زمان لە ڕێبازدا…

بەدەوڵەتبوون لە ڕێبازدا!!!

لە باکوری کوردستان زمانی کوردی لە لێواری مردندایە و کوردانی باکور بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە خۆیان و زمانەکەیان بکەن پێویستە فێری ئەم ڕێبازە پیرۆزە ببن.

بووبێ ئەسەر

ئەگەر خەباتەکە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بێت، پێویستە زمانەکەشی کوردی بێت. ئەگەر خەباتەکەکە بۆ ئازادی گەل بێت، گەلیش زمانی تایبەتی خۆی هەیە، خاوەنی دابونەریت و شێوازی تایبەتی بەخۆیەتی و ئایین و کولتووری تایبەت بەخۆی هەیە. لە نێو ئەمانەدا، گرنگترین شت کە بوونی گەلی نیشان دا، “زمان”ـە.

زمانی دایکی، نیشانەی بوونی نەتەوەیەکە و هەموو میللەتێک لە سایەی زمانەکەیدا بوونی هەیە. ئەوان بەو زمانە خۆیان دەردەبڕن، لەگەڵ یەکتردا قسە و دانوستان دەکەن. بۆیە دەبێ زمانەکەش گەشە بکات و بەهێزتر بێت.

ئەگەر مرۆڤەکان بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن، بیروباوەڕ و هزری نەتەوەیی زیاتر لەلای خەڵک بنمیچ دەگرێت. قسەکردن بە زمانی خۆمان، ڕۆحی نیشتمانپەروەری و شعووری وڵاتپارێزی لە مێشکماندا بەهێزتر دەکات. هەر بۆیە گوتراوە: “زمان مەرجی یەکەمی هەبوونە”.

ئەگەر ئارەزووی ئێمە ئازادی وڵاتەکەمان بێت، پێویستە لە هەموو لایەکەوە دەست بە قسەکردن و نووسین بە زمانی کوردی بکەین. دەبێ لە مێشکماندا، لە ژیانماندا، لە خەم و خۆشی و شایی و شیوەنەکانماندا، تەنها زمانی کوردی هەبێت. بەکورتی هەتا کاتێک زمانەکەمان لە مێشکماندا نەچەسپێت، کار و خەباتەکانمان زۆر قورس و ئەستەم دەبن. چونکە مێشک بە کامە زمان داگیر بکرێت، دەبێتە کۆیلەی ئەو زمانە.

لەبەر ئەوەیە کە کوردستانێک بە زمانێکی بێگانە قسەکردن، نابێت. کوردستانێک بەدوور لە کولتوور و داب و نەریتی کوردی، نابێت. پێویستە داواکاریی کوردان، کوردستانێکی ئازاد، دیموکراتیک و لە هەموو ڕوویەکەوە کوردانە بێت.

مرۆڤ بە کامە زمان قسە بکات، عادەت و تۆرە و ڕۆحی خاوەندارێتی ئەو زمانە لە مێشکی مرۆڤدا دەچەسپێت و جێدەگرێت. هەر بۆیە بارزانیەکان ئەمەیان کردۆتە خاڵێکی ئەم ڕێبازە پیرۆزە کە کوردیش بە زمانی خۆیان بئاخفن. چونکە زمان هەبوونە و ئەگەر من و تۆ ئەم هەبوونە نەپارێزین، ئیتر وەک کورد بوونمان نامینێت.

هەر بۆیە بارزانی ئەمەیان کردۆتە خاڵێکی گرنگی ئەم ڕێبازە. کاتێک مرۆڤ ئاوڕێک لە مێژووی بارزانیەکان بداتەوە، زۆر بە ڕوونی و ئاشکرایی دەردەکەوێت کە بارزانییەکان چەندە بەهایان بە زمان داوە و ڕێزیان لێ گرتووە.

لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا هەمیشە خاوەندارێتییان لە زمانەکەی خۆیان کردووە. ئەو زمانەی کە لە ماڵەوە قسەیان پێکردوە و بەکاریان هێناوە، هەمیشە هەر زمانی کوردی بووە. با کەمێک زیاتری شی بکەینەوە بۆ ئەوەی کەمێک ڕوونتر بێت.

لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام کە کوردستان کۆلۆنی عوسمانییەکان بوو، نەمر لە تلگرافێکدا کە بۆ عوسمانیەکانی ناردبوو، داوای کردبوو کە دەبێ تەلەگرافەکە بە زمانی کوردی بێت و ئەو بەرپرسانەی دەوڵەت کە لە کوردستان کار دەکەن دەبێ زمانی کوردیش بزانن.

هەروەک هەمووان مێژووی بارزانیەکان دەزانین، چەندین جار ئاوارە بوون و بەناچار لە زێد و شوێنی خۆیان کۆچیان کردووە. ئەگەرچی داگیرکەران هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی بارزانیەکان زمانەکەی خۆیان لەبیر بکەن، بەڵام بارزانیەکان هەمیشە لە ناو ماڵی خۆیاندا بە زمانی کوردی قسەیان کردووە و پەروەردەی ماڵەوە هەمیشە بە زمانی کوردی بووە.

هەروەها لە دەڤەری بارزان، هەمیشە زمانی کوردی زمانی فەرمی بووە. واتە بارزانیەکان زمانی بێگانەیان نەهێنایە ناو مالەکانی خۆیان و لە قسەکردن لەگەڵ یەکتریدا زمانی بێگانەیان بەکار نەهێناوە. چونکە دەیانزانی ئەگەر زمانەکە بوونی نەمێنێت، نەتەوەی کوردیش بوونی نامێنێت. هەر بۆیە ئەمەیان کردۆتە خاڵێک لە خاڵەکانی ڕێبازەکە بۆ ئەوەی هەموو بارزانیەکان پێکەوە بە کوردی قسە بکەن. هەرواش بووە.

زۆر جار ناوچەی بارزان چۆڵ کراوە و بارزانیەکان ئاوارە بووە. سەددام کوردی ناچار کرد کە ساڵەهای ساڵ ئاوارەی بەسرە بوون، بەڵام هەمیشە هەر بە زمانی خۆیان قسەیان کردووە. ئاوارەی ئێران بوون بەڵام لەوێشدا لەناو خۆیاندا هەر بە کوردی قسەیان دەکرد. لە قوتابخانەکاندا بە زمانی داگیرکەران دەیانخویند، بەڵام لە ماڵەکانیاندا تەنیا بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد و پەروەردە دەکران. لە ژیانی ڕۆژانەیدا، زمانی کوردییان بۆ قسەکردن بەکار هێناوە و هەربۆیەش بووەتە عادەتێک و بۆتە خاڵێکی ڕێبازی پیرۆز.

سەرۆک مەسعوود بارزانی هەمیشە لە هەموو دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتان بە زمانی کوردی قسەی کردووە و وتەکانی وەرگێڕدراون. بەڕێزیان زمانی عەرەبی و ئینگلیزی زۆر باش دەزانێت، بەڵام هەمیشە بە زمانی کوردی لەگەڵ ئەوانەی بەرامبەری قسەی کردووە، چونکە ئەوە بنەمایەکی گرنگی ئەم ڕێبازە پیرۆزەیە.

بەڵام ئەمڕۆکە لە باکوری کوردستان زمانی کوردی لە لێواری لەناوچوون و مردندایە. هەر بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە ئەم ڕێبازە پیرۆزە فێری کوردانی باکوری کوردستان بکەین بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە خۆیان و زمانەکەیان بکەن. زۆر گرنگە هەموو کورد بە باشی فێری ئەم ڕێبازە بن و خاڵەکانی یەک بە یەک لە ژیاندا جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی بەتەواوی لەناونەچین.

پوستێن ھەمان بەش