لەسەر ئەو قسەیەی کە دەڵێ “کورد کەمینەیەکی کۆچبەرن لە سووریا”

هەموو بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوە دەردەخەن کە خاکی کوردستان لە ژێر هەلومەرجی سیاسی نوێدا دابەش بووە و بەشێکی خاکەکەی لە ناو سنوورەکانی سووریادا ماوەتەوە.
✍️ ماهر حەسەن
ئەو قسەیەی کە دەڵێت “کورد کەمینەیەکی ئاوارەیە لە سووریا” نەک هەر هەڵەیە، بەڵکوو بۆ مەبەستی لەناوبردن کراوە. ئەم قسەیە دەیهەوێت هەقێقەتی مێژوو بگۆڕێت، بەڵام ناتوانن.
خاک بۆخۆی شاهیدە، مێژوو شایەتحاڵە و بەڵگەکان شایەتحاڵن.
کورد نەک تەنیا بەشێکن لەو وڵاتە؛ بەڵکوو ئەوان خاوەنی بەشێک لەو سەرزەمینەن. کوردستانی سووریا بە ویست و حەزی خۆی لە کوردستان جیا نەکرایەوە، بەڵکو بە زەبری هێز و سیاسەتی دەوڵەتان جیا کراتەوە. ئەم هەقێقەتە ناگۆڕدرێت، هەرچەندە ناوی دەوڵەتەکانیش بگۆڕدرێن.
کورد لە کوردستانە – و سنوورە نوێیەکان ناتوانن مێژوو و واقیع بگۆڕن. هەر بۆیە دەڵێم؛ ئەم خاکە “سووریا” نییە و ڕۆژئاوای کوردستان لە دێرکەوە هەتا عەفرین، “دوورگەی سووریا” نییە. ب واتایەکی مێژوویی؛ ئەمە ئەو کوردستانە دێرینەیە کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەلایەن زلهێزە کۆلۆنیالیست و سیاسییەکانەوە لە ڕێگای سنووری دەستکردی نوێیەوە لە کوردستان دابڕێندراوە و ناوی “سووریای نوێ”ی لێنراوە.
کورد لێرە میوان نین و ئاوارەش نین، بەڵکوو ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم خاکەن. سنوورەکانی سووریا، وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ وادادەنرێن، دەرئەنجامی هەلومەرجی سیاسی نوێ (سایکس ـ پیکۆ، لۆزان) ـە، نە دەرئەنجامی مێژووی گەلان. خاکی کوردستان پێش ئەم سنوورە نوێیانە، بە سەدان ساڵ خاوەن شوناس و ژیانی تایبەتی خۆی بووە.
بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەیانهەوێت هەبوونی کورد لەم ناوچەیەدا تەنیا بە “کۆچە سیاسییەکانی” سەدەی بیستەمەوە گرێ بدەن، هەقیقەتە مێژووییەکان زۆر ڕوون و زوڵاڵن. بەڵێ لە دوای ساڵی 1925، بەشێک لە کوردەکان لە باکووری کوردستان (تورکیا) کۆچیان کرد، بەڵام لە خاکی خۆیانەوە هاتوون نەک لە وڵاتێکی بێگانەوە. ئەوان بۆخۆیان لەگەڵ کورد تەعاموڵیان دەکرد کە سەدان ساڵ لەوێ ژیاون. کۆچ ناتوانێت ناسنامەیەکی نوێ دروست بکات، بەڵام دەتوانێت ناسنامەیەکی کۆن بپارێزێت.
هەبوونی کورد لە کوردستانی سووریا بە زۆر سەرچاوەی مێژوویی پشتڕاست دەکرێتەوە:
ـ ئەڤلیا چەلەبی (1655) بە ڕاشکاوی باسی هۆزە کوردەکانی ئەم ناوچەیە دەکات
ـ کارستەن نەبوهر (1764) ناوی هۆزەکانی کورد تۆمار دەکات
ـ ئاوستن هێنری لایارد (1849) نووسیویەتی، هۆزی نەتەوەیی بۆ چەندین سەدە لە جزیرە هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە
ـ لە دەفتەرەکانی باجی عوسمانی دا (1552) ناوی هۆزە کوردەکان وەک کیکی و میللی تۆمار کراون.
ـ بەهەمان شێوە لە سەرچاوە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا، وەک نووسینەکانی ئیبن ئەل ـ ئەسیر، بەلازوری و ئەل ـ عومری، باس لە کورد و شوێنەکانیان لە جەزیرە و دیاری ڕابا، کراوە. هەموو ئەم سەرچاوانە ئەوە دەردەخەن کە کورد لە باکووری سووریا بە مێژوو و جوگرافیای خۆیەوە گرێدراوە.
ـ نەخشە ئەوروپییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمیش زۆرجار بەشێک لە جەزیرێ، کۆبانێ، عەفرین و سەرێ کانی لە نێوان ئەو ناوچانەدا نیشان دەدەن کە بە کوردی دەناسرێن. ئەم نەخشە و بەڵگەنامانە هەمووی ئەوە دەردەخەن کە خاکی کوردستان لە ژێر هەلومەرجی سیاسی نوێدا دابەش بووە و بەشێکی خاکەکەی لە ناو سنوورەکانی سووریادا ماوەتەوە.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ڕەگ و ڕیشەی کورد لەم خاکەدایە، نەک دەرئەنجامی هەلومەرجی نوێ.
ئەگەرچی لە دەوڵەتی نوێی سووریادا سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن (عەرەبکردنی زۆرەملێ)، ئینکاری ناناسنامە (بێوڵاتکردن) و سەرکوتکردنی زمان و کولتوور لە دژی کورد بەکارهێنراوە، بەڵام کورد توانیویەتی ناسنامەی خۆی بپارێزێت. هەرچەند زمانی کوردی قەدەغە کرابوو، بەڵام لە ناو ماڵ و کۆمەڵگەدا ماوەتەوە و لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکە گوازراوەتەوە.










