هونەری ئۆجەلان زیادکردنی مەرگە؛ “لەعنەت لە بەبێ سەرۆک ژیان نابێ”!!

ئۆجەلان بە دایکی عەسکەرە کوژراوەکانی تورکیا دەڵێت: “من نامەوێت چیتر دایکێکی دیکە شیوەن بگێڕێت”، بەڵام بە یەک وشە باس لە دایکی گەریلا شەهیدەکان ناکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە، لە دوایین پەیامی خۆیدا کە بۆ کۆنگرەی 4ی کۆمەڵەی پشتیوانان و ئالیکارانی ئەو بنەماڵانەی کە کەسوکارەکانیان لەدەستداوە، ناردوویەتی دەڵێ: من نامهەوێت چیتر دایکێکی دیکە شیوەن بگێڕێت.
ئەمە جاری یەکەم نیە کە ئۆجەلان خەمگینی خۆی بۆ کوژرانی عەسکەرەکانی دەوڵەتی تورک ڕادەگەیەنێت و داوای لێبووردن لە بنەماڵەی عەسکەرە کوژراوەکانی تورکیا دەکات، ڕێبەر ئاپۆ پێشتریش لە داگای تورکیادا لە هەمبەر دایاکنی عەسکەرە کوژراوەکانی تورکیا، ئەو عەسکەرە تورکانەی کە لە شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا لەلایەن گەریلاکانەوە کوژرابوون گوتووی: “پێویستە من لە بەرانبەر بنەمالەی ئەو شەهیدانەدا بڵێم، من خۆم بە شەریکی ئەو ئازارە دڵتەزێنە قورسە و ئەو ناخۆشییەی ئێوە دەزانم و خۆم بە هاوبەشی خەم و پەژارەی بنەماڵەی شەهیدان [عەسکەرە کوژراوەکانی تورکیا] دەزانم و دڵگرانم و هاوکات بەڵێن دەدەم کە بە کردەوە کار بۆ برایەتی بکەم”.
ئۆجەلان لەو کاتەدا کە داوای لێبوردنی لە دایکی عەسکەرە کوژراوەکانی تورکیا کرد، ئامادە نەبوو کە بە تاقە یەک وشەش داوای لێبووردن لە دایکانی گەریلا شەهیدەکان بکات.
ئۆجەلان ئەمڕۆش دیسان هەمان قسە دەکات و بە دایکی عەسکەرە کوژراوەکانی تورکیا دەڵێت: “من نامەوێت چیتر دایکێکی دیکە شیوەن بگێڕێت”.، بەڵام دیسانیش ئامادە نەبوو بە یەک وشە باس لە دایکی گەریلا شەهیدەکان بکات.
ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ: “لەم قۆناغەدا خەبات بۆ ئازادی، هونەری زیادکردنی مەرگ نییە، بەڵکوو هونەری ڕێکخستنی ژیانە”.
لەو کاتەوە کە شەڕی چەکدارانەی نێوان پەکەکە و تورکیا دەستیپێکردووە، ئۆجەلان و حیزبەکەی سیاسەتی “هونەری زیادکردنی مەرگ”یان لەسەر کچان و کوڕانی لاوی کورد پەیڕەو کردووە و سەرەڕای فریودان و ڕفاندن و شۆردنەوەی مێشکیان، ئۆجەلان حیزبەکەی بە هەزران لاوی کوردیان بەرەو مەرگ پاڵ پێوە ناوە و لاوانی کوردیان بە سزاواری مەرگ دەزانی. ئەوان مەرگیان بە پیرۆز دادەنا و ژیانیان ڕەش دەکرد و بەردەوام بە لاوانی کوردیان دەگوت: “ئێوە بۆ ئەوەی بژین، دەبێ بمرن”.
پەکەکە لە ژێر دروشمی نەفرەتی “بێ سەرۆک ژیان نابێ”دا، بەدەیان هەزار لاوی کوردی بەکوشتن داوە، کەچی ئەمڕۆکەش ئۆجەلان هاتووە و بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە دەڵێ: “خەبات بۆ ئازادی، هونەری زیادکردنی مردن نییە”!!.
لە ڕاستیدا ئۆجەلان لەو قسەیەیدا ڕاست دەکات، بەڵام بۆ تورک، نەوەک بۆ کورد، چونکە 43 ساڵە لاوانی کورد بە سیاسەتی زیادکردنی مردن دەئاژوون و لە کۆتاییدا هەموو شتێکیان لە ژێر ناوی پڕۆژەی “تورکیای بێ تیرۆر”دا فرۆشت.
ئەوەی کە ئۆجەلان نایەوێت چیتر دایکی چەکدارانی دەوڵەتی تورک شیوەن بگێڕن، بەتەواوی بەپێچەوانەی ئەمەی بۆ دایکانی گەریلاکان دەوێت. پەکەکە هەتا ئێستاش، ڕۆژانە ناسنامەی پۆلێک لەو گەریلایانە لە میدیاکانی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە کە گیانیان لەدەستداوە و ڕۆژانە لە دەیان ماڵی کوردستاندا شیوەن بەرپا دەکرێت و جەرگی دەیان دایباب دەسووتێت.