بەسێ، درۆکردن بەس ناکات!

بەسێ، درۆکردن بەس ناکات!

پەکەکە کەوا خۆی بە حیزبێکی کوردستانی دادەنێت، 10 چادری لقەکانی خۆی لە باکوور بینی، بەڵام کاروانی هاوکاریانەی باشووری کوردستانی نەبینی.!

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە بۆ ئەوەی هەڵمەتی هاوکاریەکانی باشووری کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا، کەم بایەخ پیشان بدات، لە میدیای پەکەکە دەرکەوتەوە و کۆمەڵێک قسەی کرد. بەسێ گوتی: “پەدەکە لە باشووری کوردستان ئاستەنگی زۆری بۆ هەوڵەکانی ئێمە لە کۆکردنەوەی یارمەتی دروست کرد”.

لە رێکەوتی 28ی شوباتی 2023دا بەسێ هۆزات بەشداریی لە بەرنامەی تایبەتی “مەدیا هەبەر تی ڤی” پەکەکەدا کرد و وەکوو هەمیشە راستیەکانی چەواشە کرد و سەبارەت بە کارەساتی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات و هاوکاریەکانی باشووری کوردستان بۆ زیانلیکەوتووان، گوتی: “پەدەکە ئاستەنگی بۆ گەلی ئێمە لە باشوور دروست کرد و نەیهێشت هاوکاری بکەن”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەسێ گوتی: “هاوکاریی و پشتیوانیی هەدەپە، هەدەکە، کەجەدە، دەبەپە، ڕێکخراوەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی، جەمخانەکان، بزووتنەوەی ئیسلامی دیموکراتیک و ڕێکخراوەکانی تورکیا زۆر بەهێز بوو. بەوە گەل هەندێک بەرگەی گرت و بەرەنگارییان کرد”.

10 چادری هەدەپە و 242 بارهەڵگری وەقفی بارزانی!

سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە مانگێک بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا تێپەر دەبێت، بەڵام هێشتا هەڵمەتی هاوکاریەکانی باشووری کوردستان کە لە رێگای “وەقفی بارزانی”ـەوە ئەنجام دەدرێت و ئەوەش بۆتە مانیشت و سەردێڕی میدیاکانی تورکیە و جیهان. ئیدی باسی ئەوە ناکەین کە گەلی ئێمە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان بە چ جۆش و خرۆشێکی گەورەوە و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای رەنگینی کوردستان پێشوازییان لە کاروانی هاوکاریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد. بەڵێ ئەو پێشوازیە بەربڵاوەی خەڵکی باکوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ پەکەکە وەکوو ژەهری مار وابوو. بەسێ هۆزات و سەرجەم رێبەرانی پەکەکە پێیان باش بوو کە باکوور و رۆژئاوای کوردستان بەتەواوی کاول ببان بەڵام ناوی کوردستان و بارزانی ئەوەندە لەو بەشانەی کوردستان بە باندۆر نەبایان.

تیمەکانی فریاکەوتن و هاوکاری کردنی باشووری کوردستان و وەقفی بارزانی، بە شاهیدی هەموو جهان وەکوو یەکەمین تیمی هاوکاری کردن بوون کە خۆیان گەیاندە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و هێشتا 24 کاتژمێر بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێنەپەڕیبوو کە ئەوان لەوێ ئامادە بوون. بە مەکینەی تایبەت و سەدان بارهەڵگر هاوکاریەوە لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل پەڕینەوە و خۆیان گەیاندە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان. تیمەکانی فریاکەوتن و هاوکاریەکانی باشووری کوردستان ئەوەندە گەورە و کاریگەر بوون کە تەنانەت سەدان کەسایەتی، پارلمانتار و سیاسەتوان لە فاشیستەکانی تورک، نەیانتوانی واقعییەتی گەورەیی ئەو هاوکاریانە بشارنەوە و سەرئەنجام ناچار بوون کە وەسفی ئەو هاوکاریانە بکەن. بەڵام پەکەکە کەوا خۆی بە حیزبی کوردستانی دادەنێت، 10 چادری 5 حیزبی لقی خۆی لە باکوور بینی، بەڵام ئەو هەمووە تیمی فریاکەوتن و کاروانی هاوکاریانەی باشووری کوردستانی نەبینی.!

ئێمە بە داتا و بەڵگەوە وەڵامی چەواشەکاریەکانی بەسێ دەدەینەوە:

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەکوو پێشنەگی هەموو جیهان، یەکەم دەزگای خێرخوازی بوو کە بە دەیان بارهەڵگر هاوکاریی بەپەلە، تیمی پزیشکی، تیمی فریاکەوتن و ماشێنی تایبەت بە کار کردن لە خانووە رووخاوەکاندا، خۆی گەیاندە باکووری کوردستان. هێشتا 24 کاتژمێر تێنەپەڕیبوو کە تیمەکانی باشووری کوردستان لە شارەکانی “دیلۆک، سەمسوور، ئۆرفا، ئەدەنە، ئامەد، مەرەش و مەلەتی” جێگیر بوون. تیمەکانی وەقفی بارزانی مرۆڤە گیرخواردووەکانیان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان رزگار دەکرد، هاوکارییان دەکردن و بریندارەکانیان تیمار دەکرد.

دوو رۆژ دواتر تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دەروازەی سەلامیەوە دەربازی عەفرین و ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە رۆژئاوای کوردستان بوون و هێشتاش هەر لەوێن و درێژە بە ئەرکە ئینسانیەکانیان دەدەن. وەقفی بارزانی لە ئێستادا ئۆفیسێکی لە عەفرین کردۆتەوە و لەوێیەوە راستەوخۆ هاوکاریی پێشکەش بە خەڵکی لێقەوماو و زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات دەکرێت.

بەپێی راپۆرتێک کە وەقفی بارزانی بڵاوی کردۆتەوە و سەرجەم هاوکاریەکانی بە داتا و بەڵگەوە لە راپۆرتەکەدا گونجاندووە، هەتا رێکەوتی 4ی ئادار ئەم هاوکاریانەی رەوانەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کردووە:

  • 142 بارهه‌ڵگر هاوکاری

  • 86 بارهەڵگر بۆ باكووری كوردستان و توركیا.

  • 56 بارهەڵگر بۆ رۆژئاوای كوردستان.

هاوکاریەکان بەمشێوەیە بوون:

  • 129 هەزار ژەمە خۆراکی گەرم

  • 47 هەزار و 136 بەتانی، دۆشەک و سەرین

  • 48 هەزار و 48 سێت ئاوی خواردنەوە

  • 25 هەزار و 192 ژەمە خۆراکی وشک

  • 20 هەزار و 857 ژەمە خۆراکی خێرا

  • نۆ هەزار و 139 هاوکاریی پزیشکی

  • حەوت هەزار و 40 جلوبەرگی جۆراوجۆر

  • چوار هەزار و 231 خێوەت

  • 500 هەزار لیرەی تورکی، پارەی کاش

  • هەشت هەزار و 802 پاکێجی منداڵان و شیری منداڵان

  • 220 بابەتی پێویستیی نێوماڵ

  • 100 ئامێری بیناسازی

بۆ بینینی کۆی راپۆرتەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرتە لێرە بکەن.

حکوومەتی باشووری کوردستان هەر لە سەرەتای روودانی کارەساتی بوومەلەرزەکەوە بڕیاریدا کە کەمپەینی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلیکەوتووانی بوومەلەرزە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان وەڕێ بخرێن. بە سەدان بارهەڵگر ئەو هاوکاریانەی باشووری کوردستانیان گەیاندە باکوور و رۆژئاوای کوردستان. دیمەنەکانی رەوانە کردنی هاوکاریەکانی باشووری کوردستان بوون بە رۆژەڤی سەرجەم میدیاکانی جیهان.

سەرجەم بارهەڵگرەکانی وەقفی بارزانی بە وێنەی ژنراڵ بارزانی و ئەو وتە بەناوبانگەی کە دەڵێت “شانازییە کە مرۆڤ خزمەتکاری نەتەوەی خۆی بێت” رازابوونەوە و بە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا دەگەڕان و هاوکاریی لێقەوماوانیان دەکرد. ئەو دیمەنانە تا ڕادەیەک دڵی فاشیستە تورکەکانی نەرم کرد و بەرپرسانی تورک بە فەرمی سپاسی ئەو هەڵمەتەی بەهاناوەهاتنەی کوردانیان کرد، بەڵام پەکەکە چاوی دیتنی ئەو هاوکاریانەی نەبوو و شەڕێکی تازەی میدیایی دژ بە باشووری کوردستان و پەدەکە دەستپێکرد. پەکەکە هەوڵێکی گەورە دەدات بۆ ئەوەی هەڵمەتی هاوکاریەکانی باشووری کوردستان کەم بایەخ پیشان بدات و بێ واتای بکات.

بوومەلەرزە سەلماندی کە ئەو حیزبەی پێی دەگوترێ پەکەکە، بەقەدەر زەرەتەلمسقاڵێک خێری بۆ کوردەکان ناوێت

پەکەکە لەکاتیکدا هەتا رۆژی ئەمڕۆ تاقە یەک دەسکەوتی بۆ کورد و کوردستان نەبووە، نەیتوانی لەو کارەساتە سروشتیەی کە بەسەر نەتەوەی ئێمەدا هاتووە، خۆی وەکوو حیزبێکی کوردستانی پیشان بدات. پەکەکە شەڕی رواڵەتیی خۆی دژ بە تورکەکان وەستاند بەڵام ئامادە نەبوو دژایەتی خۆی لەگەڵ باشووری کوردستان رابگرێت کەوا بەهەموو تواناوە سەرقاڵی هاوکاری کردنی براکانیانن لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان. رۆژانە بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە میدیاکان دەردەکەون و درۆ بۆ خەڵک دەکەن. ئەو بوومەلەرزەیە راستییەکی دیکەی پەکەکەی بە روونی پیشاندا و بۆ گەلی باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەرکەوت کە ئەو حیزبەی پێی دەڵێن پەکەکە، بەقەدەر زەرەتەلمسقاڵێک خێری بۆ ئەوان نەبووە.

Share