ئاڵای کوردستان و چەواشەکاری مێژوویی

ئاڵای کوردستان و چەواشەکاری مێژوویی

ئەوانەی کەوتوونەتە دوای پارادیگما و بانگەشە مزرەکانی پەکەکە و ئۆجەلان، جگە لە خیانەت و چەواشەکردنی مێژوو هیچی دیکەیان لێ شین نابێ.

دلۆڤان عەلی

ساڵانێکی دوورودرێژە لێرە و لەوێ زۆر کەس هەوڵدەدەن بەکۆمەڵێک کینەی شەخسی و دیرۆکی، مێژووی ئاڵای کوردستان چەواشە بکەن و چیرۆکی خورافیات بئافرێنن. گەرچی زۆر بەڵگەی مێژوویی لەسەر دروستبوونی ئەو ئاڵایە هەن، بەڵام هێشتاش هەندێک کەس دەیانهەوێ لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن. لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوانەی کەوتوونەتە دوای ئایدۆلۆژیای پەکەکە و فاشیزمی ئاپۆیزم. زۆرێک لەو چەپانەشی کە بە ڕقی مێژووییەوە دەژین، دەیانهەوێ بە خەڵکی بڵێن کە ئەو ئاڵایە ئاڵای باشووری کوردستان و ماڵباتی بارزانییە! گەرچی ئەم بیرکردنەوەیە بیرکردنەوەیەکی کرێتە، لەهەمان کاتدا داخوازی فاشیستە تورکەکان و پان ئێرانیستەکانیشە. چونکە مێژووی ئەم ئاڵایە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ زۆر کۆنترە. ئەمڕۆکە گەر باشووری کوردستان ئەم ئاڵایە هەڵدەدات، من بە سەربەرزییەکی گەورەی دەزانم. چونکە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری هەتا شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی و هەتا ئەمڕۆیە. هەتا لە دونیاش وەکوو ئاڵای کوردستان پەسەندکراوە و لە بۆنە و پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان هەڵدەدرێ.

لەو نووسینەدا هەوڵدەدەم بەپێی زانیاری خۆم و هەندێک بەڵگەی مێژوویی چۆنیەتی دروستبوون و مێژووی ئاڵای کوردستان بخەمە بەرچاوی خوێنەران.

ئاڵای کوردستان یەکەمجار لەلایەن (کۆمەڵەی ڕێکخراوی جڤاکی کورد) لە ساڵی ١٩١٩ دروست کراوە. ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد، بریتی بوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرا بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (دیاربەکر)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکووک)، کەمال فەوزی (بەدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدووح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەدرخان بەگ.

دوکتۆر “کامەران عالی بەدرخان” ساڵی ١٩١٩ لە چەند وڵاتێکی ئەوروپایی ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی پێشان دەدات.

دواتر لە تەڤگەری خۆییبوون لە ساڵی ١٩٢٧ بە فەرمی وەکوو ئاڵای نەتەوەیی پەسند دەکرێ. لە کۆماری کوردستان لە ئاگری ساڵی ١٩٢٧یش لەلایەن “ئیحسان نوری پاشا” هەڵدەدرێ. ساڵی ١٩٢٩یش دوکتۆر “نوری دێرسیمی” لە دێرسیم ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی هەڵدەدات. قەدری جەمیل پاشا لە کتێبی (دۆزی کوردستان) چاپی ١٩٦٩ لە بەیرووت دەنووسێت: ( ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی شێواز و ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی دیاریکرد کە پێکهاتبوون لە ڕەنگی سوور لە سەرەوە، سپی لە ناوەڕاست و خۆرێکی لەسەر، سەوزیش لە خوارەوە، وە ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی کورد پەسەندکرا.)

ساڵی ١٩٢٨ یەکێتی نەتەوەیی کورد کتێبێک بە زمانی فەڕەنسی بەناوی (کۆمکوژی کوردەکان لە تورکیا) دەنووسن. لەسەر بەرگی کتێبەکە ئاڵای کوردستانیش نەخشێندراوە. کتێبەکە لە چاپخانەی (لیگا کوردی) لە قاهیرە چاپکراوە.

ئاڵای کوردستان و چەواشەکاری مێژوویی

دواتر لە ساڵی ١٩٣٢-١٩٣٤ لەسەر ڕووبەرگی گۆڤاری (هاوار) ئاڵای کوردستان چاپ کراوە.

(هەرەکۆل ئازیزان ١٩٣٢، دوکتۆر کامەران بەدرخان ١٩٣٢، میر جەلادەت بەدرخان ١٩٣٢، جگەرخوێن ١٩٤١) لە گۆڤاری هاواردا لەسەر ئاڵای کوردستان نووسیویانە. هەتا ساڵی ١٩٥١ ئەم ئاڵایە لەلای “جەلادەت عالی بەدرخان” دەپارێزرێ. دواتر لە ساڵی ١٩٥١ میر جەلادەت بەدرخان کۆچی دوایی دەکات، ئەم ئاڵایە لەلای خاتوو “ڕەوشەن بەدرخان”ی خێزانی وەکوو میراتی نەتەوەیی دەمێنێتەوە. ئێستاش ئۆرجیناڵی ئەو ئاڵایە لە ماڵی “سینەمخان بەدرخان”ی کچی میر جەلادەت بەدرخان لە هەولێر پارێزراوە.

ئاڵای کوردستان و چەواشەکاری مێژوویی

ساڵی ١٩٤٦ لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەم ئاڵایە وەکوو ئاڵای کوردستان هەڵدەدرێت.

لە ساڵی ١٩٩٩ بە فەرمی لەلایەن یەکەم حکومەتی فیدراڵی کوردستان لە جیهاندا وەک ئاڵای فەرمی کوردستان ناسێندراوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا هەموو ساڵێک 17ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت و سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بکرێنەوە.

ئاڵای کوردستان و چەواشەکاری مێژوویی

ڕۆژنامەی (ڤاکیت)ی تورکی ساڵی ١٩٣٠ هەواڵێکی دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هەردوو سووپای تورکیا و ئێران بە هاوبەشی لەسەر کۆماری ئاگری بڵاوکردووەتەوە. کە ئەوکات ئیحسان نوری پاشا سەرکردایەتی شۆڕشی ئاگری کردووە. لە هەواڵی ڕۆژنامەکەشدا ئەو ئاڵایە دانراوە و لەژێری نووسراوە (ئاڵای کۆماری خۆییبوون). لە ژێرەوە وێنەی ڕۆژنامە تورکیەکەم داناوە وەکوو بەڵگە و سەرچاوە بۆ خوێنەران.

ئاڵای کوردستان و چەواشەکاری مێژوویی

ئەوانەی ئەمڕۆ بەهەر بیانوویەک خەریکی ئافراندنی چیرۆکی خورافیاتن لەسەر ئەم ئاڵایە، نە مێژوویان خوێندووەتەوە و نە ئاگایان لە مێژووی بزووتنەوە و شۆڕشەکانی کورد هەیە. بیرکردنەوەی ئەم جۆرە کەسانە لە باژاڕی خۆیان تێپەڕی نەکردووە و کوردستان تەنێ وەکوو گوند و شاری خۆیان دەبینن. ئەوانەشی کەوتوونەتە دوای پارادیگما و بانگەشە مزرەکانی پەکەکە و ئۆجەلان، جگە لە خیانەت و چەواشەکردنی مێژوو هیچیان دیکەیان لێ شین نابێ. چونکە بەدرێژایی مێژوو کاری پەکەکە تەنێ ئەوە بووە سووکایەتی بە سیمبۆلەکانی نەتەوەی کورد بکات و مێژووی پڕ لە خیانەت و درۆ و چەواشەکاری بئاخنێتە مێشکی خەڵکییەوە. جیلی نوێی ئێمەش زۆر بە دەگمەن بەدوای سەرچاوە مێژووییەکاندا دەگەڕێ و خولیای نییە بۆ ئەوەی ڕووداو و بەڵگە مێژووییەکان بناسێت. لێ ئەوانەشی تەمەنێکیان بوراندووە و تا هەنووکەش ئەم دیرۆکە وەکوو چێشتی مجێور بە بیرکردنەوەی خۆیان دەنووسن، لە دواڕۆژدا ڕووڕەشی مێژوو و خەڵکی کوردستان دەبن. کورد گوتەنی: کەس ناتوانێ هەتا ڕۆژی دوایی، بە درۆ و خورافیات خەڵکی فریوبدات.

ئەوەش لینکی چاوپێکەوتنێکی سینەمخان بەدرخان لەسەر مێژووی ئاڵای کوردستان:

پوستێن ھەمان بەش