پەکەکە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ تاکی کورد و پرسی کورد کردووە…

پەکەکە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ تاکی کورد و پرسی کورد کردووە...

کاتێک ئۆجەلان حیزبەکەی دامەزراند، لە کۆنگرەی یەکەمی پەکەکەدا بە شێوەیەکی دیکتاتۆریانە ئایدۆلۆژیای خۆی سەپاند.

سمکۆ عەبدولعەزیزی

بەشی دووەم: عەقڵی وەهمیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

لە بەشی یەکەمی بابەتەکەماندا وتمان کە کاتێک عەقڵی مرۆڤ تەندروست نەبێت، کردەوەی ناتەندروست ڕوودەدات. پارتی کرێکاران و کەسایەتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لە کاتی دانانی ناوی حیزبەکەیەوە هەتا ئێستا تووشی هەڵەیەکی گەورە هاتووە. دەتوانم هەلەکەی بە دوو خاڵی سەرەکی بخەمە بەر دیدتان:

1- کاتێک عەبدوڵڵا چووە زانکۆ، هیچی لە سیاسەت نەدەزانی، کاتێک کەوتە ناو شەپۆلی مارکسیزمەوە، تیایدا نوقم بوو، چونکە عەبدوڵڵا هیچ پاشخانێکی فیکریی نەبوو، بەڵکو وەک لاپەڕەیەکی سپی وابوو. بە پێی زانستی سوسیولۆجی و سایکۆلۆجی، زۆر ئاسانە کە عەقڵی مرۆڤی ساویلکە بخەیتە ژێر کۆنترۆڵ و وەکو خۆتی لێبکەیت. کاتێک عەبدوڵڵا بینی پارتی کرێکارانی تورکیا هەیە و بەشێکی زۆری قوتابیان ئەندامی ئەو حیزبە سیاسییەن، پێی وابوو ئەگەر ئەویش پارتێکی کوردی دامەزراند و ناوی کرێکاری لەسەر دابنێت، دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئەوەی ئەوانیش ڕۆڵیان هەبێت. لەم نێوەندەدا هەموو ئەو کتێبانەی عەبدوڵڵا کە دەخوێندرانەوە و بەدەست دەکەوتن، ناوەڕۆکەکانیان لە مارکسیزم ئاخێندرابوو و سەقای مارکسییەت چەقی گفتوگۆ و دانوستانەکانی ڕۆژانەیان بوو. واتە بە کورتی ئەم ناوە داهێنانی عەبدوڵڵا نەبوو، بەڵکوو چاولێکەری بوو.

2- لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دۆخی ئابوری تورکیا زۆر خراپ بوو، لە ڕووی بوونی کارگەدا بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەت لە باکوری کوردستان، دەتوانم بڵێم هیچ نەبوون. واتە نەبوونی کارگە بەو مانایەیە کە کرێکار یان ناتوانێت لەو شوێنەدا کار بکات یان ئەگەر هەندێکیش هەبن و کار بکەن، ژمارەیان زۆر کەم دەبێت. لەو سەردەمەدا کورد زیاتر کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکرد، واتە تاکی کورد زۆرتر جووتیار یان شوان و گاوان بوون.

شوان و جووتیاران زۆر وابەستەی زەوین و پاراستن و گەشەپێدانی زەوییەکە ئەرکی سەرەکیانە، بەڵام کرێکاران زیاتر وابەستەی کارگەن و ئەرکی سەرەکییان دابینکردنی مووچەیەکی شایستەیە. واتە بە کورتی دەڵێم کە خاک چەقی سەرەکیی هزری جووتیارە و کارگەش چەقی سەرەکیی هزری کرێکارانە. هەر بۆیە کەڵکەڵە و هزر و ڕەفتاری جووتیاران و مەڕدارەکان هەمان ڕەفتاری کرێکاران نییە.

جووتیاران و شوانکارەکان بۆ پاراستنی خاک کار و خەبات دەکەن و کرێکارانیش بۆ پاراستنی کارگەکان و زیادکردنی حەقدەستەکانیان کار و خەبات دەکەن.

ئەم جۆرە خەباتە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە سوسیولۆجی و سایکۆلۆژی و بیرکردنەوەی جووتیار جیاواز بێت لە کرێکاران.

بۆیە شوانکارەکان و جووتیاران بەرەو بیرۆکەی سەربەخۆیی نیشتمانی دەڕۆن و کرێکارەکانیش  بەرەو دادپەروەری بەڕێوەبردنی کارگەکان دەڕۆن.

واتە تاکی کورد تا خاکەکە ڕزگار دەکات و سەربەخۆ دەبێت، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

کاتێک عەبدوڵڵا حیزبەکەی دامەزراند و لە کۆنگرەی یەکەمی پارتی کرێکاراندا بە شێوەیەکی دیکتاتۆریانە ئایدۆلۆژیای خۆی سەپاند، پۆشاکی مارکسیزم و کراسی سۆسیالیزمی زانستیی کردەبەر حیزبەکەی و پێڕەوێکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئایدۆلۆژیایە پەسند کرد.

دەتوانین بڵێین کە سۆسیالیزمی زانستی شێوازێکە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگە لە هەموو لایەنەکانەوە (کۆمەڵایەتی، ئابووری، هزری و دەروونی) بە تێڕوانینێکی مێژوویی و بەکارهێنانی میتۆدی زانستی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە تا بەرەو ئاراستەیەکی گەشەسەندووتر و پێشکەوتووتر هەنگاو بنێن.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا عەبدوڵڵا و حزبەکەی لەسەر بنەمای زانستی شرۆڤەی کۆمەڵگەی کوردییان کردووە یان لە چوارچێوەیەکی داخراودا بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا سەپاندوویانە؟ ئایا عەبدوڵڵا و حیزبەکەی ڕێبازێکی زانستییان بۆ کۆمەڵەی کوردی دابین کرد و بەرەو گەشەسەندنیان برد، یان بەرەو کارەساتیان برد؟

لە بەشی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەمەوە…

پوستێن ھەمان بەش