دۆزی کورد لە سوریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە

دۆزی کورد لە سوریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە

مەسەلەکە ئەوە نییە کە کورد چۆن مانەوەی خۆی دەپارێزێت، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن ئەم مانەوەیە دەکات بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی هەمیشەیی.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

دۆزی کورد لە سووریا قۆناغی پاراستنی کاتی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تێپەڕاندووە. ئەم دۆزە لەئێستادا پرسیارێک لەسەر جەوهەری هەبوونی نەتەوەیی دەوروژێنێت، لە سەردەمێکدا کە نەخشەی دەوڵەتان لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە.

کوردی ئەمڕۆ کۆمەڵێک کۆچبەر نین کە بەدوای پەناگەدا بگەڕێن، بەڵکوو بۆخۆیان خاوەنی خاکن، خاوەنی ئەزموون و ڕێکخستن و دامەزراوە و هێز و دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراون. بەڵام بەداخەوە ئەم هەبوونە هێشتا چاوەڕێی دانپێدانانە و لە نێوان هێز و دەسەڵاتی هەبوو و مافە یاساییەکاندا، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

پێکناکۆکییە گەورەکە ئەوەیە کە کورد بوو کەوا ڕێگری لە تەشەنەکردنی تیرۆر و داڕمانی کۆمەڵایەتی کرد، بەڵام ئەم ڕۆڵە نەبوو بە هۆکارێک بۆ وەرگرتنی شوناسی سیاسی. دونیای دەرەوە دەرگای ئاسایشی بۆ کردینەوە، بەڵام دەرگای سیاسەت هێشتا داخراوە.

ئەوان ئێمەیان وەک پێداویستییەک دەبینن نەک وەکوو هاوپشکێک. ئەم ڕوانگەیە هەڕەشەیەکی ستراتژیکە بۆ ئێمە، چونکە لەگەڵ گۆڕینی بەرژەوەندییەکاندا، کورد دەکرێتە قوربانی.

ئاشکرایە کە لە کولتوری دەوڵەتداریدا، هەر دەسەڵاتێک یاسایی نەبێت، دەبێتە بارگرانی و هەر هەبوونێک کە دانیپێدانەنرێت، هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر چەک و هێزیشی هەبێت.

کورد لە سووریا لە ناو چەقی ئەم ئاڵۆزییانەدایە. خاکی هەیە، بەڵام خاکی بێ تاپۆ ناپارێزرێت. دامەزراوەی هەیە، بەڵام بە بێ دەستوورهێشتا هەر بێ دەسەڵات و پێشوەختەیە.

مەترسی کوشندە ئەوەیە کە پرۆژەکەی ئێمە وردە وردە لە ناوەڕۆکەوە لەناو دەچێت نەک بە هێرشی سەربازی.

پشتیوانی ئەمریکا باشترین نموونەی ئەم سەردەمی هەبوونەیە، بەڵام پشتیوانییەکە ئەگەرچی لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزە بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لاوازە.

ئەمەش لە دۆخێکی چەقبەستوودا بەجێمان دەهێڵێت. ئێمە ئەمڕۆ لە حاڵەتێکی بەهێزیدا دەژین، بەڵام داهاتوومان نادیارە. مێژووی ئێمە پڕە لە باجی ئەم چاوەڕوانییە.

لە لایەکی تریشەوە پرسی کورد هێشتا نەبووەتە پرۆژەیەکی سیاسی دانپێدانراو، هەر ئەمەش وایکردووە دەوڵەتانی ناوچەکە، بەتایبەتی تورکیا، وەک هەڕەشەیەک سەیرمان بکەن، نەک وەکوو دراوسێ یان هاوبەش.

تا ستاتۆیەکمان نەبێت لە قۆناغی بەرگریدا دەمێنینەوە و ناتوانین ببینە خاوەن دەستپێشخەری.

گرێ کوێرەی مەسەلەکە ئەوە نییە کە کورد چۆن مانەوەی خۆی دەپارێزێت، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن ئەم مانەوەیە دەکات بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی هەمیشەیی.

وەڵامەکە لە گوتاردایە: با نەڵێین ئێمە فاکتەری ئارامیین، با بڵێین ئێمە خاوەنی مافین.

ئاشتی وئارامی ئەرکێکە کەوا بە پاسەوانەکان دەسپێردرێت، بەڵام ماف ناسنامەی خاوەن ماڵەکانە.

پرۆژەی نەتەوەیی دەبێت هێزی سەربازی بخاتە خزمەت ئامانجە سیاسییەکان، نەوەک بە پێچەوانەوە.

سیاسەتی عەقڵانی کوردی، شەڕی بێ ئامانج نیە، بەڵام سەرشۆڕییش نیە.

شەڕی بێ پلان، قومارکردنە بە چارەنووسی گەلێک و سازانیش تەسلیمبوونێکی بێدەنگە.

ڕێگای سێهەم ئەوەیە کە بە عەقڵێکی ساردەوە، بەرژەوەندییەکانمان پێناسە بکەین و هاوپەیمانیەکانمان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسی و نووسراوەوە بکەین نەک بە بەڵێنی زارەکی.

مەترسی هەرە گەورە لەسەر کوردەکانی سووریا، مانەوەیانە لەم قۆناخە کاتییەدا

کاتێک ئیمان بە داهاتوو نەما، دەستکەوتەکان دەبنە بیرەوەری و تێکشکان لە ناو دڵی مرۆڤدا دەست پێدەکات، لەوکاتەدا نەبوونی ئیرادە لە هەموو چەکێک خراپتر هەبوونی ئێمە دەهەژێنێت.

بەکورتی و کورمانجی، کورد لە سووریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە، ئامرازەکانی هێز لەبەردەستدان، بەڵام هێز بە تەنیا ماف دروست ناکات.

ئەوەی کە ئێمە پێویستمان پێی هەیە، بڕیارێکی نەتەوەیی ڕوونە بۆ ئەوەی دوورهێڵ بکاتە یاسا و تاقیکردنەوە بکاتە داهاتوو.

مێژوو سزای گەلان نادات لەسەر لاوازیەکانیان، بەڵکوو لەسەر دەرفەتە لەدەستچووەکانیان، سزایان دەدات.

ئێمە لە ناو دەرفەتێکداین و تۆپەکە هێشتا لە گۆڕەپانی ئێمەدایە.

Share

پوستێن ھەمان بەش