“کووبرا پار” داوای لێبووردن لە “پەروین چاکار” دەکات

"کووبرا پار" داوای لێبووردن لە"پەروین چاکار" دەکات

کووبرا پار: “پەروین چاکار سەرکەوتنێکی جیهانیی بەدەست نەهیناوە و تەنها بە لێدوانەکانی لەسەر ناسنامە کوردیەکەی پێشکەوتووە”.

کوبرا پار، پێشکەشکاری تی ڤی 100، کە شرۆڤەیەکی لەسەر هونەرمەندی کورد “پەروین چاکار” لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاو بەرەوڕوو بوو، ڕایگەیاند: “من تێدەگەم کە شرۆڤەکەم هەم بووەتە هۆی تووڕەبوونی کۆمەڵە خەڵکێک و هەمیش لە ڕێڕەوە ئەسڵیەکەی خۆی لادرا. شرۆڤەکەی من هیچ پەیوەندییەکی بە ناسنامەی بەڕێز چاکار و کوردبوونەوەکەیەوە نەبوو. من دەمهەوێ بڵێم کە ئەگەر هەڵەتێگەیشتنێکی وەها دروست بووە، من لە دڵەوە داوای لێبووردن دەکەم”.

ئەو قسانەی کە “کووبرا پار” سەبارەت بە هونەرمەندی ناوداری نێونەتەوەیی “پەروین چاکار”، لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەرنامەکەیدا لە “تی ڤی 100” کردبووی، کاردانەوەی بەربڵاوی بەدوادا هاتبوو.

کووبرا پار لە بەرنامەکەدا گوتبووی کە ئەو وەکوو ڕۆژنامەوان کاری ئەوەیە کە بەدواداچوون بۆ کۆنسێرتەکانی میوزیکی کلاسیک بکات بەڵام قەت ناوی “پەروین چاکار”ی نەبیستووە.

کووبرا گوتبووی کە پەروین چاکار هونەرمەندێکی ناسراو نیە، ئەو لەسەرانسەری جیهاندا بەشداریی لە ئۆپێرادا کردووە بەڵام سەرکەوتنێکی جیهانیی بەدەست نەهیناوە و تەنها بە لێدوانەکانی لەسەر ناسنامە کوردیەکەی پێشکەوتووە.

لە ئەنجامی کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵکدا، کووبرا پار بەرانبەر بەو قسانەی و لەبەر شرۆڤەکەی و “هەڵەتێگەیشتن” لە مەبەستەکەی، داوای لێبووردنی لە “پەروین چاکار” و لایەنگرەکانی کرد و گوتی: “مەبەستی من کوردبوونی ئەو یان ناسنامە ئەتنیکیەکەی نەبوو. ئەگەر شرۆڤەکەی من بۆتە هۆی هەڵەتێگەیشتنێکی وەها، من بە دڵ و بە گیان داوای لێبووردن دەکەم. من وەکوو ڕۆژنامەوانێک بەپێی پرنسیپەکانی کاری ڕاگەیاندن، دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە ئەگەر ئەوە بە غەدر و ناحەقی دەبیندرێت، من داوای لێبووردن دەکەم”.

پوستێن ھەمان بەش