێبگات کە لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران چی ڕوودەدات، مەگەر بە وردی هەڵوێستی کورد و ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە هەڵبسەنگێنێت کە شەڕی لە چەک و شاخەوە گواستۆتەوە بۆ “سیاسەت و دامەزراوەکان”.

لە تورکیا: مەسەلەکە تەنها دانانی چەک نییە.

دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات تا لە ژێر ئەم ناونیشانەدا، چەمکی کورد و دەوڵەت سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە.

ڕاستە باس لە گەڕانەوەی بەشێک لە گەریلاکان و شێوازی یاسایی دەکرێت، بەڵام مەبەستی قووڵی دەوڵەت ئەوەیە شەڕ لە شاخەوە بگوازێتەوە بۆ ناو شارەکان و لە ناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا لەناوی ببات.

بە واتایەکی تر، دەیانهەوێ شۆڕش بکەنە دۆسیەیەکی یاسایی و ئەمنی.

بەڵام لێرەدا کێشەکە ئەوەیە: دەوڵەت ئاشتییەکی دەوێت کە هیچ گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تێدا نەبن، بەڵام ئەو هۆشیارییە نەتەوەییەی لە نێو کورددا پێکهاتووە، چیتر گەڕانەوە بۆ ڕابردوو قبووڵ ناکات.

لە سووریا:

لەوێ یارییەکە دژوارترە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بەرهەمی هاوسەنگییەکی ناسکی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا، تورکیا و ڕژێمی سووریایە.

فشارەکانی ئەم دواییە بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ سوپای سووریا نیشانەی ئەوەیە کە یارییەکە لە کۆتایی نزیکبووەتەوە و پێویستە زلهێزەکان هەنگاو بنێن.

گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە دەستکەوتە سیاسی و ئیدارییەکانی کورد بەبێ ئەوەی لە دەستووردا بچەسپێنرێن، لەکیس بچن.

کورد ئێستا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان ببێتە هێزێکی ئەمنیی کاتی و لەناو دەوڵەتدا ون ببن، یان خۆی وەک هاوبەشی سیاسی بقەبووڵێنێت.

لە عێراق:

هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازە، بەڵام بناغەکەی پتەو نییە.

هەرچەندە کورد هێشتا ڕۆڵێکی هاوسەنگ لە پێکهێنانی حکومەتدا دەبینێت، بەڵام ئەم ڕۆڵە بەهۆی دابەشبوونی ناوخۆ و لاوازبوونی دیالۆگی نەتەوەیی لەژێر هەڕەشەدایە. ئەمڕۆکە هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری دووقۆڵیی بەغدا و وڵاتانی دراوسێدایە.

دەسەڵاتی سیاسی کورد دەبێت بڕیار بدات: ئایا هەر بە ڕێککەوتنی کاتی و بەرژەوەندیی حزبییەوە سەرقال دەبن، یان پرۆژەیەکی نەتەوەیی درێژخایەن بنیات بنێن کە پشت بە خەڵکی خۆیان ببەستن و نەک بە ڕێککەوتنی سیاسی؟

لە ئێران:

لە ڕۆژهەڵاتدا دەنگەکە بچووکە، بەڵام مەترسییەکەی زۆرە. وەک پەندێکی کوردی دەڵێت ئاگری ژێر خۆڵەمێشە.

بە هۆی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، پڕۆژەی تەقینەوە هەیە، بەڵام ڕژیم بە چاوێکی توندی ئەمنیەوە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات و هەوڵی بێدەنگکردنی دەدات. دیارە هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە تاران، کێشەی کورد بەهێزتر دەکات، چونکە بیری شۆڕشگێڕانە لەوێ زیندووە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:

ئەمڕۆ دونیا کورد وەک دۆزی ئازادی نابینێت. بەڵکوو بە پێی بەرژەوەندی خۆیان وەک ئامرازێک بۆ سەقامگیری یان ئاڵۆزی بەکاریان دەهێنن.

ئەمریکا وەک پۆلیس و ڕوسیا وەک کارتی دانوستان و تورکیا وەک دوژمن سەیری کورد دەکەن.

ئەم واقیعە کورد ناچار دەکات دەستبەرداری دروشمە گەورەکان بێت و بەدوای چارەسەری واقعیدا بگەڕێت، نە تەنیا دەوڵەتی نەتەوەی کلاسیک و نە فانتازیای بێدەوڵەتبوونیش.

دەبێت شتێک بنیات بنێن کە هەم ناسنامەی خۆیان بپارێزێت و هەم لە جیهانی ئەمڕۆشدا جێگەی خۆی هەبێت.

قسەی کۆتایی:

ئەوەی لەم ڕۆژانەدا ڕوودەدات ڕووداوێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی مێژووییە.

شەڕێکی گەورە نییە، هەروەها ئاشتییەکی هەتاهەتاییش نییە، بەڵکو تەنها دوبارە ڕێکخستنەوەی هزرە.

ئەگەر کورد لەم قۆاغەدا یاریزانی سەرەکی نەبێت و خاوەن ستراتژێکی هاوبەش نەبێت، جارێکی دیکە لەبری ئەوەی لەسەر مێز دابنیشت، بۆخۆی دەبێتە خواردنی سەر مێزەکە.

لە ناوچەیەکی وەها بێبەزەییدا کە کەس بەزەیی بە لاوازەکاندا نایەتەوە، هۆشیاری ستراتژیک فەلسەفە نییە، بەڵکوو مەرجێکە بۆ مان و نەمان.

Share

پوستێن ھەمان بەش