کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا

کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا

ئەگەر کورد ئەم قۆناغە بە باشی بخوێنێتەوە، جارێکی دیکە نابێتە قوربانیی مێژوو، بەڵکو دەبێتە یەکێک لە خوڵقێنەرانی مێژوو.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات، تەنها زنجیرەیەک ڕووداوی جیاواز نین، بەڵکوو دیزاینێکی قووڵ و سەرلەنوێیە بۆ سیستەمی ناوچەکە، دوای داڕمانی ئەو واقیعانەی کە بە دەیان ساڵە وەک بەڵگەنامە لێی دەرباز دەبوون.

دەوڵەتی ناوەندی بەرەو لاوازی دەچێت، بزاڤە چەکدارییەکان خۆیان بە شێوازێکی نوێ ڕێکدەخەنەوە و زلهێزەکانی جیهان چیتر بەدوای یەکلاییکردنەوەی شەڕەکاندا ناگەڕێن، بەڵکوو بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کە ئاڵۆزییەکان بە کەمترین تێچوو، ئیدارە بکەن.

کورد لە چەقی ئەم گۆڕانکارییەدایە نەک وەک لایەنێکی پەراوێزخراو، بەڵکوو وەک گرێیەکی جوگرافی و سیاسی و فیکرییە کە ناتوانرێت خۆی لێ بدزرێتەوە یان پشتگوێ بخرێت.

لە تورکیا ڕووداو و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی “دەم پارتی” تەنیا چالاکییەکی ئاسایی حزبی نین، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە ڕکابەریی کوردی ـ تورکی لە قۆناغی ئینکاری توندی ئەمنییەوە بەرەو قۆناغی “ئیدارەکردنی سیاسیی کۆنتڕۆڵکراو” دەڕوات. لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانێ تەنها لەسەر ڕێگاچارەی سەربازی بەردەوام بێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نایهەوێت وەکوو پرسێکی نەتەوەیی، بە تەواوی دان بە پرسی کورددا بنێت. هەربۆیە بەشیوەی سنووردار دەرگای سیاسیی دەکاتەوە و بە یاسا و دۆسیەی ئەمنی کۆنترۆڵی دەکات و بە بێ ئەوەی کە ئاسۆیەکی روونی دەستووری هەبێت، لێیدەگەڕێت. بێگومان ئەم جۆرە سیاسەتە بەدوای چارەسەری بنەڕەتیدا ناگەڕێت، بەڵکوو دەیهەوێ کە پرسی کورد پارچە پارچە بکات و بەسەر پرسی بچووکتری وەک هەڵبژاردنەکان و مافە ڕۆشنبیرییەکاندا دابەشی بکات، بەمەرجێک کە هەوڵدەدات ڕەهەندە نەتەوەییەکەشی بدزێت و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان دروست دەکات. چونکە بەشداری سیاسی بەبێ پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ڕوون، دەتوانێت لە ئامرازێکی خەباتەوە ببێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردن.

لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەکانی گرێدراوی “پەکەکە”، بە قۆناغێکی مێژوویی و هەستیاردا تێدەپەڕن، چونکە گواستنەوە لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ گوتاری سیاسی هێشتا لە ڕووی فیکرییەوە تەواو نەبووە و هێشتا کولتووری ڕێکخستنەکان (تەشکیلاتی) زاڵە بەسەر کولتووری کۆمەڵایەتیدا و ئەمەش کەلێنێک لە نیوان کادیری سیاسی و جەماوەریدا دروست دەکات. هەروەها ئەو مەسەلەیە دەوروژێنێت کە هەر دانوستانێک ئەگەر نەبەسترێتەوە بە سەقفێکی ڕوونی نەتەوەیی و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانەوە، ئەوا لە دژی خودی کورد بەکاردێت. هەروەها ئەگەر دەستکەوتی سیاسی بەرچاوی لەگەڵدا نەبێت، ئەوا چەکدانان هیچ قازانجێکی نابێت. ئەگەر ئەمانە ڕوونەدات، ئەوا دانوستان لە ئەنجامدا خەسارێکی ستراتژیکی درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە.

لە سووریا گوشارەکانی سەر کورد بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی نیشانەی ترسی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لە هەر نموونەیەکی سەرکەوتووی کورد، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەولەتی ناوەندی، چونکە نە تورکیا و نە ئێران و نە هەندێک لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان کیانێکی بەهێز و یەکگرتووی کوردییان ناوێت. چوونکە دەزانن کە سەرکەوتنی ئەو کیانە کوردییە، گۆڕانکاری لە پێناسەی سنوور و شەرعیەتدا فەرز دەکات. هەربۆیە هەمیشە داوا لە کورد دەکرێت پێش ئەوەی مافەکانیان جێگیربکرێت، ئەوان “تێکەڵ” بە دەوڵەتی ناوەندی ببن و پێش ئەوەی کە گەرەنتی وەربگرن، دەبێ سازش بکەن. لێرەد هەمان هەڵەی مێژوویی دوبارە دەبێتەوە: بەکارهێنانی کورد وەک ئامرازێکی ئەمنیی کاتی و دواتر پشتتێکردنی لەو کاتەی کە هاوسەنگییەکە دەگۆڕدرێت.

لە عێراقیش دۆخەکە بۆ کورد ئاڵۆزە، گەرچی حکوومەتی هەرێم هەیە، بەڵام لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە گەمارۆدراوە. هەرێم دەبێت بەردەوام شەرعیەتی خۆی بسەلمێنێت. بەغدا وەکوو پێویستییەکی کاتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت مامەلە لەگەڵ کورددا دەکات نەوەک هاوپشکێکی دەستووریی یەکسان.

ئێران کورد وەکوو کارتێک بۆ گوشار بەکاردەهێنێت، تورکیاش بۆ هۆکاری ئەمنی کورد بەکاردەهێنێت و ئەمریکاش هاوسەنگی دەپارێزێت، بەبێ ئەوەی کە پابەندبوونێکی درێژخایەنی هەبێت.

لەم سیناریۆیەدا، مەترسی لەدەستدانی هەرێم نییە، بەڵکو مەترسی ئەوەیە کە هەرێم لە ناوەڕۆکی نەتەوەیی خۆی بەتاڵ بکرێتەوە و ببێتە ئیدارەیەکی خۆجێی بەبێ ئەوەی خاوەن ئیرادە و بڕیاری سەروەری بێت.

ئێران بۆخۆی بە چاوی گومانی مێژووییەوە سەیری کورد دەکات، نەک هەر وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی تەعاموڵیان لەگەلدا ناکات، بەڵکوو وەک پۆتانسییەڵێک بۆ “پەتایەکی سیاسی” دەیبینێت. هەر بۆیەش سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی بێدەنگ بەکاردەهێنێت: نە شەڕی سەرتاسەری و نە دانپێدانانی ڕاستەقینە. هەر بزاڤێکی کوردی لەوێ لە چوارچیوەی ڕکابەرییەکی گەورە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاواییدا شرۆڤە دەکرێت و وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لێکدەدرێتەوە نەک وەک داواکارییەک بۆ ماف، هەربۆیە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر بزووتنەوەیەکی کوردی لەوێ، پێویستی بە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری ستراتژیک هەیە. لەبەر ئەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەبێ پشتیوانییەکی ناوچەیی یان ناوخۆیی، باجێکی قورسی دەبێت.

ڕۆڵی نێودەوڵەتی بەرژەوەندیخواز (پراگماتیک)ـە و لە هەمان کاتدا زۆر بێبەزەییە. ئەمریکا کورد وەک کارتێکی هاوسەنگی بەکاردەهێنێت نەک وەک پڕۆژەیەکی سیاسی. ڕووسیا بە شێوەیەکی تاکتیکی وەبەرهێنانیانی لەسەر دەکات و دواتر لەسەر مێزی گەورەتر مامەڵەیان پێوە دەکات. ئەورووپاش تەنها لە ڕووی ئەخلاقیەوە هاوسۆزە، بەڵام لە ترسی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکاندا لە ڕووی سیاسییەوە دوودڵە.

هیچ کەسێک لەم سیستەمە نێودەوڵەتییەدا ئامادە نییە پشتیوانی لە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی تەواو کوردی بکات، بۆیە دەبێ کورد بۆخۆی خۆی وەک قەوارەیەکی سەقامگیر و بەردەوام بسەپێنێت.

بزووتنەوە سەربازییەکانی ناوچەکە، چ ئیسلامی بن یان میلیشیایی، ڕۆڵێکی دوولایەنە دەگێڕن، لەلایەک وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی کورد بە ناوی ئاسایش و لە لایەکی دیکەشەوە لاوازی ئەو دەوڵەتانە دەردەخەن کە بانگەشەی سەروەری دەکەن. هەبوونی ئەو گرووپانە نیشانی دەدەن کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان، (عەرەبی، تورکی، ئێرانی) ئەو هێزانە نین کە بۆخیان ئیدیعای دەکەن.

دەرفەتێک بۆ کورد هەیە، بەڵام پێویستی بە بیرکردنەوەی ستراتژیک هەیە نەک کاردانەوەی هەستەکی.

لە ڕووی فیکری و فەلسەفیەوە، کورد ئەمڕۆ لە دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە، یان بەردەوام بێت لە کاردانەوە یان هەنگاونان بەرەو “کار و کرداری بە هزر”، چونکە نابێت کوردایەتی تەنها لە دروشم و چەک و بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە وەک پرۆژەیەکی شارستانی دابڕێژرێت: دەوڵەتی یاسایی، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، ئابوورییەکی سەربەخۆ، گوتارێکی سیاسی و عەقڵانی کە بە ئاسانی لەکارنەخرێت و نەتواندرێ پەلکێشی ناو شەڕی خەڵکی دیکە بکرێت.

ئەوەی ئێستا پێویستە یەکخستنی بنمیچ (سەقف)ی سیاسییە نەک یەکخستنی حزبەکان. ڕوونبوونی ئامانج بە واتای ئەوە نیە کە سبەینێ دەوڵەت ڕابگەیەندرێت، بەڵکوو بە واتای چەسپاندنی هزری مافی نەتەوەییە لە هەر دانوستانێک و گوتارێک و هاوپەیمانەتییەکدا.

تەعاموڵکردن لەگەڵ تورکیا دەبێ لە پێگەی هاوپشکی و شەراکەتی مەرجدارەوە بێت نەک پاشکۆیەتی، لەگەڵ بەغدا دەبێ لە پێگەی دەستورییەوە بێت نەک سازشکردن، لەگەڵ ئێران دەبی بە هۆشیارییەکی ستراتژیکی درێژخایەنەوە بێت و لەگەڵ زلهێزەکانی جیهانیش دەبێ بە زمانی بەرژەوەندییەکان بێت نەک هەست و سۆز.

قۆناغی داهاتوو داڕمانی ناوچەیی زیاتر و دانوستانی زیاتر لەسەر دەسەڵات و سنوور و هەژموونی بەخۆیەوە دەبینێت. جێگای کورد لەو قۆناغەدا بە دیاری پێی نادرێت، بەڵکوو دەبێ کورد بۆخۆی بە ژیری بەدەستی بهێنێت.

ئەگەر کوردایەتی لە حاڵەتێکی هەستەکی و سۆزدارییەوە نەگۆڕدرێت بۆ پرۆژەیەکی سیاسی عەقڵانی، جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی گشتیدا دەخرێتە موزایەدە و مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەڵام ئەگەر لەم گۆڕانکارییەدا سەرکەوتوو بن، ئەوا دەبنە یەکێک لەو نەتەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە عقڵێکی سارد و ئیرادەیەکی ڕوونەوە پێ دەنێنە چارەکی دووەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە.

ئەم سەرەمە، سەردەمی هۆشیارییە، نەک سەردەمی دروشمەکان. سەردەمی ئەم پرسیارەیە: ئێمە چیمان دەوێت، چۆنمان دەوێت، کەی و بە چ نرخێک؟

ئەگەر کورد ئەم قۆناغە بە باشی بخوێنێتەوە، جارێکی دیکە نابێتە قوربانیی مێژوو، بەڵکو دەبێتە یەکێک لە خوڵقێنەرانی مێژوو.

Share

پوستێن ھەمان بەش