عەلا ئەمین گەنجێکی تەمەن 33 ساڵانی خەڵکی قامیشلۆ بوو. عەلا کوژرا. پەراسووەکن و سەر و لووتیان شکاندبوو؛ برینی قورس بەسەر ڕووخسار و پشتیەوە هەبوو؛ شوێنی سووتاوی و برینی چەقۆ بەسەر پێیەکانیەوە هەبووە. عەلا لە ژێر ئەشکەنجەیەکی دڕندانەدا کوژرابوو.
کێ عەلای کوشت؟
دەوڵەتی سووریا؟ نەخێر
دەوڵەتی تورکیا؟ نەخێر
عەلا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاڤاوە کوژرا. مەزڵووم عەبدی دانی بەوەدانا کە ئەوانەی عەلایان دەستگیرکردووە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاڤا بوون.
دوای کوژرانی عەلا، ڕاپۆرتێکی درۆ ئامادەکرا کە باسی لەوە دەکرد، عەلا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. تەنانەت ڕێکخراوی لاوانی پەکەکە (جوانێن شۆرەشگەر)، ئاگریان لە خێمەی پرسەکەی عەلا بەردا و سووتاندیان. کاتێک ئەم بابەتە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە و ناڕەزایەتیی کوردانی لێکەوتەوە، بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا هەوڵیدا دۆخەکە بگۆڕێت. پەیامنێرێکی “ڕۆناهی تی ڤی” کە ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە هەواڵەکە بڵاودەکاتەوە، ئەو بەشەی لێدوانەکەی دایکی عەلای بڕیبوو کە گوتبووی: “ئەو گرووپەی کە عەلایان ڕفاندبوو، ژنیشیان تێدا بووە” و بڵاوی کردبۆوە.
ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای پەکەکە بە نهێنی هەوڵی ئەوە دەدەن بە گوتنی ئەوەی کە “ئێمە هێزی چەکداری خۆمان هەیە و کەس ناتوانێت هێرش بکاتە سەر بەهاکانمان”، دۆخەکە بە ڕای گشتی بدەنە قبووڵکردن. ڕۆشنبیرانی باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور دەڵێن “پرۆسەکە زۆر هەستیارە و ئەم ڕەخنەیە زیان بە حزبەکەمان دەگەیەنێت” و داوای بێدەنگی دەکەن.
بۆ دەبێ بێدەنگ بین؟ ئایا ئەمە مۆدێلی “حوکمڕانی ئازاد و دیموکراتیک” بوو کە لە ڕۆژئاڤا ڕیکلامی بۆ دەکرا؟ کورد پشتیوانىی لە هێزە ئەمنییەکانى ڕۆژئاڤا نەکردووە بۆ ئەوەی کە کوردان بکوژن.
لە گوڵانی ساڵی 2021دا، ئەمین عیسا لەلایەن بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤاوە دەستبەسەر و لە 28ی حوزەیراندا، تەرمی ئەشکەنجەدراوەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
بەنگین عەلی لە ڕێکەوتی 1ی جووتمانگی 2022دا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕفاندنی خوشکەکەی لەلایەن “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە دەستبەسەرکرا و ڕۆژێک دواتر تەرمی ئەشکەنجەدراوی بەنگین ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. ئەو بنەماڵەیە بەهۆی هەژاری و بێچارەییەوە نەیانتوانی دەنگی خۆیان لە دژی تیرۆریزمی ڕۆژئاڤا بەرز بکەنەوە.
بکوژانی بەنگین و ئەمین هێشتا ئازادن.
ئەگەر ئەو حاڵەتانە بێدەنگەیان لێنەکرابا، ڕەنگ بوو ئەمڕۆکە عەلا نەکوژرابا.
عەلا بۆچی کوژرا؟ چونکە عەلا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا گرتبوو. عەلا بە مەبەستی ترساندنی ڕەخنەگرەکانی ڕۆژئاڤا و بە تایبەت ئەوانەی لە ئەوروپا بوون، دەستبەسەر کرا و ئەشکەنجە درا. ئیدارەی ڕۆژئاڤا وەکوو قەشمەر شان بە شانی پاشماوکانی داعش وێنە دەگرێت کە ئێستا لە سووریا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بەڵام لەسەر ڕەخنەیەک گەنجانی کورد بە ئەشکەنجە دەکووژن. ئەمە جێگەی قبووڵکردن نییە.
بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا دوای ڕێککەوتنی خۆگونجاندن لەگەڵ سووریا، لەسەر سیاسەتەکانی پێشووی ڕەخنەی زۆری لێگیرا. ئێستاکە دەیانهەوێت ئەو ڕەخنەگرانە بێدەنگ بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتی زۆرداری و ترس و تۆقاندن بەکاردەهێنن. ئیلهام ئەحمەد و ڕۆژهەڵات عەفرین لە ئەوروپا کۆبوونەوەی گشتی ئەنجام دەدەن و هەوڵ دەدەن سەرنجڕاکێش دەرکەون و کەشێکی هەستیار دروست بکەن و خەڵک بێدەنگ بکەن. لە لایەکی دیکەوە لەو شوێنانەی هێزی چەکداریان هەیە، بۆ ترساندنی ڕەخنەگران و دژبەرەکانیان، سیاسەتی زەبر و زەنگ بەکاردەهێنن.
پەکەکە سیاسەتی شەکر و قامچی پەیڕەو دەکات
لە لایەکەوە خۆی شیرین دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە لوولەی تفەنگەکانی پیشان دەدات بۆ ئەوەی هەمووان بێدەنگ بکات. پەکەکە ڕێباز و کولتوری کوشتنی نەیارەکانی هێنایە ڕۆژئاڤا. پەکەکە و ئۆجەلان خۆیان وەکوو خودا پێناسە دەکەن بۆ ئەوەی ڕەخنەیان لێ نەگیرێت. پەکەکە کوردەکانی ڕۆژئاڤا ناچار دەکات هاوار بکەن و بڵێن: بژی بژی ئۆجەلان. بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤاش هەمان سیاسەت بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت.
لە ناو ڕۆژئاڤادا دەزگایەکی قووڵی پەکەکە هەیە کە بە نهێنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئەنجام دەدات. دەزگاکە لە هەندێک کادیر پێکهاتووە کە خەڵکی باکووری کوردستانیشیان تێدا هەیە. ئەوان خۆیان لە “پاراستنی هێڵی پەکەکە”دا بە بەرپرسیار دەزانن. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئامرازێک بەکاردەهێنن تا هەم لەناو خەڵکی خۆیان و هەمیش لەناو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، هێڵی پەکەکە بپارێزن. بکوژی عەلا، ئەم دەزگا قووڵەی پەکەکەیە لە ناو ڕۆژئاڤادا.
هەتا بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا ئەم پێکهاتە قووڵانە هەڵنەوەشێنێتەوە و ناسنامەی پەکەکە لەسەر خۆی لانەبات، ئەو جۆرە تیرۆرکردنانە ڕاناگیرێت. ڕووداوی عەلا ئەمین تاوانێکی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو سیستماتیزەکردن و ڕەوایەتیدانە بە تاوانەکان. پێویستە هەمووکەس لە هەمبەر ئەو تاوانەدا دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی کە تاوانی دیکەی وەها ڕوونەدات.