هێرشکردنە سەر لەیلا زانا، هێرشکردنە سەر ژنێک نییە، بەڵکوو هێرشکردنە سەر نەتەوەیەکی بندەستە

لەیلا زانا کرایە ئامانج چونکە هێشتا زیندووە، هێشتا ڕەمزێکە و خۆی نەدۆڕاندووە و قەد ئامادە نەبووە لە هەمبەر فاشیزمی تورکدا سەر نەوی بکات.
لە کاتی یاری تۆپی پێی نێوان سۆماسپۆر و بورساسپۆڕ لە ڕێکەوتی 17ی دیسەمبەردا، بەشێک لە لایەنگرانی بورساسپۆڕ “دروشم”ی پڕ لە بێڕێزی و سووکایەتییان لە دژی سیاسەتمەداری کورد، خاتوو “لەیلا زانا” بەرزکردەوە. دواتر لە 19ی دیسەمبەردا، جارێکی دیکە لایەنگرانی ئەنقەرەسپۆر لە کاتی یاری نێوان ساریەر و ئەنقەرەسپۆردا، ئەو دروشمە نەشیاوانەیان لە دژی لەیلا زانا دووبارە کردەوە.
سەیر لەوەدایە کە لە ڕۆژی یەکەمدا میدیای پەکەکە هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر بەم بابەتە نەبوو و هیچ هەواڵێکی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردەوە. دوای ئەوەی کە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو بە ڕۆژەڤ و گەلی کورد ناڕەزایی خۆی دەربڕی، ئەوسا میدیای پەکەکە کەوتو جووڵە، بەڵام خۆزگە هەر بێدەنگ بووایە و هیچی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردباوە، چونکە پەکەکە دەیهەوێت هێرشکردنە سەر لەیلا زانا، تەنها وەک هێرشێک بۆ سەر ژنان وێنا بکات، بەڵام لە واقیعدا ئەو هێرشە، هێرشێک بۆ سەر هەموو نەتەوەی کورد بوو.
چونکە ئەوەی لە یاریگای تۆپی پێ، لە دژی لەیلا زانا ڕوویدا، تەنها “بێ فەرهەنگیی تەماشاوان” یان “هەیەجانێکی کاتی” نەبوو؛ بەڵکوو دەنگی فەرمیی فاشیزمی تورک بوو کە لە وەرزشدا دەرکەوت. یاریگاکە تەنها ئەو شوێنەیە کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە، تاوانی ڕاستەقینە لەو عەقڵیەتەدایە کە ڕەوایەتی بە ڕق و نەفرەت بەرامبەر بە کورد و ژن و ئازادی دەدات و بە شانازییەوە هاواری دەکات.
هێرشکردنە سەر لەیلا زانا هێرشکردنە سەر ژنێک یان ناوێک نییە؛ بەڵکوو هێرشکردنە سەر مێژووی بەرخۆدان، زمانێکی سەرکوتکراو و جەستەی ژنێکە کەوا بوێری ئەوەی هەبووە بەرامبەر بە فاشیزمی تورکیا بوەستێتەوە و سەری دانەنەواندووە. ئەم ڕق و قین و نەفرەتە بە ڕێکەوت نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی ساڵانێک ئینکارکردن و زیندانیکردن و زەلیلکردن و درۆ و چەواشەکاری دەوڵەتی تورکە. ئەوانەی کە ئەمڕۆ ئەم دروشمانە دەڵێنەوە، دوێنێ گرتووخانەیان دروست دەکرد و سبەینێ دیسان دەست بە کوشتاری بکەر نادیار دەکەنەوە.
بێدەنگی دامەزراوەکان و لێدوانی بێباکانە و ژێستە ئەخلاقیەکان هاوکارییەکی ڕوونی ئەم تاوانەن. ئەو ڕق و کین و نەفرەتەی کە بێ سزا دەمێنێتەوە، گەشە دەکات.
لەیلا زانا کرایە ئامانج چونکە هێشتا زیندووە، چونکە هێشتا ڕەمزێکە و چونکە هێشتا خۆی نەدۆڕاندووە.
ئەمە تەنها سووکایەتییەک نەبوو بە لەیلا زانا؛ ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕێک بوو دژی کەرامەتی مرۆڤ و هەرکەسێک بیهەوێت بە ئاسایی پیشانی بدات، هاوبەشە لەو کردەوە قێزەونەدا.
ئەم هێرشە تەنها هەر هێرشێک نەبوو بۆ سەر لەیلا زانا، تەنها هێرشێک نەبوو بۆ سەر ژنان وەک پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکوو لەڕاستیدا هێرشێک بوو بۆ سەر کورد بە گشتی، لە کەسایەتی لەیلا زانا.