زە ئیکۆنۆمیست: دانوستانەکانی ئاشتی تورکیا و پەکەکە ڕاوەستاوە

زە ئیکۆنۆمیست: دانوستانەکانی ئاشتی تورکیا و پەکەکە ڕاوەستان

زە ئیکۆنۆمیست: “ئایندەی پرۆسەکە بۆ نزیکەی 15 ملیۆن کورد لە تورکیا و ملیۆنان کورد لە سووریا نادیارە”.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی زە ئیکۆنۆمیست، هەرچەندە پڕۆسەی ئاشتی بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانی زیاتر لە 40 ساڵی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەهۆی چاوەڕوانی لایەنەکان لەو هەنگاوانەی کە لایەنی بەرامبەردا دەیانگرێتەبەر، گەیشتووەتە خاڵێکی جددییەکی بێچارەسەر.

بەگوێرەی شیکارییەکەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست، هەرچەندە لە چەند مانگی ڕابردوودا دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا جووڵەی بەپەلەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام پێدەچێت پرۆسەکە لەم قۆناغەدا وەستابێت. گۆڤارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی کۆتایی پرۆسەکە، کۆتاییهێنانە بە پێکدادانێکی نزیکەی 40 ساڵەی نێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و پەکەکە.

لە کۆتاییەکانی مانگی مژداردا، کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی چاودێریکردنی پرۆسەکە لە پارلمانی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمرالی بەڕێوەچوو. ئەو هەنگاوە وەکوو “هەنگاوێکی مێژوویی” هاتەئەژمار و ستایشی کرا. چەند هەفتەیەک بەر لە کۆبوونەوەکە، پەکەکە ڕایگەیاندبوو کە گوریلاکانی خۆی لە تورکیا کشاندۆتەوە.

زە ئیکۆنۆمیست: دانوستانەکانی ئاشتی تورکیا و پەکەکە ڕاوەستاوە

لایەنەکان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە کێ دەبێ هەنگاوی یەکەم بنێت

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست، پرۆسەکە وەستاوە، چونکە هەر لایەنێک چاوەڕێی ئەوە دەکات کە لایەنی بەرانبەر هەنگاوی یەکەم هەڵبگرێت. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، پاش ئەوەی کە پەکەکە بەتەواوی چەکی دانا، ئەوکات دەکرێت هەنگاوەکانی وەک لێبوردن تاوتوێ بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا ئەگەری لێبوردن بۆ ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و هەندێک کەس کە بە تۆمەتی “تیرۆر” لە تورکیا زیندانیکراون، نیقاشی لەسەر ناکرێت. بەڵام پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە تا ئەو کاتەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت کە لە ساڵی 1999ـەوە زیندانی کراوە، هیچ هەنگاوێکی نوێ هەڵناگرێت.

ئازادکردنی ئۆجەلان دەتوانێ کاردانەوەی نەتەوەپەرستەکانی تورکی لێبکەوێتەوە

گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کەشوهەوای سیاسیی ئێستادا، ئازادکردنی ئۆجەلان “نا واقیعییە”. ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاپرسییەکانی بیروڕای گشتی دەریدەخەن کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای تورکیا دژی بەشداری چالاکانەی ئۆجەلان لەو پرۆسەیەدان. هەروەها دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نایهەوێت ڕیسکی کاردانەوەی نەتەوەپەرستەکانی تورک قبووڵ بکات.

دۆسیەی دەمیرتاش لەسەر مێزەکەیە، بەڵام لە زیندانە

زە ئیکۆنۆمیستی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکرێت “ژێستێکی نیازپاکی” بێت کە کەمتر مشتومڕی لەسەرە، بەڵام ئەردۆغان لەم بژاردەیەش دوودڵە. ئاماژە بەوەشکراوە، دەمیرتاش کە لە ساڵی 2016ـەوە لە زینداندایە، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی، کەچی هێشتا هەر لە زینداندا ماوەتەوە.

ناکۆکی ئەردۆغان و باخچەلی پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەکات

شیکردنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی ئاشتی ناکۆکی لە نێوان ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەشدا هێناوەتە ئاراوە. باخچەلی پشتیوانی لە پرۆسەکە و ئازادکردنی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد دەکات، لەوانە دەمیرتاش، بەڵام ئەردۆغان دەیهەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی دوور بخاتەوە ئەگەر پرۆسەکە شکستی هێنا. بەگوێرەی گۆڤارەکە، باخچەلی دەیهەوێت ئاشتی وەک میراتی سیاسی خۆی ببینێت، بەڵام بۆ ئەردۆغان پرۆسەکە زیاتر ئامرازێکی پراگماتیکە.

ڕەهەندی سوریا نیگەرانییەکان زیاتر دەکات

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست دەنووسێت ئەنقەرە هیوای خواستبوو کە چەکدانانی پەکەکە کاریگەری لەسەر هێزە کوردییەکانی سووریاش هەبێت، بەڵام هێشتا ئەم هیوایە نەهاتۆتە دی. ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کە تورکیا وەکوو هێزێکی سەر بە پەکەکەی دەزانێت، سەرەڕای ڕێککەوتنی تێکەڵبوونیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، بە سەرنجەوە مامەڵە دەکەن، ئەمەش نیگەرانییەکانی ئەنقەرە زیاتر دەکات.

“ئێمە چووینە ناو مەترسیدارترین قۆناغەوە”

هەرچەندە دەوترێت ئەم هەموو هاوسەنگییە ئاڵۆزانە ئیدارەدانی دانوستانەکانی نێوان حکومەت و پەکەکە قورس دەکات و نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش لەبارەی پارتی دەسەڵاتدارەوە دەڵێت، “ئێمە چووینەتە مەترسیدارترین قۆناغەوە”. بەڵام سیاسەتمەدارانی کورد دەڵێن پڕۆسەکە بە تەواوی شکستی نەهێناوە. هەروەها لە وتارەکەدا لە زاری تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان “دەم پارتی” (DEM)ـەوە هاتووە کە “سەرەڕای کەموکوڕییەکان، پرۆسەکە هێشتا بەردەوامە”.

گۆڤارەکە شیکارییەکەی خۆی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئایندەی پرۆسەکە بۆ نزیکەی 15 ملیۆن کورد لە تورکیا و ملیۆنان کورد لە سووریا نادیارە، کۆتایی پێهێناوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش