بەسەرهاتی ئەو 9 پێشمەرگەیەی کە پەکەکە شەهیدی کردن و تەرمەکانیانی ڕادەستی ڕێژیمی سەددام کردنەوە

پەکەکە گورخای سەرجەم دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستانە و لەپێناو بەرژەوەندیی دوژمنانی کورداندا خەڵک دەکووژێت و جینایەت دەکات.

هەر دەوڵەت و هێزێک کە بیهەوێ باڵادەستیی خۆی بەسەر وڵاتی کوردستاندا درێژە پێبدات و هەموو داواکارییەکی کوردان بۆ ئازادی تێکبشکێنێت، بەر لە هەرشت هەوڵ دەدات لەناو کورداندا جەریانێک بۆخۆی دروست بکات. دوژمنی هەرە گەورەی کوردستان، لە خودی کوردەکان پێکهاتوون. واقعییەتی پەکەکەش دەکرێ لەچوارچێوەی ئەو واقعییەتە مێژووییەدا ڕاڤەی بۆ بکرێت. دیارە پەکەکە جیاوازە لەو جەریانە کوردیانەی کە لە ڕەوتی مێژوودا دژ بە کورد و کوردستان بەکارهێنراون. پەکەکە نە تەنها لەلایەن یەک دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی کوردستان بەڵکوو هاوکات لەلایەن هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستانەوە دژ بە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەکار دەهێندرێت.

پەکەکە هێزێکی پارامیلیتەرە بەدەست کۆلۆنیالیستەکانی کوردستانەوە

سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەگشتی بێ لایەنانە لە مێژوو دەڕوانن، ئەو واقعییەتەی پەکەکەیان بە روونی بۆ دەردەکەوێت. هەر بەو هۆیەشەوەیە کە پەکەکە ماوەی 50 ساڵە لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا بوونی هەیە. لەسەر بنەمای ڕێژیمی ئەسەد لە سووریا، ڕێگای نەدا کە هیچ جەریانێکی دیکە بڕواتە ڕۆژئاوای کوردستان. لەسەر بناخەی ڕێژیمی ئێران، پەلاماری سەرجەم بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە. لە تورکیاش بە پیلان و هاوکاریی دەوڵەت، سەرجەم بزاڤە نەتەوەییەکانی لەناو بردن. لەسەر بنەمای ڕێژیمی سەددامی عێراقیش، پاش ساڵی 1988، پەلاماری هێزەکانی پیشمەرگەی دا و ڕۆڵی پاسەوانی سنووری بۆ ڕێژیمی سەددام دەگێڕا. لەئێستاشدا خۆی خستۆتە ژێردەست ڕێژیمی نوێی شیعەکان لە بەغدا و پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات.

پەکەکە هەبوونی خۆی لەسەر تێکشکاندن و لەناوبردنی دوژمنانی کورد پێناسە نەکردووە بەڵکوو مانەوەی خۆی لە سڕینەوە و لەناوبردنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورددا دەبینێت. پێناسەی هەرە باش بۆ پەکەکە ئەوەیە: “پەکەکە هێزێکی پارامیلیتەرە کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەکار دەهێندرێت”.

پەکەکە بۆ شاردنەوەی ئەو واقعییەتە، بە مەنتقی “هێرش، باشترین بەرگرییە”، جگە لەخۆی سەرجەم کوردەکان بە خائین و سیخور دەستنیشان دەکات. مێژووی پەکەکە بە واتایەک مێژووی شەڕی تایبەتی کۆلۆنیالیستەکانە دژ بە کورد و کوردستان.

پەکەکە بە ڕادەستکردنەوەی تەرمی پێشمەرگەکان ویستی نۆکەرایەتی خۆی بۆ سەددام ئیسپات بکات

لەساڵی 1988دا و لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی نگریسی ئەنفالدا، خەڵکی باشووری کوردستان ڕوویان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. ئەنفالی بەهدینان لە 25ی تەباخدا دەستیپێکرد. گوندەکان سووتێندران و خەڵک ئاوارە بوون. پێشمەرگە لەگەڵ خەڵکدا پاشەکشەیان کرد. لە ئەیلوولی 1988 هەتا ئاداری 1989، پیشمەرگەکانی کوردستان، ژمارەیەکی سنوورداریان لە خەتی حەفتەنین، بەرواری باڵا، زاپ ـ ئاڤاشین واتە بەهدینان مابوونەوە.

هێزەکانی ڕێژیمی سەددام بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات پێشمەرگەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ناوچەکە، دەستیان بە دانوستان لەگەڵ پەکەکە کرد. پێشتر جاشە بەکرێگیراوەکانی سەددام لە ناوچەکەدا هەبوون و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکەدا هەبوو، ئەمجارە لەنێوان ئەندامانی ئیستیخباراتی ناوەندیی ڕێژیمی سەددام و ئەفسەرانی ئەرتەشی ڕێژیمی بەعس لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکەدا دیدار و کۆبوونەوە بەڕێوە دەچوو. بەشێک لەو دیدارانەی پەکەکە و بەرپرسانی سەربازی و ئیستیخباراتی ڕێژیمی بەعس لە گوندی “دەرکارێ” سەر بە ناوچەی حەفتەنیندا بەڕێوە چوون. بەشێکی دیکە لەو دیدارانەش لە هۆتێل “سۆلاڤ”ی “ئامێدی”دا ئەنجام دران.

پەکەکە بۆ ئەوەی کە بڕوای سەددام بەدەست بهێنێت و بەهاوکاریی ڕێژیمی بەعس لە بەهدینان جێگیر ببێت، زانیاریی لەسەر پیشمەرگەکانی کوردستان بۆ ڕێژیمی سەددام ڕەوانە دەکرد و هاوکات بەپێی پلانێک کە ڕێژیم دایڕشتبوو بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات جارێکی دکە هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا پێگەی خۆیان مەحکەمتر بکەن و بەگوڕتر لە جاران درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، پەکەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتێک لەگەڵ ڕێژیمی سەددام و لە پیلانێکدا پۆلێک لەو پێشمەرگانەی شەهید کردن. پەکەکە بۆ ئەوەی ئیسباتی بکات کە ئەو پێشمەرگانەی شەهید کردوون، تەرمەکانیانی ڕادەستی جاش و جەیشی سەددام لە ناوچەکدا کردن.

پەکەکە بە پیلانێکدا یەکینەی ئەحمەد کادریان شەهید کردن و چەکەکانیان وەکوو خەڵات وەرگرت بۆخۆیان

وەکوو دەزانرێت پەکەکە لەساڵانی 1988 بۆ 1990دا زۆرێک پێشمەرگەی شەهید و بێسەروشوێن کردن.

بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە کە لە ئەنفالی 1988دا کشابوونەوە لەبە هاری 1989دا دەستیان بە گەڕانەوە بۆ سەنگەرەکانی شەڕ کردبۆوە و لەسەر خەتی چەل، ئەلکی و قلاباندا لەچوارچیوەی یەکینەی بچووک بچووکد گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردبوو. پەکەکە بۆ ئەوەی کە بڕوای سەددام بەدەست بهێنێت، زانیاری ئیستیخباراتیی لەسەر ئەو مەفرەزانەی پێشمەرگە دەدایەوە بە ڕێژیمی سەددام و تەنانەت بۆخۆی پۆلێک لەو پێشمەرگانەی شەهید کردن و تەرمەکانیانی ڕادەستی جەیش و جاشی عێراقی کردن.

لە ئاداری 1989دا، تیمێکی پێشمەرگە کەوا لە 6 کەس پێکهاتبوون، بەمەبەستی بەگوڕتر کردنی خەبات ڕۆیشتبوونە ناوچەکە و گەڕابوونەوە سەنگەرەکانی پێشووی خۆیان. لەو ناوچەیەدا تووشی گەریلاکانی پەکەکە هاتبوون. پێشمەرگەکان کە ساڵەهای ساڵ نان و خواردنیان بە گەریلاکانی پەکەکە دابوو، قەد بە خەیاڵیشیاندا نەدەهات کە لەلایەن گەریلاوە هیچ خراپەیەکیان بەرانبەر بکرێت و هیچ زیانیکیان پێ بگەیەندرێت. شەو پێکەوە لە شوێنێک مانەوە و مەفرەزەکەی پێشمەرگە کە لە ڕێگایەکی زۆر دوورەوە هاتبوون، ڕۆژی دواتری دەیانهەویست جلوبەرگەکانیان بشۆن و پاکوخاوینی بکەن، گەریلاکان پێیان گوتن کە ئێمە پاسەوانیتان لێدەکەین. لەکاتێکدا کە پیشمەرگەکان جلوبەرگەکانیان شوشتبوون و سەرقاڵی سەرشۆردن بوون، گەریلاکانی پەکەکە هەر 6 پیشمەرگەکەی دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و زۆر نامەردانە و نامرۆڤانە شەهیدیان کردن.

پەکەکە بەو جینایەتەشەوە نەوەستا و جاشەکانی ڕێژیمی بەعسی ئاگادار کردەوە و تەرمی ئەو 6 پێشمەرگەیەی کوردستانی ڕادەستی جاشەکان و جەیشی ڕێژیمی سەددام کردەوە و بەرپرسانی ئەرتەشی عێراقیش وەکوو دەستخۆشانە بۆ ئەو خیانەتە گەورەیە، چەکوچۆڵی ئەو 6 پیشمەرگەیەی کوردستانیان وەکوو دیاری دابوو بە گەریلاکانی پەکەکە.

ناوی ئەو پێشمەرگانەی کە لەو خیانەتەی پەکەکەدا شەهید کران بریتین لە:

1ـ ئەحمەد کادر.

2ـ سەعدوللا ئاڤدەل.

3ـ نزار محەمەد.

4ـ محەمەد حەمدی.

5ـ نزمی وەرمێلی.

6ـ خالد وەرمێلی.

پەکەکە کەوا لەپیناو سەددامدا خەڵکی دەکووشت؛ 3 پێشەرگەی باکووری کوردستانیشی شەهید کرد

پەکەکە بەپێی ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ ڕێژیمی سەددام واژۆی کردبوو، چاودێریی ئەو مەفرەزانەی پێشمەرگەکانی دەکرد کە دەهاتنە ناوچەکە و دواتر تەقەی لێدەکردن بۆ ئەوی لەناویان ببات. یەکێکی دیکە لەو یەکینانەی کە پەکەکە لەناوی بردن، 3 پێشمەرگەی باکووری کوردستان لە شارۆچکەی چەلێ بوون. لە کۆتاییەکانی ساڵی 1989دا، پەکەکە لە دەڤەری هەلوە بەرهێ و لە تەنیشت ئاوی زێ، 3 پێشمەرگەی پەدەکە دەبینێت. ئەو 3 پێشمەرگەیە خەڵکی ناوچەی چەلێ باکووری کوردستان بوون و لە ساڵی 1984دا بە ریزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە پەیوەست ببوون. لەساڵی 1988دا لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی نگریسی ئەفالدا، ڕۆیشتبوونە ئێران و پاش چەند مانگێک جارێکی دیکە گەڕابوونەوە ناوچەکە. پەکەکە لەو مەفرزە 3 کەسیەی پێشمەرگەکانیش هاتە دەست و هاوشێوەی 6 پێشمەرگەکەی دیکە لە قەراخ ئاوی زێی دەڤەری بەرهێدا بە پیلان شەهیدی کردن. پەکەکە تەرمی ئەو 3 پێشمەرگەشی ڕادەستی جەیش و جاشەکانی ڕێژیمی سەددام کرد.

ناوی ئەو سێ پێشمەرگەیەی کە پەکەکە شەهید کردن بریتی بوون لە:

1ـ حەمەد چەلی

2ـ حوسین بیادیر (گوندی نارل)

3ـ سەمەد بیادیر

بەڵگەکانی پەیوەندیی نێوان پەکەکە و ڕێژیمی سەددام لەبەردەستن. پەکەکە لە بەرانبەر دوژمنایەتی کردنی پیشمەرگە و پەدەکەدا، لەئاستی هەرە باڵادا پەیوەندیی لەگەڵ ڕێژیمی سەددامدا هەبووە و بڕێکی زۆر چەک و خۆراکی لە ئەرتەشی سەددام وەردەگرت.

پەکەکە گورخای هەموو کۆلۆنیالیستەکانی کوردستانە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەساڵی 1993دا سەبارەت بە شەڕی ساڵی 1991ی عێراق و کوێت کە کوردەکان توانیان بەهۆیەوە بەشێک لە خاکی خۆیان ڕزگار بکەن، گوتی: “دەیانهەوێ بەدەستی ئەو 2 حیزبە کوردیە (یەنەکە و پەدەکە)، ڕێژیمی سەددام لاواز بکەن”. ئۆجەلان خەباتی ئازادیخوازانەی کوردەکان بە نەرێنی شرۆڤە دەکات.

لە شەڕی ساڵی 2003دا لە عێراقیش پەکەکە سەرجەم ئەندام و لایەنگرەکانی خۆی لە ئەورووپا بە دروشمی “نا بۆشەڕ، ئێمە شەڕمان ناوێ” بەردایە سەر شەقامەکان. سەددام ئەو هێزە بوو کە پشتیوانیی لە پەکەکە دەکرد و پەکەکە نەیدەویست ئەو پشتیوانەی لەناو بچێت و ئەو شوێن و بارودۆخەی لەدەست بچێت کە بەهۆی ڕێژیمی سەددامەوە بەدەستیهێناوە. خاک، ڕزگاری و ئازادیی کوردستان هیچ گرینگیەکی بۆ پەکەکە نیە، تەنها شتی گرینگ بۆ پەکەکە، بەرژەوەندییە حیزبیەکانیەتی.

پەکەکە لە سەنگەری کۆلۆنیالیستەکانی کوردستاندا دژ  بە کوردان شەڕ دەکات و یەکسەر وەکوو سەرمازەڵە و کەرپەسە (chameleon) ڕەنگی خۆی دەگۆڕێت. سەددام ڕووخا و لە ئێستادا لە بەغدادا ڕێژیمێکی شیعە دەسەڵاتدارە. ئەو ڕێژیمە شیعەیە زیاتر لە سەددام دژی کورد و کوردستانە. پەکەکە لە ئێستاشدا ئەو خزمەتەی کە بە سەددامی دەکرد بەم ڕێژیمە شیعەیەشی دەکات. بۆ پەکەکە ئەوەی ڕۆیشت ئاغایە و ئەوەشی هاتووە پاشایە. هەروەکوو چۆناوچۆن لەبەرانبەر دژایەتی کردنی پێشمەرگەکانی کوردستان لە بەهدیناندا لە ڕێژیمی سەددام کرێی وەردەگرت، هەنووکەش لە بەرانبەر رێگری کردن لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شنگالدا، دیسان کرێ لە ڕێژیمی ئێستای عێراق وەردەگرێت.

لەم خۆڵبەسەریەی کورداندا، پەکەکە گەیشتۆتە ئاستێکی باڵا و لە ئێستادا گەریلاکانی پەکەکە ڕاستەوخۆ ئارمی میلیشیاکانی حەشدیان لەسەر شانیان داوە.

پەکەکەیەک کەوا هەموو کەس بە خیانەتکار دادەنێت، با سەیرێکی ئارمی سەر شانی گەریلاکانی بکات.

پەکەکە گورخای سەرجەم دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستانە و بە دڵسۆزیەوە لەپێناو بەرژەوەندیی دوژمنانی کورداندا خەڵک دەکووژێت و جینایەت دەکات.

پوستێن ھەمان بەش