جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی هێزی پێشمەرگە شەهید بوو

جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی هێزی پێشمەرگە شەهید بوو

ئێوارەی 22/10/2023، لەچیای قەرەچووغی مەخمووردا، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەکانی کوردستاندا ڕوویدابوو.

مقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی هێزی پێشمەرگە، دوای شەش رۆژ لە برینداربوونی لە شەڕەکەی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەکانی کوردستان لە سنووری مەخموور، ئەمڕۆ شەهید بوو.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی کردەوە، مقەدەم پوشۆ خالید، دوای چەند رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.

 مقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە نەخۆشخانەی “شاری راوێژکاری پزیشکی” چارەسەری وەردەگرت، ئەمڕۆ شەممە، 28/10/2023، نزیک کاتژمێر 07:30 خولەکی بەیانی شەهید بوو.

 مقەدەم پوشۆ بووە چوارەم شەهیدی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕەکەی 22ـی ئۆکتۆبەری قەرەچووخدا شەهید بووبێت.

لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا، عەقید قەهار جەوهەر قەهار، فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ی پیادە و هاوڕێ جەوهەر رەحمان شەهیدبوون؛ هەروەها دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە شەهیدبوو.

لە ڕێکەوتی 19/10/2023دا هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لە چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە؛ دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.

 دواتر هێزەکانی پێشمەرگە داوایان کرد ئەو خاڵانە بەوان بسپێردرێن یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، بەڵام لەو بارەوە رێکنەکەوتن و ئێوارەی 22/10/2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەکانی کوردستاندا دروستبوو.

Share