ئەی میللەتی بێ دەوڵەت!!! تۆ لەناو دەبرێیت، خۆت دەبینیتەوە…

دەم پارتی هەوڵدەدات کە بەگوێرەی ئەمر و قسەکانی باخچەلی کوردان پووچ بکا و عەڤدۆ و باخچەلی پێکەوە سەرکردایەتی ئەم پرۆسەی لەناوبردنەی کورد دەکەن.
بووبێ ئەسەر
تۆ، ڕۆژ بە ڕۆژ وردە وردە بە دەستی “پەکەکە ـ دەم پارتی” لەناو دەچیت. بەڵام لە بەرامبەر ئەم وێرانکاریەدا هێشتا لایەنە سیاسییەکانمان تەنها تەماشا دەکەن. حیزبە کوردستانییەکان بە تەماشاکردن و بێدەنگبوون و بە نایەکگرتوویی و ناکۆکییان، ئێمە وەک نەتەوە و ئەندام و نیشتمانپەروەر فریو دەدەن. “پەکەکە ـ دەم پارتی”یش ئەندامەکانی خۆی و میللەتی کوردیش فریو دەدات. بە واتایەکی تر وەکوو دارێکە کەوا هەردوو سەری پیس بێت.
دەم پارتی هەوڵدەدات کە بەگوێرەی ئەمر و قسەکانی باخچەلی کوردان پووچ بکا بۆ ئەوەی کە کورد ئیدی هەتا سەدەیەکی دیکەش نەیەنەوە هۆشی خۆیان. لە هەمووی گرنگتر عەڤدۆ و باخچەلی پێکەوە سەرکردایەتی ئەم پرۆسەی لەناوبردنەی کورد دەکەن. ئایا ئەمەتان پێ سەیر نیە؟
حیزبە کوردستانییەکانمان، بە بێهەڵوێستی خۆیان، کار بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە دەکەن، تەنانەت بێ ئەوەی درکی پێبکەن و ئاگایان لێی هەبێت، کاری بۆ دەکەن. واتە وەک ئەوەی کە نەزانن کە سبەی ڕۆژ گەلەکەمان چی بەسەر دێت، یان دەزانن، بەڵام ئەم دۆخە دێتە پای ئەوانیش، بۆیە ناتوانن یان نایانهەوێت کە هێز و قووەتێک بن لە دژی ئەوە…
ئەم دۆخە پێمان دەڵێت، بەهۆی ئەم بێهەڵوێستی و ناتەبایی و پەرش و بڵاوییەوە، گەورەترین گوناهبار ئەوان بۆخۆیانن، واتە ئەو حزبانەی ئێمەن کە خۆیان بە کوردستانی ناودەبەن. سەرەڕای ئەوەش، ئامادە نین ڕەخنە قبووڵ بکەن. ئەوانەی ڕەخنەیان لێدەگرن، هەڕەشەی دەرکردنیان لە حیزب لێدەکرێت. ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە.
کێن ئەوانەی ئەم کارە دەکەن؟ چەند کەسی پیری سەقەت و نەخۆش و بەرژەوەندیخوازن کە حیزبەکان لەپێناو بنەمالەکەی خۆیان و بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیاندا بەکار دەهێنن. ئەم بەساڵاچووانە کە 30 ـ 40 ساڵە بەڕێوەبەرن، بەڵام کەچی یەک ئەندامی خێزانەکەیان لە ناو حزبەکانیاندا نییە.
بۆ ناتوانن پێکەوە بەرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنن؟ بۆ ناتوانن یەکبگرن؟ ئاستەنگەکە لە کوێیە؟ کێن ئەوانەی ئەمەیان ناوێت؟ بۆچی بۆ ڕای گشتی ئاشکرای ناکەن؟ هەر بۆیە دەڵێم؛ شکست و لەناوچوونی گەلی کورد، هەرچەندە بە پێی باخچەلی و پڕۆژەکانی دەوڵەتی تورکیش بەڕێوەبچێت، بێدەنگی و ناتەبایی و ناکۆکی و لاوازی لایەنە کوردستانییەکان لەوەی “باخچەلی ـ پەکەکە ـ دەم پارتی” گەورەترە.
پێویستە میللەت و ئەندامانی پارتە سیاسییەکان هەستن و هاوار بکەن بۆچی حزبەکانمان لە هەمبەر ئەم دۆخە نالەبارەدا بێدەنگن؟ بۆچی هێزەکانیان یەکناخەن؟ بۆچی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ڕەخنەیان لێدەگرن، بە توندی دەوەستنەوە؟ تا ئەمانە وەڵام نەدرێنەوە، هەمیشە دۆڕاو دەبین.
بۆچی ئەمڕۆ زۆربەی سەرکردەی حزبە سیاسییەکان لە کەسانی پیر و نەزان و ترسنۆک و بەرژەوەندیخواز پێکهاتوون؟ بۆچی ئەمانە ناکرێنەوە بۆ ئەوەی میللەتیش لە ڕاستیەکان تێبگات.
ئەگەر ئەندامی حزبێک بیت و ئەو قسانە بکەیت، هەڕەشەی دەرکردن لە ئەندامەتیت لێدەکەن و چیتر ناوێریت بنووسیت و قسە بکەیت. ئەگەریش تۆ ئەندامی حزبێک نەبیت و ئەمانە بنووسیت، هەموو حزبەکان یەکدەگرن و دژایەتیت دەکەن.
بۆیە دەڵێم ئەوانەی ئاو لە ئاشی PKK-DEM و پڕۆژەکەی دەوڵەت باخچەلی دەکەن، حزب و ڕێکخراوەکانی خۆمانن. جا چ ئاگاهانە بێت یان لە ڕووی نەزانیەوە بێت.
ئەگەر خاوەن هێزێکی نەتەوەیی بین، ئەگەر ئێمە ئیمکانیاتی هێژا و ئابوورییەکی باشمان هەبێت، ئەوا ئەم پڕۆژەیەی عەودە و باخچەلی بەو ئاسانییە سەرناکەوێت.
کاری بەپەلە و پێویست ئەوەیە کە دەبێ بە زووترین کات بەرەیەکی کوردستانی دابمەزرێت. تا زیاتر کات تێدەپەڕێت، زیاتر خۆمان لە یەکتر دوور دەخەینەوە و پڕۆژەکەی عەڤدۆ و باخچەلی سەرکەوتوو دەبێت. بە بڕوای من دامەزراندنی بەرەیەکی نەتەوەیی، لە ڕێککەوتن و یەکتر قبووڵکردنی هەموو ئەو لایەن و ڕێکخراو و تاکانەیە کە وڵاتەکەیان خۆشدەوێت، تا لە ناو “هاک-پار”دا جێبگرن.
ئەگەر بمانەوێت دڵۆپێک بین لە باکووری کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ نەکرێت، دەبێت یەکڕیزی لەنێوان خۆماندا دابمەزرێنین. ئەمڕۆ دڵۆپێک دەبین، بەڵام سبەی دەبی بە لافاو. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ بەهۆی بەرژەوەندییە کەسی و ڕێکخراوەییەکانمانەوە ئەم دڵۆپە بە با بدەین، ئەوا هەرگیز لافاو نابینین…
بێگومان بە بۆچوونی من پێویستە ڕێکەوتنێکیش لەسەر ناوی هاک-پار بکرێت و ڕێگای مەعقولیش هەر ئەوەیە. جگە لە گۆڕینی ناو و خاڵی فیدرالیزم، مرۆڤ دەتوانێت دەستوور و بەرنامەیەکی هاوبەش تەنزیم بکات.
ئەمڕۆ هاک پار مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی هەیە و بڕگەی فیدراڵیزم بە فەرمی لە دەستوورەکەیدا جێگیر کراوە. جگە لەم دوو بڕگەیە، مرۆڤ دەتوانێت زۆر شت لەسەر بنەمای ڕێککەوتن بگۆڕێت. بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ڕێکخراوی هاک-پار لە زۆرێک لە شار و شارۆچکە و ناوچەکاندا حزووری هەیە و ئەمەش دەرفەتێکە.
بەڵام بەر لەوەی کە گۆڕانکارییەکی وەها بکرێت، دەبێ هێندی تاک و کەسایەتیش گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن و لە پێناو بەرژەوەندیی گەلەکەیاندا دەبێ دڵفراوان و دڵکراوە بن تا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک و بە هاوبەشی ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بکەن.