ساڵی 2025 لە سایەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەنگی پێی بەهاری کوردی بیسترا.

لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا سیستەمی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەوتە ناو ئاڵۆزی و ئاژاوە. کورد بۆ دەربازبوون لەم ئاژاوەیە قوربانی زۆری دا. خاکی کورد داگیرکرا، شارەکانمان بۆردومان کران و هەزاران خەڵکیشمان ئاوارە بوون.

لە ساڵی 2024دا بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕدرا. زەمینە بۆ ڕۆژئاڤا ڕەخسا تا بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردستانی ھاوشێوەی باشووری کوردستان ھەوڵبدات. ئەم هەلومەرجانە ڕێگەیان دا تا بەهاری کوردی بە شکۆمەندی گەورەی خۆیەوە سەرهەڵبدات. لە ناوەندی بەهاری کوردیدا ئیرادەیەکی بڕیاردەر و خەباتێکی درێژخایەن و ڕێبەرێکی مێژوویی هەیە: واتە سەرۆک مەسعوود بارزانی ھەیە.

بە درێژایی ساڵی 2025 سەرۆک بارزانی زۆر هەوڵی ئاشکرا و شاراوەی بۆ بنیاتنانی بەهاری کوردی داوە و ڕۆژئاڤا لە چەقی هەموو ئەو هەوڵانە داناوە.

سەرۆک بارزانی لە 16ی چلەدا بە بەخێرهاتنی مەزڵووم عەبدی و وەفدێکی ڕۆژئاڤا بۆ هەولێر، پرۆسەکەی دەستپێکرد. لەو کاتەوە سەرۆک بارزانی خەباتێکی فرەلایەنی بۆ سوریایەکی لامەرکەزی بەبێ ئەسەد و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە دەشتووردا و بۆ ھەبوونی هەسەدە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو ئەنجامداوە.

سەرۆک بارزانی هەموو دەستکەوتە دیپلۆماسییە ئاشکرا و شاراوەکانی بزووتنەوەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاڤا سەفەربەر کرد.

بۆ نموونە لێدوانی سەرۆک بارزانی لە وەڵامی هەڕەشەی عەشیرەتە عەرەبەکان بۆ سەر ڕۆژئاڤا، “ئەگەر هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاڤا، من و پێشمەرگە دەچینە قامیشلۆ، ڕۆژئاڤا هەرگیز بە تەنیا نابێت”، یەکێک لەو ھەنگاوانە بوو. هەروەها دەرگای چەندین پەیوەندیی و دەرفەتی نوێی بۆ ڕۆژئاڤا کردەوە.

ھەروەھا بانگھێشت کرانی مەزڵوم عەبدی بۆ کۆڕبەندی MEPS 2025 لە دهۆک، وەڵامێک بوو بۆ ئەو لایەنە سیاسیانەی کە دەیانویست ئەحمەد شەرع بۆڵد بکەن و مەزڵوم پشتگوێ بخەن و دەرفەتی ئەوەی پێبەخشی کە بانگەوازێک ئاراستەی جیهان بکات. ئەم ڕێوشوێنانە کە بەڕووی گشتیدا کراوە بوون، لە ڕاستیدا پاڵپشتییەکی گەورەتریان لە ناخی خۆیاندا ھەڵگرتبوو. ئەگەر ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی و ئیدارەی ڕۆژئاڤا لە بەرامبەر فشارەکانی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا و سەرچاوەکانی دیکە پاشەکشە ناکەن، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە دەزانن سەرۆک بارزانی پشتیان دەگرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی ڕۆڵی گەورەی هەبوو نەک تەنها بۆ ڕۆژئاڤا، بەڵکو بۆ کوردانی باکووری کوردستانیش تا بتوانن لە پرۆسەی ئاشتیدا هەناسەیەکیان وەبەربێتەوە.

هەرچەندە بزووتنەوەی بارزانی کە هێزی دامەزرێنەری هەرێمی کوردستانە و سەرۆکەکەی مەسعوود بارزانی، لە ژێر زەختێکی زۆریشدا بوون، بەڵام دەرگای ڕێگای هاوبەشی سەرکەوتنی بۆ کورد کردەوە.

سەرەڕای هێرش و سووکایەتییەکانی پەکەکە چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ، هەموو هێزی خۆی بۆ سەرکەوتنی ڕۆژئاڤا تەرخان کرد.

پرسی یەکیەتیی کورد کە لە ڕێگای وتاری پۆپۆلیستی و دەستەواژە تیۆریەکان و نووسینە گشتییەکاندا نیقاش دەکرا، لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە بە هەنگاوی سادە و ڕاستەوخۆ و چارەنووسساز جێبەجێ کرا.

هۆکاری هەموو ئەو هێرشانەی لەدژی سەرۆک بارزانی لەدوای سەردانەکەی بۆ جزیرەی بۆتان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرۆک بارزانی کلیلی یەکیەتیی کوردی کردەوە و هەناسەیەکی نوێی بە ڕۆژئاڤا دا و ڕێگری لە داڕمانی ڕۆژئاڤا کرد و دەرگای بەهاری کوردی کردەوە.

بەڵێ لە ساڵی 2025دا دەنگی پێی بەهاری کوردی بیسترا و ئەمەش هۆشیاری ھاوبەش و بەکۆمەڵی گەلی کوردستانە، کە سەرۆک مەسعوود بارزانی، پێشەنگایەتیی دەکات.

Share

پوستێن ھەمان بەش