دیمەنی سیاسی ناوچەکە و چارەنووسی نەتەوەی کورد؛ لە نێوان پێناسەی شەڕ و ئاشتیدا

“ئەم قۆناغە نە قۆناغی سەرکەوتنی تەواوەتییە و نە قۆناغی تێکشکانی ئەبەدییە، بەڵکوو قۆناغی ‘پێناسەکردنەوە’یە”.
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی یەکەم
لە ئێستادا دوورەدیمەنی سیاسی ناوچەیی لەسەر ڕیتمی گۆڕانکارییە گەورەکان دەڕوات. ئەم گۆڕانکاریانە بە هاوار و قیڕەقیڕ ناکرێن، بەڵکوو زۆر بە وردی و بە نهێنی دەچنەپێش.
لە بەغدا هەڵبژاردن تەنها وەک پڕۆسەیەکی یاسایی یەکلایی دەکرێتەوە و دەرگای بازاڕە سیاسییەکان دەکرێتەوە نەک بەرنامە نیشتمانییەکان.
لە تورکیا گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان ڕکابەریی کورد و تورکی لە پێناسەیەکی نوێ نزیکتر کردووەتەوە نەک بەرەو کۆتایی بڕوات.
هەروەها سووریاش لە گۆڕانکارییەکی سیاسی ناجێگیردایە، کە پرسی دەوڵەت لەگەڵ پرسی چەک و نوێنەرایەتی لە کێبڕکێیەکی تونددان.
لەم نێوەندەدا پرسی ئێران وەک پێکهاتەیەکی پاڵەپەستووی بەردەوام ئامادەیە، بەبێ ئەوەی ببێتە ڕووداوێکی ڕۆژانەی بە دەنگ و هەرا.
لە عێراق قبووڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن تەنها وردەکارییەکی ئیداری نییە، بەڵکوو کاتێکە بۆ هاتنی دەوڵەت بۆ سەر مێزی دانوستان.
لەم جۆرە کاتانەدا قورسایی و سەنگی هێزە کوردییەکان زیاتر دەبێت. بۆچی؟
چونکە بنەمای سیستەمی عێراق، لە ڕووکەشدا سازشکردن و ڕێککەوتنە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کێبڕکێ و ململانێیە.
هەر کوتلەیەک کە بتوانێت تەرازووی هاوپەیمانی حکومەت بە لایەکدا بشکێنێتەوە، ئەوە دەتوانێ مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت، یان لانیکەم پێش بە مەرجی لایەنەکانی دیکە بگرێت.
کێشەکە لە هەبوونی ئەم هێزەدا نییە، بەڵکوو لە هونەری بەکارهێنانیەتی. ئایا ئەم هێزە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستورییە هەمیشەییەکان بەکاردەهێنرێت، یان تەنها وەکوو کارتی دانوستانێکی کاتی دەبێت کە بۆ چەند پۆست و پلەیەک بگۆڕدرێت و دواتر خوێنەربوون سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە؟
لە سووریا گواستنەوەی سیاسی، هێشتا واتای دەوڵەتداری بۆخۆی ئەزموون دەکات.
دەوڵەت تەنیا لەسەر دانپێدانانی نێودەوڵەتی بنیات نانرێت، بەڵکوو بناخە سەرەکییەکەی، قۆرخکردنی ڕەوای هێزە لەسەر خاکەکەی خۆی.
لێرەدا بلۆکی کوردی سووریا دەکەوێتە چەقی ئەزموونەکە. پرسی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) نەک تەنها پرسی تێکەڵبوونی ئیداری نیە لە سوپای نوێدا، بەڵکوو پرسیارێکی قووڵی فەلسەفییە، دەربارەی گەرەنتیەکان. لەلایەکی دیکەوە، هەر تێکەڵکردنێک بە بێ گەرەنتیی دەستووری و مافە ڕەواکان، بە مانای چەکدانان دێت. هەروەها هەر ڕەتکردنەوەیەکی تێکەڵکردن بەبێ ئاسۆیەکی سیاسیی گەش، دەبێتە هۆی چەوساندنەوەیەکی درێژخایەن کە کۆمەڵگە لاواز دەکات.
بۆیە هاوسەنگی تەنها لە نێوان دوو چەکدا نییە، بەڵکو لەنێوان دوو ترسدایە:
ترسی کورد لە فەوتان و لەناوچوون، دوای ئەو هەموو قوربانیدانانە.
ترسی دەوڵەتی نوێی سووریا و هێزە ئیقلیمییەکانی پاڵپشتی لە دروستکردنی کیانێکی چەکداری سەربەخۆ، کە ببێتە هۆی پارچەپارچەبوون یان فیدراڵیزمێک کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن نەبووبێت.
لە تورکیادا وەرچەرخانی هەرە گرینگ، لێدوانێکی کاتی نییە، بەڵکوو گواستنەوەیە هێدی هێدییە لە لۆژیکی نەهێشتنی ئاسایشەوە بۆ لۆژیکی شەرعیەتدان بە پرۆسەی سیاسی. ئاخاوتن لەسەر چوارچێوە یاساییەکان بۆ ئاشتی، نیشانەی تێگەیشتنێکی درەنگە کە دەڵێت: شەڕی چەکداری بەتەنها بە وتاردان کۆتایی پێ نایەت و دۆزی کوردیش تەنها بە ڕێوشوێنی ئەمنی بەڕێوە ناچێت.
بەڵام هەر پڕۆسەیەکی چەکدانان یان کشانەوەی پەکەکە، بۆشاییەکی سیاسی و ئەخلاقی دروست دەکات کە دەبێت پڕ بکرێتەوە، چوونکە مێژوو بۆشایی قبووڵ ناکات.
ئەگەر بەبێ سیاسەتێکی عەقڵانی چەکەکان بێدەنگ بکرێن و چەوساندنەوە هەر بەردەوام بێت، ستەم لە فۆرمێکی دیکەدا دیسان دەگەڕێتەوە، کە توندتر ودژوارتر و پارچەپارچەترە.
بەڵام ئەگەر چەکدانان لەگەڵ گۆڕانی سیاسەت و مافی هاووڵاتیبووندا بێت، ئەوا دەتوانێ دەستکەوتێک بێت هەم بۆ کورد و هەم بۆ تورکیا، نەک تەنها گۆڕینی سەنگەرەکان.
پرسی سووریا لە هەموویان هەستیارترە، چوونکە هەر ڕووداوێکی ئەمنی گەورە لەوێدا ڕووبدات، دەتوانێ بە خێرایی کارتەکان تێکبدات.
هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی تۆڵەسەندنەوە ئەوەمان بیردەخەنەوە کە باکووری سوریا ناوچەیەکی پشت جەبهەی جەنگ نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی نێوان دوو شەڕە.
لەو ناوچانەدا کورد زۆرجار باجی تێکچوونی هاوسەنگی نێودەوڵەتی دەدات، تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆ دەستیشی تێدا نەبێت، چونکە لەسەر هێڵی گەرمی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، تورکیا، سووریا، ڕووسیا و ئێران ڕاوەستاوە.
بۆیە خوێندنەوەی ڕووداوەکان دەبێت خوێندنەوەیەکی بنەڕەتی بێت نەک خوێندنەوەی هەستەکی. هەر شۆکێکی ئەمنی دەتوانی ببێتە هۆی کشانەوە یان ڕێککەوتن لەسەر مێز و ئەمانە هەمووی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مانەوە و دەسکەوتەکانی کوردان هەیە.
لە ئێراندا ڕەنگە ڕۆژانە مانشێتی گەورە لەسەر کورد دەرنەکەون، بەڵام پرسی کورد لەو وڵاتە، وەک بزووتنەوەیەکی شاراوە ڕۆڵ دەگێڕێت کە بە سروشتی دەوڵەتی ناوەندی و هەستیاری سنوورەکان و قووڵایەتی شوناسی کولتووری کوردەوە، گرێدراوە.
ژیرانەترین ستراتژی لێرەدا چاوەڕێکردنی ڕووداوەکان نیە، بەڵکوو دروستکردنی تۆڕی یاسایی و میدیاییە کە بتوانێت لە کاتی گونجاودا دەرفەتەکان بقۆزێتەوە. چونکە لە ئێراندا زۆرجار دەرفەتەکان لەناکاو دێن و بە خێرایی دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئێستا کورد دەبێ چی بکات؟ وەڵامەکە دەکەوێتە سێ ئاستەوە:
ئاستی پرەنسیپی نەتەوەیی، ئاستی ڕیالیزمی سیاسی و ئاستی ڕەخنەی فیکریی پۆست ـ نەتەوەیی (ما بعد القومية) بۆ ئەوەی ئەم چەمکە نەبێتە ئامرازێک بۆ لەناوبردنی شوناس.
ڕێبازی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد تەنیا دروشمێک نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکە بۆ پاراستنی زمان، بێردانک و بڕیاری سیاسی و هەروەها وەڵامێکی مێژووییە بۆ سەدەیەک نکۆڵی لێکردن.
بەڵام دەوڵەتی نەتەوەیی لە فۆرمە کۆنەکەیدا دەکەوێتە دوو داوەوە: داوی گواستنەوەی ناسنامە بۆ زنجیر لەسەر ئازادییە ناوخۆییەکان و هەروەها داوی پەلەکردن لە ڕاگەیاندنی دەوڵەت وەک جەڤەنگێک پێش ئەوەی وەک دامەزراوەی ڕاستەقینە بنیات بنرێت.
بۆیە ناسیۆنالیزمی کامڵ ئەوە نییە کە بە هەر نرخێک بێت دەوڵەتت هەبێت، بەڵکو بنیاتنانی توانایەکی دەستەجەمعییە بۆ حوکمڕانییەکی دروست، پاشان وەرگێڕانی بۆ مافی چارەی خۆنووسین لە کاتێکدا بارودۆخەکە گونجاو بێت.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێبازی پۆست ـ نەتەوەیی لە ناوچەکەدا زۆرجار وەک ئەخلاقێکی جوان دەخرێتەڕوو، بەڵام هەندێکجار وەک سیاسەتێکی نەرم بۆ دواخستنی مافە نەتەوەییەکان بۆ ماوەیەکی نادیار بەکاردەهێنرێت. مەترسییەکە ئەوەیە کە بە ناوی دیموکراسی گەلانەوە داوا لە کورد بکرێت دەستبەرداری مافی دەوڵەتداری بێت، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا هەن، دەستبەرداری نەتەوەپەرستی خۆیان، ناوەندگەرایی خۆیان، سوپا و سنوورەکانی خۆیان نابن.
لێرەدا پۆست ـ نەتەوەیی دەبێتە ناهاوسەنگی، لایەنێک لەناودەچێت و لایەنەکەی دیکە وەک دەوڵەتی نەتەوەیی دەمێنێتەوە.
بۆیە دەبێت ڕەخنەی هۆشیاری کورد بڵێت: بەڵێ بۆ پێکەوەژیان و مافە مەدەنییەکان، بەڵام نەخێر بۆ فرۆشتنی مافە نەتەوەییەکان بەناوی ئەخلاقێکی نوێوە.
ڕێگای هەرەڕاست هاوکێشەیەکی دوولایەنەیە:
بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز بە مافی هاووڵاتیبوون، لە هەمان کاتدا چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسین وەک ئاسۆیەکی سیاسیی کە دانوستانی لەسەر ناکرێت.
لە ڕووی پراکتیکییەوە، ستراتژی هەرە کارای ئێستای کورد، لەسەر چوار پایە ڕادەوەستێت:
یەکخستنی ناوماڵ بە مانای یەکگرتوویی (لەبەر ئەوەی کە دابەشبوون هەر دەستکەوتێک دەکاتە کارێک لە دەستی نەیارەکاندا)، گۆڕینی هەر دانوستانێک لە بەغدا یان سوریا بۆ سەبەتەی گەرەنتییەکان نەوەک بۆ هەندێ بەڵێن.
بنیاتنانی ئابووری و دامەزراوەکان (چوونکە لەم سەدەیەدا شەرعیەت بە توانای حوکمڕانی دەپێورێت نەک بە جوانی وتارەکان).
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبردنی پەیوەندیییەکان لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بە عەقڵێکی سارد، نەک بە تەسلیمبوونی تەواو یان دوژمنایەتییەکی ناپێویست، بەڵکوو بە بنیاتنانی تۆڕێکی بەرژەوەندی هاوبەش کە وازهێنانیان لە کورد بۆ ئەوان گران تەواو ببێت.
گوتەی کۆتایی؛ ئەم قۆناغە نە قۆناغی سەرکەوتنی تەواوەتییە و نە قۆناغی تێکشکانی ئەبەدییە. بەڵکوو قۆناغی “پێناسەکردنەوە”یە.
پەکەکە لە چەکەوە بەرەو ڕێگایەکی سەختی سیاسی دەڕوات، سووریا بەدوای دەوڵەتێکی نوێدا دەگەڕێت و کورد بەدوای سیگۆرتەدا دەگەڕێت نەک وێنە، عێراق چووەتە ناو بازاڕی هاوپەیمانیەکان و کورد خاوەن قورساییەکی وەهایە کە دەبێ وەربگێڕدرێنە سەر مافەکانی جێبەجیکردن و ئێرانیش وەکوو گۆڕەپانێکی پاڵەپەستۆی دریژخایەنە.
لە دڵی هەموو ئەمانەدا، گەورەترین ئەزموونی فەلسەفی ئەمەیە:
کورد چۆن بناغەی پڕۆژە نەتەوەییەکەی دەپارێزێت بەبێ ئەوەی بیگۆڕێت بۆ توندڕەوی ناوخۆیی و چۆن سوود لە چەمکە نوێیەکانی دیموکراسی و پۆست ـ نەتەوەیی وەردەگرێت بەبێ ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ دزینی مافە نەتەوەییەکان بەناوی ئەخلاقەوە؟