ڕۆمانی “لەبەر دەرکەی زیندانی دیاربەکر، هات و هاوارە” بڵاو دەکرێتەوە

ڕۆمانی"لەبەر دەرکەی زیندانی دیاربەکر، هات و هاوارە" بڵاو دەکرێتەوە

مزگێنی و ئاگاداری

ماوەیەکی زۆرە کەوا من کار لەسەر دوایین ڕۆمانی خۆم لەسەر رەوشی زیندانی دیاربەکر دەکەم. من لەو ڕۆمانەدا ویستوومە دۆخی ئەو کەسانە بنووسم کە بەمەبەستی سەردانی ڕۆڵەکانیان، خۆشک و براکانیان، باب و مامەکانیان، خاڵ و پوورەکانیان هاتوچۆی زیندانەکەیان دەکرد. دەزانم کە زۆر وەدرەنگی کەوتووم، بەڵام هەتا ئێستاش هیچ کەسێک لەسەر ئەو رەوشە نەینووسیوە و وادیارە ئەوە بۆتە بەشی من.

ڕۆمانی “زێرەڤان”ی من کە لە ئێستادا وەرگێڕدراوەتەوە سەر چەند زمانی دیکەش، لە زمانی زێرڤانێکی زیندانەکەوە دۆخی گیراوەکان و ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە لەناو بەندیخانەدا بە سەرمانیان دەهێنا.

بەڵام من بینیم کە ئێمە وەکوو گیراوێکی ئەو زیندانە، بۆشاییەکمان بەجێهێشتووە و شتێکمان لەبیر کردووە، چوونکە ڕەوشی ئەو کەسانەمان نەنووسیوە کە دەهاتنە ناو زیندان و سەردانی ئێمەیان دەکرد. کاتێک کە بڕیارم دا لەسەر ئەوە بنووسم، ویستم هاوشێوەی ڕۆمانی “زێرەڤان”، ئەویش لەسەر بنەمای ڕاستییەک بنووسرێت. هەربۆیە بەپێی ئەوەی کە بۆم دەکرا، لەسەر ئینتەرنێت لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کە هاتوچۆی ئەو زیندانەیان کردبوو، هەڤپەیڤینم ئامادە کرد.

دواتر بۆ ئەوەی ڕۆمانەکە بنووسم، من نزیک بە مانگێک لەگەڵ کچە خاڵەکەی خۆم هەڤپەیڤینێکم ئەنجامدا کە ئەویش لەگەڵ ئەوەی هەر دوو لاقی سەقەت بوون بەڵام هەموو ڕۆژێک لەبەر دەرکەی ئەو زیندانەدا بوو. ئەو دەیگوت و من دەمنووسی، بەڕاستی وەحشەتێکی وەها دەرکەوت کە بە بڕوای من لەم جیهانەدا بەسەر هیچ نەتەوەیەک و ژنانی هیچ نەتەوەیەکدا نەهاتووە. هەربۆیە ئەو ڕۆمانە دەبێتە ڕۆمانێک کە دەنگی ژنانی کورد و هات و هاواری ئەوان لەخۆدەگرێت لەبەر ئەو دەرکەیەدا. ڕۆمانەکە ڕوونی دەکاتەوە کە لە هەر سەردانێکیاندا لەگەڵ چی ڕووبەڕوو بوون.

ئەو ڕۆمانە باس لە ڕەوشی گیراوەکانی ناو زیندانی دیاربەکر بەناوی 5 نۆلییە ناکات. ئەو ڕۆمانە ئەو ئێش و ئازارانەی کە دایک و خۆشکەکانمان، باب و براکانمان بینیویانە، ئەو ئێش و ئازارانەی کە دەستگیرانەکان و تازەبووکەکان لەبەر ئەو دەرکەیدا بەسەریاندا هاتووە، ڕوون دەکاتەوە. هۆکاری زۆرێک لە خۆکوژییەکانی کچ و قیز و ژنانی کورد لەو رۆمانەدا ڕوون دەبێتەوە.

من هەڤپەیڤینەکانم لەگەڵ بنەماڵەی گیراوەکاندا کۆتایی پێهێناوە ولە ئێستادا دەنووسم…. ئەم ڕۆمانە لە نەورۆزی ساڵی 2024دا دەگاتە دەست خوێنەرانی کورد. ئەوەی کە ئێوە دەتوانن لەوێ بیخوێننەوە، هەتا ئێستا لەبەر ئەوەی پێی دەگوترێت شەرم، باس نەکراوە. بەڵام بە سایەی کچە خاڵەکەمەوە کە هەر دوو لاقی سەقەتن، من لەو ڕۆمانەدا هەموو ئەو شتانەی کە لە تاریکاییدا ماونەتەوە، دەخەمە بەر ڕۆشنایی.

بە نووسینی ئەم ڕۆمانە زۆرم ئازار چێشت، بەم حاڵە نەخۆشەی خۆمەوە، جارێکی دیکە بوومەوە بە میوانی زیندان، لە خەونمدا دیسان ئازار و ئەشکەنجە دەبینم. بەڵام کێشە نیە، پێویست بوو کە ئەم بابەتە بنووسرێت، ئەوە بوو بە بەشی من و هیوادارم ئێوە بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، وەکوو من هەست بە دۆخی ئەو ڕۆژانە بکەن کە هاوشێوەی دۆزەخن.

چاوەڕێ بن…

ڕێز و سڵاو

بووبێ ئەسەر

پوستێن ھەمان بەش