داوا دەکرێت ئاکرێ بکرێتە پایتەختی نەورۆز

“زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشداری مەراسیمی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵیان لە ئاکرێ کردووە و نزیکەی 500 میوانی بیانی ئامادەی مەراسیمەکە بوون”.
پارێزگاری دهۆک بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد ئاکرێ بکرێتە پایتەختی نەورۆز.
رۆژی سێشەممە 28/3/2023، راگەیاندنی پارێزگای دهۆک بڵاوی کردووەتەوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری ئەو شارە بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە ئاکرێ بکرێتە پایتەختی نەورۆز.
هۆکاری ئەو داوایەی پارێزگاری دهۆک بۆ کەلتوورە جوانەکەی ئاکرێ لە جەژنی نەورۆز، ئاهەنگە جیاوازییەکەی ئەو شارە لەگەڵ شارەکانی دیکە بۆ نەورۆز و ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارە ناوخۆیی و بیانییەکان کە بۆ بەشداریکردن لە مەرسیمەکانی نەورۆز سەردانی ئەو شارە دەکەن، گەڕێندراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (21ـی ئادار/مارسی 2023)، بڵند رەزا زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ بە رۆژنامەنووسانی گوت، زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشداری مەراسیمی هەڵکردنی ئاگری ئەمساڵی نەورۆزیان لە ئاکرێ کردووە و نزیکەی 500 میوانی بیانی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکە سەردانی ئەو شارەیان کردووە.
قهزای ئاكرێ سهر به پارێزگای دهۆكی باشووری کوردستانە و دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی ئهو پارێزگایه. لەنێوان سێ چیادایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون. ئەمەش دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە و لەساڵی 1877 زایینی بووە بە ناوەندی قەزا. ئەم شارۆچکەیە سەر بە پارێزگای نەینەوا بوو تاوەکو ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991، پاشان بە فەرمی بووە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای دھۆک و ھەرێمی کوردستان.