دەرکەوتەی هەڵوەشانەوەی پەکەکە: 30 ئاڵای حزبی نابێت بە یەک ئاڵای کوردستان

دەرکەوتەی هەڵوەشانەوەی پەکەکە: 30 ئاڵای حزبی نابێت بە یەک ئاڵای کوردستان

ئەگەرچی پەکەکە خۆشی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام عەقڵییەتەکەی لەناو نەچووە و هەڵوێست ڕوانگەکانی هێشتاش هەر لە دژی کورد و کوردستانن.

ڕێکەوتی 17ی کانوون، ڕۆژی ئاڵای کوردستانە. ئاڵای کوردستان بە قۆناخێکی سەخت و دژواردا تێپەڕ بێت کە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کەوا لە باکووری کوردستان وەرگیرا. هەرچەندە لە ڕەشنووسەکانی ئێمەدا ڕەنگە هێمایەکی هاوشێوەی ئاڵای ڕەنگین هەبێت، بەڵام ئەو ئاڵایەی کە ئێمە بە مانای مۆدێرنەکەی بەکاری دەهێنین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1919. ئاڵای ڕەنگین لە سەرهەڵدانی ئاگری، لە سەرهەڵدانی شێخ سەعید و لە مەهاباد هەڵکرا. بۆیە ئەگەر ئاڵای ڕەنگین ڕەت بکرێتەوە واتای وایە کە سەدەیەک مێژووی کوردیش ڕەتدەکرێتەوە. وەکوو پەکەکە… بەڵێ، بە ڕەتکردنەوەی ئاڵای ڕەنگین، تەنانەت بە نیشاندانی دوژمنایەتی لەهەمبەر ئاڵای کوردستان، پەکەکە بەشێکی گرنگ لە مێژووی کورد و دەستکەوت و قوربانییەکانی بەرخۆدانی نەتەوەی کورد لە سەدەی بیستەمدا ڕەتدەکاتەوە.

ئەگەرچی پەکەکە خۆشی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام نابێ ئەو دژایەتیانە لەبیر بکەین و پێویستە بەردەوام سەبارەت بەو کردەوانەی دژ بە ئاڵای کوردستان بدوێین و بنووسین. ئەگەرچی پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە، بیر و ڕامانەکانی لەناو نەچوون. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە ئەو برین و زیانانەی کە پەکەکە لە ڕێگەی چەمکەکانی وەک تێکۆشانی ئیدئۆلۆژیک و پارادایمی نوێ و تەڤگەری ئازادی و شۆڕشی زیهنییەوە لەسەر عەقڵ و هۆشی کورد و سۆسیۆلۆژیی کورد دروستیکردووە، یەک بە یەک ئاشکرا بکرێن و ڕەخنەیان لێ بگیرێت. بەکورتی “پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هەڵوێستی دوژمنکارانەی خۆی بەرامبەر بە شوناسی کورد و سیمبولەکانی کوردستان هەڵنەوەشاندۆتەوە”.

پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، چوار جار ڕاستەوخۆ هێمای خۆی گۆڕیوە، ناوی خۆی گۆڕیوە، بە دەیان ئاڵا و پانکارت و سمبول و دامەزراوە و ڕێکخراوی دروست کردووە و هەموو شتێکی قبووڵ کردووە. هەموو ڕەنگەکانی قبووڵ کردووە، بەڵام قەد ئاڵای کوردستانی قبووڵ نەکردووە. هەرچەندە ناوبەناو ناچار بووە بەکاری بهێنێت، بەڵام ئاڵای کوردستانی هەم وەک ڕکابەر و هەم وەک دوژمن سەیر کردووە.

سەرەتا هەوڵیدا بێ بەها و بێ مانای بکات. ئاڵای ڕەنگینی کوردستانی بە ئاڵای پەدەکە و ئاڵای بارزانی و ئاڵای باشوور پێناسە کرد. پاشان بەشێوازێکی ئایدیۆلۆژی و چەپگەرایانە، دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر ئاڵای کوردستان بە وشەی وەک سیمبولی ناسیۆنالیزم و دواکەوتویی و هتد… دەردەبڕی. ئەمەی نەک تەنها لەژێر ناوی پەکەکەدا کردووە، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵات بە ناوی پژاکیشەوە ئەو کارە دەکات. لە سەردەمی “شۆڕشی ژینا”دا، کاتێک هەموو کورد یەکگرتوو بوون، پەکەکە ئاڵای کوردستانی ڕەتکردەوە و وتی: “ئەمە ئاڵای کۆماری کوردستان نییە کە لە مەهاباد هەڵکرا”. لە ڕۆژئاڤا بە ناوی “یەپەگە و تەڤ دەم”ـەمەوە هێرشیان کردە سەر ئاڵای کوردستان. لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی لە ساڵی 2014دا، لە شاری ڕمێڵان لە ڕۆژئاڤا، هێزەکانی یەپەگە ئەو کەسانەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە کەوا ئاڵای کوردستانیان بەرز کردبۆوە. لە باکوور و لە ئەوروپاشدا ئەو کەسانەی کە لە چالاکییەکاندا ئاڵای ڕەنگینی کوردستانیان بەرز کردبێتەوە، لەلایەن پەکەکەییەکانەوە پەلامار دراون و بە لایەنگری پەدەکە ناوزەد کراون.

پەکەکە و ئەندامەکانی ئاڵای ڕەنگینی کوردستان بە هێمای کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی ناودەبەن و لە ڕێپێوانەکاندا، وێنەی ئۆجالان بەرز دەکەنەوە، وێنەی ئۆجەلانیان لەسەر شاخ و زنارەکان کێشاوەتەوە پەکەکەییەکان وێنەکە ماچ دەکەن. تەنانەت مۆدێلێکی پێڵاوی مێکاپیشیان وەکوو هێمایەکی پیرۆز لە شانیاندا هەڵگرتبوو و دەیانگێڕا. بە واتایەکی تر، بە بڕوای پەکەکە، “خۆشەویستی ئاڵای ڕەنگینی کوردستان شتێکی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەیە، بەڵام خۆشویستنی وێنەی ئۆجەلان پێشکەوتنخوازانەیە؛ ڕێپێوان بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستانەوە وەکوو نەتەوەپەرستی لەقەلەم دەدەن و ڕێپێوانکردن بە وێنەی ئۆجەلانەوە بە ئازادیخوازانە دەزانن”. ئەمە دۆخی کۆمیک تراژیکی پەکەکەیە…

پەکەکە لە مێژووی 50 ساڵەی خۆیدا چوار جار ستراتیژی و ئایدۆلۆژیای خۆی گۆڕیوە، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری دوژمنایەتی بەردەوامی خۆی لەهەمبەر حەقیقەتی نەتەوەیی گەلی کورد نەبووە. پەکەکە ئێستاکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و ناوێکی نادیار و نەناسراوی هەیە، بەڵام بە دەستەواژەگەلی وەک “کۆمۆن، کۆموونار، ئەنتەگراسیۆن، ژودەنرات” و وشەی دیکە درێژە بە هەڵوێستی “دژە ـ کورد”ی خۆی دەدات.

ئیمکانی نیە پەکەکەیەک کەوا نە کوردە و نە کوردستانی، چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت کە چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لە باکووری کوردستان بدۆزێتەوە.

حیزبێک کە لەگەڵ بەها نەتەوەییە هاوبەشەکانی نەتەوەی کورددا ناکۆک و ناتەبا بێت، چۆن دەکرێ بە ناوی کوردەوە قسە بکات و هەر شتێک چارەسەر بکات؟ پەکەکەیەک کە ئینکاری کورد و کوردستان دەکات، خۆی بەشێکە لە کێشەکە نەک هێزێک بۆ چارەسەرکردن. پەکەکە بۆ پرسی کورد زیانی زیاتر بووە، نەک سوود.

بۆ نمونە، پەکەکە زیانی بە یەکێتی نەتەوەیی کورد گەیاندووە. ئەو خەڵکەی کە دەبێ لە دەوری ئاڵای کوردستان یەکبگرن و هەوڵ و چالاکیی هاوبەشیان هەبێت، لەسەر بنەمای دڵسۆزی حیزبییانە دابەش کراون؛ ئەوانەی کە بەرگری لە ئاڵای کوردستان دەکەن، کراونەتە ئامانج. ئەم ڕێبازە نەک هەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانی زیاد نەکردووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لاوازیشی کردووە.

ئێستاش، ساڵانێک بەسەر ئەم دوژمنایەتییە تێپەڕیوە… چی ڕوویدا؟ پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە. بەڵام ئاڵای ڕەنگینی کوردستان هێشتا بە سەربڵندییەوە دەشەکێتەوە… ئێستاکە گەلی کورد زیاتر لە جاران ئاڵای ڕەنگینی کوردستان دەپارێزێت و خۆشی دەوێت و لە ئامێزی دەگرن… کاتێک وەرزشوانان سەردەکەون، ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە. گەنجان بە ئاڵای وردستانەوە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن… سەرەڕای هەوڵی چوار دەوڵەتی داگیرکەر و پەکەکەشیان لەگەڵ، بەڵام ئاڵای کوردستان هەر شەکاوەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشاوەتر دەمێنێتەوە…

بەڵێ پەکەکە لە دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر بە ئاڵای کوردستان شکستی هێنا… بەڵام مەسەلەکە تەنها ئاڵا نییە، بەڵکووو مەسەلەکە کوردبوونە. هەرچەند پەکەکە خۆشی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام عەقڵییەتەکەی لەناو نەچووە و هەڵوێست ڕوانگەکانی هێشتاش هەر لە دژی کورد و کوردستانن.

Share

پوستێن ھەمان بەش