ئێرانی ئێستا و پێگەی کورد لە هاوکێشەی ناوچەییدا

ئێرانی ئێستا و پێگەی کورد لە هاوکێشەی ناوچەییدا

پێویستە کورد لە ناو جەرگەی داواکارییەکانی خەڵکدا بێت بۆ دادپەروەری و کەرامەت، بەڵام دەبێ هاوکات بەرگری لە ناسنامە و گوتاری نەتەوەیی خۆی بکات.

سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەمڕۆکە ئێران بە قۆناغێکی هەستیار و دژواردا تێدەپەڕێت. دەتوانی بڵێین گەیشتووەتە ئەو خاڵەی کە هیگڵ وەک “کەڵەکەبوونی پارادۆکس و ئاڵۆزییەکان پێش قۆناغی تەقینەوە” ناوی دەبات.

قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەموویان لە یەک جەستەی بێ جووڵەدا کۆبوونەتەوە. دابەزینی بەهای دراو، گرانی و هەژاری بەربڵاو و بێتوانایی دەوڵەت لە دابینکردنی ژیانێکی باش و ئابڕوومەندانە، هەموویان نیشانەی کێشەی تەکنیکی نین، بەڵکوو نیشانەی لەدەستدانی شەرعیەت و ڕەوایەتین.

دەوڵەت چیتر ناتوانێت خەڵک ڕازی بکات، نە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە و نە لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆیە لە دەوڵەتێکی خاوەن پاساوەوە بووەتە دەوڵەتێک کەوا تەنها بە زۆر و بە هێزی ئەمنی بەڕێوەی دەچێت. ئەم گۆڕانە مەترسیدارترین شتە لە وێنەکەدا.

لەم دۆخەدا بارودۆخی کورد لە ئێران دوو هێندە دژوارترە:

لەلایەک وەک هەر هاووڵاتیەکی تر بەشێک لە قەیرانی گشتی دەبن و بەدەست هەژاری و بێکارییەوە دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەت بە هۆی جیاوازی نەتەوەیی و جوگرافیاوە وەک مەترسی و هەڕەشەیەک سەیریان دەکات.

کورد دەکەونە نێوان دوو بەرداشدان:

بەرداشی قەیرانی ئابووری و بەرداشی گومانی ئەمنی. لێرەدا کورد قوربانی قەیرانی دەوڵەتە. هەموو شتێک کە دەوڵەت لێی دەترسێت، پێش ئەوەی بگاتە تاران، لە ناوچە کوردستانیەکاندا خۆی دەردەخات.

ڕاستە ئێران لە دۆخێکی داڕماندا نییە، بەڵام تووشی چەقبەستوویی و بەستەڵەکیکی مێژوویی هاتووە.

ڕێژیم ناڕووخێت، بەڵام چەقبەستوو و وشک دەبێت، زوڵم و ستەم زیاتر دەبێت و چەندەش ستەم و دڕندەییەکەی زیاتر بێت، کەمتر باوەڕپێکراو و شەرعی دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنن و دەوڵەتیش بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە.

کورد هێشتا ئەکتەرێکی سەربەخۆ نییە لەم قەیرانەدا، بەڵکوو بەشێکە لە شەپۆلێکی گەورەتر، بەڵام کورد شتێکی هەیە کە خەڵکی دیکە نییەتی: بیروباوەڕی ڕێکخراوی نەتەوەیی و ئەزموونێکی مێژوویی لەگەڵ چەمکی دەوڵەتدا.

دەرفەت و هەڕەشەکان پێکەوە دەردەکەون.

دەرفەتەکە ئەوەیە:

پرسی کورد لە کێشەیەکی ئەمنییەوە لە گوتاری دەوڵەتدا، دەبێتە پرسێکی سیاسی لە ناو خودی کۆمەڵگەی ئێراندا. بە واتایەکی تر نابێت چیتر کوردبوون وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دابەشبوونی ئێران سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێ وەک کلیلی چارەسەرکردن سەیر بکرێت.

مەترسییەکەشی ئەوەیە:

کورد ببێت بە دارەدەست یان ئامرازی فشار لە دەستی هێزە دەرەکیەکان یان ناوچەییەکاندا، بەبێ ئەوەی کە پرۆژەیەکی تایبەت بەخۆی هەبێت.

لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە کورد داوادەکرێت، نە شۆڕشێکی پێشوەختە و نە بێدەنگییە، بەڵکوو هەڵوێستێکی ژیرانەیە. پێویستە لە ناو جەرگەی داواکارییەکانی خەڵکدا بن بۆ دادپەروەری و کەرامەت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و عەقڵانی بەرگری لە ناسنامە و گوتاری نەتەوەیی خۆیان بکەن. واتە هاوسەنگییەک دروست بکەن: هەم ببنە بەشێک لە خەباتی گشتیی مرۆڤایەتی و هەمیش خۆیان لەناو ئەو خەباتەدا ون نەکەن.

کورد لە ئێران لەبەردەم ساتێکی چارەنووسسازدایە: ئایا هەر لە ڕۆڵی قوربانیدا دەمێنێتەوە و گلەیی دەکات؟ یان دەبنە ئەکتەری چالاک کە داهاتووی ئێران دیاری دەکات؟ ئایندە بە دابڕان یان لەناوچوون بنیات نانرێت، کورد دەبێت ببێتە هاوبەشێکی ڕەخنەگر لە بنیاتنانی سەردەمێکی نوێدا.

ئەگەر کورد لەم کارەدا سەرکەوتوو بێت، نەک هەر بەتەنها تەماشاچی نابێت، بەڵکوو کلیلی چارەسەرکردنیش دەبێت، بەڵام ئەگەر شکست بهێنن، پەراوێز دەخرێن.

لە کاتێکدا دەوڵەت لە تاران دەهەژێت، کورد بەبێ دەسەڵاتی گۆڕانکاری لە سنوورەکاندا ئازار دەچێژێت.

ئەمە سەردەمی هەڵبژاردنێکی ئارام و بێدەنگە، بەڵام یەکلاکەرەوەیە.

Share

پوستێن ھەمان بەش