وەزیرێک بەڕادەی 10 وەزارەت؛ ئۆجەلان، خۆش جوامێر!!

وەزیرێک بەڕادەی 10 وەزارەت؛ ئۆجەلان، خۆش جوامێر!!

بیهێنە بەرچاوت سەرۆکی جەهەپە بڵێ ئێمە و کورد دەمانهەوێت جیرانەتییەکی باش لەگەڵ براکانمان لە ڕۆژئاڤا دابمەزرێنین و کەچی ئۆجەلانیش بە ئیلهام ئەحمەد و مەزڵووم عەبدی دەڵێت: “سووریا دەبێ یەکگرتوو بێت، بڕۆن بۆ دیمەشق و هەموو شتێک ڕادەست بکەن”.

“توندوتیژی لە کۆمەڵگادا بێ ئەخلاقییە، ئەمەیە کە ئازارم دەدات، هەتا ئەو دەورانەی کە قۆناغی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێدەپەڕێنین، بەڵێن دەدەم پرسی توندوتیژی بەتایبەت لەسەر ژنان چارەسەر بکەم، بەڵێن دەدەم بە ئەندازەی 10 وەزارەت کار بکەم”.

ئەم قسانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بە شاندی دەم پارتی گوتراوە.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئۆجەلان لە دیمەشق باسی قارەمانێتی خۆی بۆ کادیرە ژنەکانی پەکەکە دەکرد، لە کاتی مەشق و ڕاهێنانەکاندا دەیگوت: “من کە بچووک بووم، کۆترم دەگرتن” و ستایشی ئەم کارەی خۆی بۆ ژنان دەکرد. واتە گرتنی کۆترێکی بەستەزمانی بە ئازایەتی و جوامێری خۆی بە ژنان دەفرۆشتەوە.

بەڵێ، جەنابیان ئەمڕۆکەش هاتووە و هەمان شت دەڵێت؛ ئۆجەلان دەڵێت: “بەڵێن دەدەم بە ڕادەی 10 وەزیر کاربکەم بۆ ئەوەی کە ندوتیژی دژی ژنان چارەسەر بکەم”. عەودەڵا بەم شێوەیە دەیهەوێت وەک پاڵەوانێک و ڕزگارکەرێکی ژنان لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی و وەک ئەخلاقناسێک، خۆی پێشکەش بە ژنان بکات.

ئۆجەلان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی گوتوویەتی: “توندوتیژی لە کۆمەڵگادا و بەتایبەتی بەرامبەر بە ژنان لە دەرەوەی ئەخلاقدایە، دەبێت ڕێوشوێن بگیرێتەبەر”، بە واتایەکی تر وەک ئەوەی کەسێک بڵێت: “من ماندوو بووم، پێویستم بە ئاو خواردنەوەیە”.

حیکایەتی ئۆجەلان و باسەکانی سەبارەت بە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا چۆناوچۆن هاتە ناو ڕۆژەڤی پرۆسەی ئاشتییەوە؟ دەیهەوێت چی بڵێ؟ ئایا لۆژیکییە کە چارەنووسی پرسی کورد بۆ ئاستی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا کەم بکرێتەوە؟

بەڵێن دەدەم بە ئەندازەی 10 وەزارەت کار بکەم

ئۆجەلان دەڵێ: “تا ئەو دەورانەی کە پرۆسەی ئاشتی چارەسەر دەکەم و قۆناغی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تێدەپەڕێنم، من پرسی توندوتیژییش چارەسەر دەکەم، بەڵێن دەدەم بە ڕادەی 10 وەزارەت کار بکەم”.

سەبارەت بەو چارەسەرەی کە 10 وەزارەت نەیانتوانیوە دابینی بکەن، ئۆجەلان دەڵێ چارەسەرەکە ئەمەیە: “من بەو کەسانەی کە گوێم لێدەگرن دەڵێم بەشێوەیەکی ئەخلاقی چەک لەدژی یەکتر دابنێن، نابێت وشەیەک بڵێن کە یەکتری ئازار بدەن، ناکۆکیەکان بە عەقڵ و دیالۆگ چارەسەر بکەن، من توندوتیژی لەناو خێزان، لەنێوان خێزانەکاندا، لەنێوان هۆزەکان و لەنێوان پێکهاتە و شارەکاندا ڕەتدەکەمەوە، بە نائەخلاقیی دەزانم”.

تەنها ئەوە ماوە ئۆجەلان بە کۆمەڵگە بڵێت: ژیربن، دەی دانیشن!.

ئایا ئەوەی کە ئۆجەلان و حیزبەکەی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە، ئەخلاقییە؟

هەرچەندە پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە دروشمی “کوردستانی گەورە، کوردستان یان نەمان و بەرخۆدان ژیانە”، دەستی بە تێکۆشان لە دژی دەوڵەتی تورکیا کرد، بەڵام ئۆجەلان زۆر زوو تەسلیم دەبێت و دەبێتە یەکێک لە پیاوە هەرە خوەشخزمەتەکانی دەوڵەتی تورک.

ئۆجەلان ئەوەندەی خزمەتی دەوڵەتی تورکی کردووە، قەد قەد نیو ئەوەندە خزمەتی گەلی کوردی نەکردووە، بەپێچەوانەوە پەکەکەشی لە ڕێبازی کوردایەتی دوورخستەوە و دروشمی “یا کوردستان یا نەمان”ی گۆڕی بۆ “برایەتی گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” و ئەمڕۆکەش دایبەزاندووە بۆ ئاستی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و بچووکتری کردۆتەوە.

ئایا فریودانی 50 هەزار کچ و کوڕی گەنجی کورد بە ناوی خۆشەویستی بۆ کوردستان و بەکوشتندانیان لە پێناو دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتێکی داگیرکەردا، کارێکی ئەخلاقییە، یان لە دەرەوەی پێوەرە ئەخلاقییەکانە؟

ئایا کاولکردنی باکووری کوردستان و دەربەدەرکردنی بێ ئامانجی ملیۆنان کورد، ئەخلاقییە؟

ئایا کاتێک ئۆجەلان گەڕندرایەوە بۆ تورکیا و لە ناو فڕۆکەکەدا تەسلیم بوو و بە ئەفسەرانی “میت”ی گوت: “دایکم تورکە و ئامادەم خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم”، ئەخلاقییە؟

کورتولموش: ئۆجەلان، خوەش جوامێرە!!

ئۆجەلان زیاتر لە جارێک تەسلیم بووە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە گەلی کورد و دۆزی کوردستانی تەسلیم کردووە و ئۆجەلان بە زاری خۆی پێشنیاری ئەم ئەرکەی بە تورکیا کرد.

دوای 42 ساڵ شەڕ و پێکدادان، ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەمساڵدا بە قاتێکی شینی لێڵ و تیشێرتێکی هەنارییەوە دەرکەوت و پارچە کاغەزێکی بەدەستەوە بوو و بە پەکەکەی گوت: “چەکەکانتان دابنێن، خۆتان هەڵبوەشێننەوە، کاتتان بەسەرچووە”.

گوتی: “ئامانجی ئێمە تورکیایەکی بەهێزە، خۆسەری (ئۆتۆنۆمی)، خۆبەڕێوەبەری، فیدراڵیزم و نەتەوە و دەوڵەتداری کاری کورد نین، ئەوانە چارەسەر نین، بەڵکوو بەهێزکردنی تورکیا چارەسەرە”. ئایا بەڕاستی ئەمە فڕی بە ئەخلاقەوە هەیە؟

لە 27ی شوباتەوە ئۆجەلان نزیکەی 10 دیدار و تێلەکۆنفڕانس و پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە و لە هەموویاندا نەک هەر یەک داواکاریی بۆ نەتەوەی کورد نەکردووە، بەڵکوو لە ڕاستیدا تەنانەت ناوی کورد و کوردستانیشی بە زماندا نەهاتووە. وەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتولمۆش، هەفتەی ڕابردوو دوای سەردانی کۆمسیۆنەکەی پارلمان بۆ ئیمرالی، وتی: “ئۆجەلان داوای هیچی نەکردووە، تەنانەت داوای بە فەرمیکردنی زمانی کوردیشی نەکردووە”. تەنها ئەوەندە مابوو کە کورتولموش بڵێت: وەڵاهی ئەو زەلامە خوەش جوامێرە!!

بۆچی خەڵک پێشوازی لە پرۆسەکە دەکەن؟

بیهێنە بەرچاوت سەرۆکی جەهەپە بڵێ ئێمە و کورد دەمانهەوێت جیرانەتییەکی باش لەگەڵ براکانمان لە ڕۆژئاڤا دابمەزرێنین و کەچی ئۆجەلانیش بە ئیلهام ئەحمەد و مەزڵووم عەبدی دەڵێت: “سووریا دەبێ یەکگرتوو بێت، بڕۆن بۆ دیمەشق و هەموو شتێک ڕادەست بکەن”. بەڕای ئێوە کێ ئەخلاقی هەیە و کێ بێئەخلاقە؟!

ئۆجەلان ئەمڕۆکە هاتووە و دەڵێ: “توندوتیژی ناو کۆمەڵگە ئازارم دەدات”! ئەدی بۆچی تەنانەت جارێکیش لەسەر شەهیدبوونی 50 هەزار گەنجی کورد نەیگوت ئازارم دەدات؟

سەرەتای پڕۆسەیەک کە بە پڕۆسەی ئاشتی ناودەبرێت و دەوڵەتی تورک پێی دەڵێت “تورکیای بێ تیرۆر”، لە ئەسڵ و جەوهەری خۆیدا “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرە”. تەنانەت ئەگەر گەلی کوردیش پێشوازیی لەو هەنگاوە کردبێت، تەنها بۆ یەک مەبەستە و ئەویش کۆتایی هێنانە بەو بێ ئەخلاقییەی کە ئۆجەلان و حیزبەکەی ماوەی 40 ساڵە دژی گەل ئەنجامی دەدەن، بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی بێ ئامانجی لاوانی کورد و بۆ ئەوە پیشوازیی لێدەکەن تا گەلی کورد بتوانێ تاڕادەیەک لە بەڵای پەکەکە و ڕق و قین و نەفرەتی ئۆجەلان، ڕزگاری بێت.

Share

پوستێن ھەمان بەش