پەیوەندییەکانی ئاکەپە و پەکەکە لەرێگای ئەو قاسدەی کە عەبدوڵڵا گویل رەوانەی قەندیلی کردبوو، دەستی پێکرد بەڵام هەتا ئێستاش بەردەوامیی هەیە.
بەشی یەکەم
دەسپێکی پەیوەندی راستۆخۆی ئاکەپە و پەکەکە لەساڵی 2004دا؛ نوێنەری عەبدوڵڵا گویل لە قەندیل
لە مێژووی تورکیەدا “ئاکەپە” و “جەهەپە” دوو حیزبی سیاسی ناسراون. ئەو دوو حیزبە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیەیان پێبووە، هەردووکیشیان لەگەڵ کورداندا پەیوەندییان دامەرزاندووە و هیوای گەورەیان بۆ کوردەکان دروست کردووە. بەڵام هاوکات ئەو دوو حیزبە پەیوەندیەکانی دەوڵەتیان لەگەڵ کوردەکاندا شێواندووە و هیچ حیزبێکی دیکە بە ئەندازەی ئەو دوو حیزبە هیوای کوردانیان بەباد نەداوە و خیانەتیان لەو پشتیوانیانە نەکردووە کە کوردەکان لێیانکردوون. واتە ئاکەپە و جەهەپە مۆری خۆیان لەسەر پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک و باکووری کوردستان داوە.
جەهەپە لەسەدەی بیستەمدا، مێژووی باکووری کوردستانی بە ئینکار کردن و قڕ کردن بینا کردوە و هاوکات ئاکەپەش هەمان رۆڵی لە سەدەی بیست و یەکەمدا گێڕاوە. ئاکەپە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکی بەسەر کوردەکاندا کێشا و گەلی کوردیشی کێشایە ناو دەوڵەت. جەهەپە هەوڵیدەدا بە داری زۆر کوردەکان بکات بە تورک، بەڵام ئاکەپە بەشیوازێکی جودا کوردەکانی لە رامان و هزرە نەتەوەییەکان دوورخستەوە.
کارەسات ئەوەیە کە لاوی کورد لەپیناو دیموکراتیزە کردنی داگیرکەردا، خوێنی بڕێژێت
بێگومان ئەو پرۆژەیەی کە دەیهەوێت کوردەکان بکاتە موڵکی دەوڵەتی تورکیە، تەنها پرۆژەی ئاکەپە نەبوو، تێکەڵ کردنی و تواندنەوەی کوردەکان لەناو دەوڵەتی تورکەکاندا پرۆژەی خودی دەوڵەتی تورکیە بوو. لەمێژوودا بۆ یەکەمجارە کە گەلی باکووری کوردستان خۆیان وەکوو “تورک” لەقەڵەم دەدەن و لەپێناو دیموکراتیزە کردنی تورکیەدا دەجەنگن و خوێن دەدەن. کاتێک مرۆڤ باس لە تراژیدیاکانی کوردان بکات، پێویستە حەتمەن باس لە چیرۆکی ئەو لاوانەی کورد بکات کە چۆناوچۆن لە پێناو “دیموکراتیزە کردنی دەوڵەتی داگیرکەردا گیان دەدەن”.
ئەو پرۆژەیەی دەوڵەتی تورک، لەلایەن ئاکەپەوە بەڕێوە دەچێت. لەلای کوردەکانیشەوە پەکەکە ئەو پرۆژەیەی بەسەر باکووری کوردستاندا سەپاند. ئەگەر ئێمە دەقیقتر بیڵێین، کوردەکانی باکووری کوردستان بەهۆی ئاکەپە و پەکەکەوە ملکەچی دەوڵەت بوون. لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا کورد بەهۆی ویستی پەکەکە و دەوڵەتەوە دابەش کرا. لەلایەک ئاگربەست، راگرتنی چالاکی، پرۆژەی چارەسەری، پرۆسەی ئاشتی، پاراستنی جەوهەری و… لەلایەکی دیکەشەوە بەرخۆدان، تۆڵەسەندنەوە، مانگرتن لەخواردن، خۆپیشاندان، فاشیزم، دوژمن، خەندەقەکان وهتد… گەلی کورد لەژێر بوردومانی روانگە و ئەفکاری دژەبەیەکدا لە واقیعیەت دابڕا و بیریان لای کێشە و پرسە بنەرەتیەکان نەما.
ئاکەپە و پەکەکە شەریکی یەکترین لە سیاسەتێکی مایەپووچدا
کاریگەریی پەیوەندییەکانی ئاکەپە و پەکەکە لەسەر سیاسەت و کۆمەڵناسیی کوردان پێویستە زیاتر باسی لەسەر بکرێت. بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەئیستادا کاتێک سەیری راگەیەندراوەکانی هەردوولا دەکەین، زۆرتر وەکوو دوژمنی قەدیم لەسەر یەکتر دەدوێن، هەروەک قەدیمیەکان گوتوویانە “حافزەی درۆزن لاوازە”. بەڵام لە راستیدا هاوکاری و پەیوەندییەکانی ئاکەپە و پەکەکە لە رابردوودا هیچکات لەبیر ناکرێن. هەروەکوو ئەوەی کە کەس ئاگای لەو پەیوەندی و هاوکاریانەی رابردوو نەبیت، هەردوولا (ئاکەپە و پەکەکە) چاو لەیەکتر سوور دەکەنەوە و هەڕەشە لەیەکتردەکەن. بەڵام لە راستیدا ئاکەپە و پەکەکە شەریکی یەکترین لە سیاسەتێکی مایەپووچدا.
ئەگەر لە ئێستادا ئاکەپە توانیویەتی دامەزراوە بیروکراتیکەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆخۆی رێکبخات، نابێت ئەو هاوکارییانەی پەکەکەمان لەبیر بچێت کە ئاکەپەیان گەیاندە دەسەڵات و حکوومەت. دیارە هەرکات ئەو دوو لایەنە خۆینا بەپێویستی بزانن باسی بەشێک لەو پەیوەندییانەی نێوانیان دەکەن.
ئامانجی ئێمە ئەوەیە هێندێک هەقیقەت لەسەر ئەو بابەتە باس بکەین کە ئاشکرا نەکراون. “هەرکات پێویست بکات ئێمە سەرجەمیان ئاشکرا دەکەین” بەڵام لە ئێستادا باسی بەشێک لە راستیەکانی پەیوەندیی نیوان ئەو دوو لایەنە دەکەین کە لە چاو رای گشتی شاردرابوونەوە و لە پشت درگا داخراوەکان و بە چالاکی هاوبەش و لە دژی دوژمنی هاوبەشدا، هاوپەیمانەتیی نێوانیان دامەزرا.
سەرەتا، زەروورەتی پەیوەندیی نێوان ئاکەپە و پەکەکە
ئاکەپە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیێب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2002ی تورکیەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهینابوو و تەنگی بە زۆرێک لە لایەنەکانی تورکیە وەکوو کەمالیستە کلاسیکەکانی کۆماری تورکیە و بەتایبەتیش ئەرتەشی تورک هەڵچنیبوو کە خۆیان بە خاوەنی تورکیە دەزانی. ئەو لایەنانە بە ئاشکرا دژ بە ئاکەپە هەڵوێستیان گرت. هەڵوەشاندنەوەی بارۆدۆخی نائاسایی (ئاوارتە) لە ساڵی 2002دا یەکەم بەریەککەوتنی نیوان ئەرتەشی تورکیە و ئاکەپە لەسەر پرسی کوردەکان بوو. هەڵوەشاندنەوەی دۆخی نائاسایی (ئاوارتە) کۆنترۆڵی رۆژانەی فەرماندەکانی ئەرتەشی لەسەر سیاسەتی کوردستان کەم کردەوە.
ئۆجەلان بە فەرمانی لایەنی باڵادەستی ئەوکاتی دەوڵەتی تورک، واتە ئەرتەشی تورکیە، تەعلیماتی بۆ پەکەکە رەوانە دەکرد. ئۆجەلان لە 1ی ئۆکتۆبری 1999دا بڕیاریدا کە خەباتی چەکداری رابگیرێت و گریلاکان لە خاکی باکووری کوردستاندا نەمێنن و لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە جێگیر ببن. دیارە دواتر ئۆجەلان لەبەر هیندێ هۆکار کە ئێرە شوێنی باس کردنی نیە، لە ساڵی 2003دا داوای لە پەکەکە کرد کە سەرلەنوێ خەباتی چەکدارانە دەستپیبکەنەوە. بەڵام لەناو پەکەکەدا کەسانێک کە دژی دەستپیکردنەوەی شەڕ بوون رێگایان نەدا ئەو فەرمانەی ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە ئۆجەلانیش بۆ ماوەیەک لە پەکەکە تۆرا و ئامادە نەبوو پارێزەرەکانی ببینیت. ئەمەش وایکرد کە ئۆجەلان لەلای دەوڵەتی تورکەوە ئەو قورساییەی جارانی نەمێنێت و زیاتر سووک بوو. چوونکە هەتا ئەو کاتە ئۆجەلان بە کارتی هەبوونی کۆنترۆڵی بەسەر پەکەکەدا لەگەڵ دەوڵەتدا دانوستانی کردبوو و نانی ئەو کاریگەریەی دەخوارد. بەڵام کاتێک کە لەساڵی 2003دا ئۆجەلان لەسەر ویست و داوای ئەرتەشی تورکیە فەرمانی بە پەکەکە کردبوو کە شەڕ دەستپێبکاتەوە، پەکەکە فەرمانەکەیان جێبەجێ نەکردبوو ئەمەش ئیعتباری ئۆجەلانی شکاندبوو.
ئۆجەلان زۆر تێکچوبوو هەربۆیە بەپێویستی زانی دەستێواردان لەو دۆخەی پەکەکە بکات و گوتی کە هەرچی دەبێت با بێت. ئۆجەلان هەڕەشەی لە پەکەکە کرد و داوای لێپرسینەوە و لێپیچینەوەی بەشێک لە سەرکردە قەدیمیەکانی پەکەکەی کرد. ئۆجەلان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی پەکەکە بگرێتەوە دەست، دابڕانی نیوەی ئەندامانی بەڕێوەبەریی پەکەکەی لەنەزەر گرتبوو هەربۆیە هەوڵەکانی بۆ دەستەبەر کردنی ئەو ئامانجەی دەستپێکرد و فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی تورکیش هەر لە دەسپێکەوە هەتا کۆتایی پشتگیریی بڕیارەکەی ئۆجەلانیان کرد و هاوکاری بوون. پارێزەرەکانی ئۆجەلان لە هاتووچۆکانیاندا بۆ قەندیل ئەو تەونەیان نایەوە و سەرئەنجام بڕیاری هاوبەشی ئەرتەشی تورکیە و ئۆجەلان لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ بەسەر پەکەکەدا فەرز کرا. سەرئەنجام پەکەکە لە 1ی حوزەیرانی 2004دا بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕی پەسند کرد و سەرلەنوێ شەڕ دەستیپێکردەوە.
لە تورکیەدا هێزێک کە ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر دەستپیکردنەوەی شەڕ راگەیاند، “AKP” بوو
حکوومەتی ئاکەپە لەگەڵ ئەرتەش، دەزگای دادوەری، دامەزراوە ئابووریەکان، میت و زۆر دامەزراوەی دیکەی دەوڵەت، لە ناکۆکیدا بوو. ئاکەپە دەیزانی کە ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە هێزە چەکدارەکانی تورکیە رێگا بە ئاکەپە نادەن بەرنامەکانی بباتە پێش و ئاکەپە بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی پێویستی بە ئاگربەست و رەوشێکی ئارام هەبوو. بەلام ئاکەپە نەیدەزانی کە چۆناوچۆن پەکەکە لەم ویستەی خۆی ئاگادار بکاتەوە. عەبدوڵلا ئۆجەلان لە ئیمرالیدا لەژێر کۆنترۆڵی کەماڵیستە ئەرگەنەکۆنچیەکان و فەرماندە نیزامییەکانی تورکدا بوو. ئەکەپە بە پەیوەندیی نیوان ئۆجەلان و ئەرگەنەکۆن زۆر قەڵس بوو. ئاکەپە تەنها ئەوەی بۆ مابۆوە کە راستەوخۆ، دەنگی خۆی بگەیەنێتە قەندیل و بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەرێکی خۆی رەوانەی قەندیل کرد.
نوێنەری عەبدوڵڵا گویل لە قەندیل
لە یەکێک لە رۆژەکانی مانگی حوزەیرانی 2004دا، دووەمین کۆنگرەی گەلی بەڕیوەچوو. سەرەڕای سەرجەم ناکۆکیە ناوخۆییەکان، پاریزەرەکانی ئۆجەلان توانیان بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ بە کۆنگرە بقەبووڵێنن و موراد قەرەیەلان بوو بە سەرۆکی کۆنگرەی گەل و پەکەکەش بەهۆی گرفتە دروون تەشکیلاتیەکانیەوە لەناوخۆیدا دەکوڵی.
هەر لەو رۆژەی کە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە سازدرابوو، لەسەر رێگای گوندی ئێنزی و لێوژێ لە بناری چیای قەندیل، ماشینێکی سەرنجڕاکێش راگیرابوو. لە ماشینەکەدا میوانێکی گرنگ دانیشتبوو. ماشینەکە رووی لە گوندی لێوژە کرد و لە خاڵی پشکنینەکەدا رایگرت. میوانەکە لە ماشین دابەزی و بە گریلاکانی ئەوێی گوت پێویستە سەبارەت بە بابەتێکی زۆر گرنگ، قسە لەگەڵ موراد قەرەیەلاندا بکەم و بە ناچار بەشێک لە شوناسی خۆی باس کرد بۆ ئەوەی قەرەیەلانی لێ ئاگادار بکەنەوە. ئەو کەسە لە یەکێک لە ژوورەکانی سەر بە نەخۆشخانەی لێوژێ دانیشت و بە تەلەفۆن قەرەیەلانیان ئاگادار کردەوە . قەرەیەلان بە پەلە لە گوندی سوورەدێیەوە خۆی گەیاندە لیوژێ و لەگەڵ میوانەکەدا دیداری کرد. میوانەکە بە قەرەیەلانی گوت: “من نوێنەری عەڤدوڵڵا گویلم و ئەو من هەناردووە بۆ لای ئێوە”.
موراد قەرەیەلان وەکوو سەرۆکی کۆنگرەی گەل “پەکەکە” لەگەڵ نوێنەری عەبدوڵڵا گویل کۆبوویەوە. بە کورتی نوێنەرەکەی گویل گوتی: “ئەرتەش زەختی زۆری بۆسەر حکوومەت دروست کردووە و ئەو بڕیارەی ئێوە لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ، دەستی ئەرتەش ئاوەڵا و بەهێزتری دەکات و لە کاریگەریی حکوومەتەکەی ئێمە کەم دەکاتەوە. ئەگەر ئێوە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین کاریگەرییەکانمان لە ناو دەوڵەتدا بچەسپێنین، ئێمەش ئامادەین کێشەی کورد چارەسەر بکەین. ئێمە دەمانهەوێ ئێوە بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ هەڵبوەشێننەوە و ئێمەش لەماوەیەکی کەمدا هەنگاوی زۆر ئەرێنی هەڵدەگرینەوە”.
پەکەکە نەیدەتوانی بڕیارەکە هەڵبوشینێتەوە چوونکە کۆنگرە پەسندی کردبوو بەڵام دەیتوانی نەیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەوە بوو سەرەتا جیبەجێ کردنی ئەو بریارە بۆ ماوەی 20 رۆژان وەدوا خرا بۆ ئەوەی دەرەتان بە حکوومەتی ئاکەپە بدریت. ئەو چەند چالاکییە سەربازیەش کە بەڕێوە چووبوون، هەپەگە بەرپرسایەتییەکەی نەگرتنە ئەستۆ. پەکەکە لە مانگی تەباخدا “تەیرێن بازێن ئازادییا کوردستانێ” (TAK)ی دامەرزاند تاوەکوو بەرپرسایەتیی ئەو چالاکیە سەربازیانە بگرێتە ئەستۆ. بۆ ئەوەی ئەو چالاکیەانە کاریگەریی نیگەتیڤ لەسەر ناسنامەی پەکەکە دانەنیت، “TAK” تەنها وەکوو ناوێک هاتە راگەیاندن و چالاکیە سەربازیەکان لەژێر ئەو ناوەدا راگەیەندران.
رۆڵی پەکەکە لە هەوڵەکانی ئاکەپە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی تورکیە
پەیوەندییەکانی ئاکەپە و پەکەکە لەرێگای ئەو قاسدەی کە عەبدوڵڵا گویل رەوانەی قەندیلی کردبوو، دەستی پێکرد. پاش ئەو رێکەوتە هەتا ئێستا پەیوەندییەکی قووڵ و بێ پسانەوە لەنێوان پەکەکە و ئاکەپەدا بوونی هەیە.
کۆنگرەی گەل لە 1ی ئەیلوولی 2004دا پرۆژەیەکی بەناوی “نەخشەڕێگای دیموکراسی و ئاشتییەکی سەقامگیر” دەستپێکرد، ئەو پرۆژەیە لە راستیدا ئاگربەستێکی بێ ناو بوو. لەو پرۆژەیەدا پەکەکە وازی لە ئەنجامدانی سەرجەم ئەو چالاکیانە هینا کە پێیوابوو زەخت لەسەر حکوومەتی ئاکەپە دروست دەکەن. هاوکات ئاماژەی بەوەش دەکرد کە ئاکەپە پرسی کوردەکان چارەسەر دەکات. دەتوانین بڵێین کە هەتا ساڵی 2006 شەڕیکی شەرمنانە بەڕێوە دەچوو. پەکەکە لەبەر لایەنگرەکانی باسی لەوە دەکرد کە شەڕ دەکات بەڵام لە راستیدا شەڕێکی جیددی لەئارادا نەبوو. بەڵام ئەو رەوشە کە نەزانرا ناوی چیە، بۆ حکوومەتی ئاکەپە کافی نەبوو، بۆ ئەوەی ئەردۆغان دەستی ئاوەلاتر بێت پێویست بوو ئاگربەست رابگەیەندرێت. راگەیاندنی ئاگربەست دۆخی ئەرتەشی تورکی زیاتر ئالۆز دەکرد.
سەرۆک کۆماریی گویل و ئاگربەستی تاکلایانەی پەکەکە
پشتگیریی هەرە گەورە کە پەکەکە دای بە ئاکەپە راگەیاندنی ئاگربەستێکی تاک لایەنە لەژێر ناوی راگرتنی چالاکی و بەرگریی پاسیڤدا بوو.
موراد قەرەیەلان لە 1ی ئەیلوولی 2006دا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و لەبەردەم کامێراکاندا ئاگربەستێکی تاکلایەنەی راگەیاند کە رۆژنامەوانانی تورکیش تێیدا بەشدار بوون. هیچ هۆکاریکی جیددی لە ئارادا نەبوو کە پەکەکە ئاوا بە پەلە تاکلایەنە ئاگربەست رابگەیەنێت. لە راستیدا ئەو بڕیارە بۆ پشتگیری کردنی عەبدوڵڵا گویل بوو تاوەکوو ببێت بە سەرۆک کۆماری تورکیە.
هێزە چەکدارەکانی تورکیە، کەمالیستەکان و سەرجەم تورکە ناسیۆنالیستەکانی پێشوو لە دژی کاندید بوونی عەبدوڵلا گویل بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیە بوون. ئەرتەش لە 27ی نیسانی 2007دا پەیامێکی ئیلێکترۆنیکی بڵاو کردەوە و دەریخست کە دژایەتی سەرۆک کۆماریی گویل دەکات. هاوکات ئەرتەشی تورکیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نیوان پەکەکە و ئاکەپە تێکبدات، زنجیرە هێرشیکی بەربڵاوی دژ بە گریلاکانی پەکەکە ئەنجامدا و لە هەرێمی بۆتاندا 12 گریلا گیانیان لەدەستدا.
سەرەڕای هەوڵ و ناڕەزایەتییەکانی ئەرتەشی تورکیە، ئاکەپە و هاوپەیمانەکانی (بە پەکەکەشەوە)، لەژێر سەرۆکایەتیی “گویل”دا یەکیان گرت. بۆ یەکەمجار بوو کەسێکی دواکەوتووی ئیسلامی کە ژنەکەی سەرپۆشی لەسەر بوو، دەگەیشتنە ئەو ئاستە لە دەسەڵاتی تورکیە. بە سەرۆک کۆمار بوونی عەبوڵڵا گویل، دەستی ئاکەپەی لەسەرجەم بوارەکاندا ئاوەڵا کرد.
ئەوە یەکەمین ریێکەوتنی سیاسی بوو لەنێوان پەکەکە و ئاکەپەدا، هەربۆیە هەر دوو لایەن بۆ ئەوەی کە ئیعتمادی یەکتر جەلب بکەن هەنگاوی زیاتریان هەڵگرت. ئیدی ترافیکی دیدارەکانی قەندیل و ئۆجەلان دەستیانپێکرد.
بەشی دووەم: کامیەک لە سەرکردەکانی پەکەکە بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان رۆیشتنە ئیمرالی؟
چاوەڕێ بن…