سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرە زیاتر بوو لە سەردانێک؛ هەموو دەمامکەکان کەوتن و ڕاستییەکان ئاشکرا بوون…

سەردانەکەی 29ی نۆڤەمبەری سەرۆک بارزانی بۆ جزیرە، کە دێرینترین شاری هەرێمی بۆتان واتە دڵی کوردستانە، زۆر زیاتر بوو لە بەرنامەیەکی دیپلۆماتیک.

شوێنەکە جزیرەی بۆتان بوو. واتە گەورەترین سەرزەمینی میراتی مێژووی کوردان. جزیرە کە لەلایەن کوڕانی نوحەوە دامەزراوە، ناوەندی ئیمپراتۆریەتی بۆتان بووە. ماڵی مەلای جزیری بوو کە سەدان ساڵ لەمەوبەر فەلسەفەی ئەوینی کوردی بە زمانێکی ئەدەبی داڕشتبوو. هەموو ئەمانە جزیرەیان کردۆتە ناوەندێکی گرنگی هزری کوردی.

ئەو زێدە، کەسایەتییەکی لە ئامێز گرت کە نوێنەرایەتی هەموو بەهاکانی ئەم خاکەی دەکرد کە خودا پێی بەخشیوە. ئەو مەرجەعی کوردایەتی، واتە سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو. ئەو پێشمەرگەیەک، سیاسەتمەدارێک، شایەتحاڵێکی مێژوو و دامەزرێنەری ئەو سیستەمە بوو کە داگیرکەری لە باشووری کوردستان تێکشکاند. سەرۆک بارزانی پێڕەوی بەرخۆدانی 100 ساڵەی بزووتنەوەی بارزانیی بردە ناو دڵی بۆتان. هزری کوردایەتی لە شوێن و کەسایەتیدا ژیانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی. سەبارەت بە ڕێگای داهاتووی نەتەوەییدا، ڕوونبوونەوەیەکی دروست کرد. لە قووڵایی کۆنەستی کۆلەکتیڤی نەتەوەی کورددا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کرد. ئەم مانا قووڵە، ڕووی ڕاستەقینەی دۆست و دوژمنی دەرخست.

کورد پێی سەربەرز و دڵخۆش بوو. دۆستانی کوردیش هیوادار بوون.

بەڵام دوژمنانی کوردیش هەن. ئەوان ئەم سەردانە مێژووییەیان چەواشە کرد. بێ ڕێزی خۆیان بۆ ئەرکی مێژوویی سەردانەکە بە گوتنی “ئەمانە چ پێشمەرگەیەکن، ئەمانە چ جۆرە لوولەی تفەنگێکن؟” و هتد… پیشاندا. سیاسەتمەدارانی تورک، بەهۆی دوژمنایەتییان بەرامبەر بە کورد و ململانێکانیان لە ناوخۆیاندا و بۆ شاردنەوەی ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، باسیان لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرە کرد. هەمووان بە دروشمی “من زیاتر نەتەوەپەرستم، من زیاتر دژە کوردم” هاتنە مەیدان.

سەرەتا کەمالیستەکان هێرشیان کرد و جەهەپە سەرکردایەتی هێرشەکەی کرد. باخچەلی، بۆ ئەوەی لە پرسی ڕەگەزپەرستیدا لەوان بەجێ نەمێنێت و دوانەکەوێت، خۆی خستە پێشەوە و شەپۆلی هێرشەکەی بۆ سەر کورد پەرەپێدا. هەردوولا باش دەزانن کە لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیادا دەیان گەل و باوەڕ یان لە ڕووی فیزیکییەوە لەناو براون یان ئاسمیلە کراون. تەنها نەتەوەیەک کە لەسەر پێی خۆی ماوە، نەتەوەی کوردە. لە جزیرەدا سەرۆک بارزانی وەک خاوەن ماڵ پێشوازیی لێکرا و هەڵوێستە شەرافەتمەندانەکانی جەنابیان پێی سەلماندن کە ئەوان نەیانتوانیوە کورد لەناو ببەن و سەرەڕای هەبوونی سنوورە دەستکردەکان، بەڵام نەتەوەی کورد ناسنامەی هاوبەشی کوردایەتیی پاراستووە. بۆیە حیرسی شکستە گەورە سەدانساڵانەکەی خۆیانیان لە گەورەیی سەرۆک بارزانیدا بینی. پشتیوانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاڤا، بەتایبەتی بۆ مەزڵووم عەبدی، حیرسی دوژمنی زیاتر کرد.

ئەمساڵ بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بێ شەرمانە باخچەلییان بە کۆتری ئاشتی ناوبرد. دەردەکەوێت کە باخچەلی هێشتا هەر فاشیستە و بێگومان قسەکانی باخچەلی سەبارەت بە سەرۆک بارزانی بە ڕوونی ڕووی ڕاستی بانگەوازەکەی بۆ ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتیی ئاشکرا کرد. هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی بوونی نیە؛ مەسەلەکە ئەوەیە کە کورد لە کۆماری تورکیادا نابیندرێت. ڕاستی پڕوپاگەندەی پەکەکە و بەتایبەت دوژمنایەتییەکەی بەرامبەر بە بارزانییەکان و پەدەکە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا بوو. ڕوونە کە سەرۆک بارزانی بۆ هەر شوێنێک بچێت ناسنامەی کوردیش دەباتە ئەو شوێنە. تەنانەت کاتێک ئەندامانی پەکەکە چەند ژنێکیان هێنایە دەروازەی سنووریی خابور و داوایان لێکردن دروشم دژی پەدەکە بەرز بکەنەوە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرە وای لێکردن هەست بە شەرەف و بەهێزبوون بکەن. بە سەردانێک سەرجەم پڕوپاگەندەی دەیان ساڵەی پەکەکە کەوتنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

دەوڵەتی تورکیا دان بەوەدا بنێت یان نا، سەرۆک بارزانی تەنیا سەرۆکی پەدەکە نییە. ئەو ڕێبەری ڕەوا، پێشەوا و سەرۆکی هەموو کوردانە. کەسایەتییەکی ڕۆحی و سیاسییە کە نوێنەرایەتی کەرمەت و سەربەرزیی نەتەوەیی دەکات. خەباتی ژێر ڕابەرایەتی ئەو، داگیرکەری لە باشووری کوردستان لە ناو برد و بوو بە جێگای هیوا و شانازی بۆ هەموو کورد. هەروەها کەسێکی زۆر ئاشتیخوازە، پیاوێکی دانایە کە لە هەموو قەیرانەکاندا ڕێبەرایەتیی گەلەکی کردووە گەلەکەی خۆی پاراستووە. ئەو هاوکات ماوەی 20 ساڵە کە پشتگیری لە چارەسەری ئاشتیانە لە باکوری کوردستان دەکات و بەردەوام پێشنیاری ئاگربەست و بێدەنگ کردنی چەکەکانی کردووە.

کۆماری تورکیا بۆخۆی بانگهێشتی کرد و ئەو بە فەرمی سەردانی جزیرەی کرد و لە وتارەکەیدا ستایشی ئاشتی کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو پشتیوانییەک دەربڕی، دوعای بۆ جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد و لە هەمان ڕۆژدا گەڕایەوە باشووری کوردستان.

سەرۆک بارزانی پیاوێکی بەڕێز و ئەسڵزادە، میواندۆست و دڵسۆز و وەفادارە. کاتێک ئەگەر هێرشێکی سوکایەتیش بکرێت، لە وەڵامدانەوە درێغی ناکات. لەڕاستیدا ئەو بەیاننامەیەی کە بەناوی نووسینگەی بارزانییەوە بڵاو کرایەوە، سەلماندی کە لە کاتی پێویستدا درێغی ناکات و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە پیشان دەدات.

سەرۆک بارزانی لە ساڵی 2017دا، لە شاری زاخۆ بەیتێکی دیوانی جزیری خوێندبۆوە. ئەمانە تایبەتمەندی کەسایەتی ئەون:

“دەست نەھلین ژ تەلەب گەر مە د رێ چیت سەر و تشت

پشت-ئ نادین دو ھەزار خەنجەر و تیر و رم و خشت

مە سەری دانیە رێ و ب خودێ بەستیە پشت”

Share

پوستێن ھەمان بەش