ئەرێ بەڕاستی میتی تورک کۆبانێی ڕزگار کرد؟

ئەرێ بەڕاستی میتی تورک کۆبانێی ڕزگار کرد؟

ئۆجەلان میتی تورکیا بە ڕزگاردەری کورد دەناسێنێ و لە کتێبی دێمۆکراتیک کورتولوشدا دەڵێ: “میتی تورک کۆبانێی ڕزگار کرد”.

دوکتور کەمال سلێمانی

زۆر هەوڵم ئەوەیە کە ڕەخنەیەک کە لە پەکەکەی دەگرم، لە ئاستێکی مەدنیانەدا و وەکوو دیبەتێک بمێنێتەوە. بەڵام، لایەنگرانی ئەو حیزبە توتالیتەرە، جگە  بۆ جنێۆ وتۆمەت ناتوانن زاریان هەڵپچڕن. کولتوری ئاپۆیی کولتور دیالۆگ و ڕەخنە نییە. کولتوری هێرش و تۆمەت و جنێۆ و ترساندن و تۆقاندنە. هیچ هزرێک کە بنەمایەکی لۆژێکی نەبوو، ناتوانن هەڵسوکەوتی لۆژێکیش لەگەڵ دژبەری فیکری و سیاسی خۆی بکات.  بەڕێوەبەرانی ئەو حیزبەش کە ساڵیانێکە توانیویانە لە ڕێی هەڕەشە و هێرش، هەژمۆنی بیری شەخس-پەرەستی بە سەر هێندێک لە کورددا بسەپێنن، توانای هاتنەدەر لەو مینتالیتەی ترساندن و تۆقاندنیان نییە. ناشزانن کە بیرکردنەوەی سیاسی و ڕاونگە کورد سەبارەت بە  سیاسەت کردن و هەڵسوکەوت کوردی لەگەڵ قەداسەتسازی نابەجێی حیزبی  گۆڕاوە. 

دوای نووسینی کورتە پۆستێک سەبارەت بە دروشمی ”بێ سەرۆک ژیان نابێت”، بەردەوام، هێندێک بە لایەنگری لە پەکەکە لەگەڵ جنێوی جینسی، تۆمەت میت و ئیتلاعات بوونم لێدەدن. دیارە ئەگەر من میت بوایەم بێگۆمان هەم ڕێزیان لێدەگرتم و هەم گرنگیشییان بە قسەکانم دەدا. ئەو تۆمەتانە  ئەوان تەنیا داماوی و زەبوونی  ئەو کەسانە و لایەنەکەیان دەگەیەنێت. بۆیە دەیانەوێت بە تۆمەت پێش لە بیرکردنەوە و ڕەخنە بگرن.  لە لایەکی دیکەشەوە ئەوە کاریگەری و گونجاوی  ئەو جۆرە ڕەخنانە  لە وان دەگەیێنێت.

 من زۆر هەوڵم داوە کە بتوانم هەستی لایەنگرانی پەکەکە لە بەرچاو بگرم و تا بۆم دەکرێت برینداری نەکەم و ئاستێک لە دیالۆگییان لەگەڵیان بێڵمەوە.  بەڵام،  کاتێک حیزبێک بوو بە عیبادەتگای پەرەستنی کەسێک و تۆ ڕەخنەت لەو کەسە گرت، ئیمکانی بریندار نەبوونی هەستی ئەندامانی ئەو عیبادەتگایە نامێنێت. کاتێک حیزبێک کە بەبێ ڕێبەر هەموو ژیان و مرۆڤ و بوون بە هیچ دەزانێ و تۆ پێچەوانەی ئەو جیهان دەبینی، لە بەرامبەر یەک کەوتن حەتمییە. کاتێک کە حیزبێک هەموو شتێک، جگە لە مافی مرۆڤی کورد بۆ ئازادی قسەکردن و ڕەخنە و ژیانی ئازادی،  پیرۆز کردووە؛ لە هەمان کاتیشدا دەم لە پێرۆزی ژیان و ئازادی دەدا، وەکوو ئەوەیە کە لە مەیدانی میندا بڕوات و هەر جۆڵەیەکی کە دەیکات خسارێک یان بە خۆی یان بە دەوروبەری دەگەینێت. ئەوە حاڵی ئیستای پەکەکەیە، هێزی زۆر و بیری کەم وەکوو فیلێک لە نێو مەزرای دوای بارانێیە.

پەکەکە دەڵێ  ڕێبەرەکەی پێرۆزە و  بێ ڕێبەری پەکەکە کورد مافی ژیانی نییە و هەر کەسیش کە ڕەخنەی لە ڕێبەری پەکەکە گرت، میتە.  ڕێبەری پەکەکەش تا بڵێی شتی کوتوە لە مەدداحی میت و قەت لە مەدح و سەنای ماندوو نابێت. بەڵام،  نە پەکەکە و نە لایەنگرانیشی کێشەیان لەگەڵ مەدح و سەنای ئۆجەلان بۆ میتی تورکیا هەیە.

ئۆجەلان میت تورکی بە ڕزگاردەری کورد دەناسێنی و ئۆجەلان لە کتێبی دێمۆکراتیک کورتولوشدا (لاپەڕەی ٤٠٦) بە ئاشکرا دەڵێ کە میتی تورکی کۆبانی ڕزگار کرد. کاتێک کە داعش بە هاوکاری و بە دنەی دەوڵەتی تورک هێرشی بۆ سەر کۆبانی کرد، کۆبانی لە ٣ لاوە گەمارۆ درا. تەنیا دەروازەی مورشیدپنار (بەڕوویی تورکیادا) مابوو کە دەوڵەتی ئەردۆغان و میتی تورک بەو دەروازەیەشدا، داعشییان نارد بۆ سەر کۆبانی و شەروانی کورد. بەڵام، ئۆجەلان  بە ئاشکرا دەڵێ کە ئەوە میتی تورکی بوو کە کۆبانی ڕزگار کرد.

ئەوەیە لە حاڵێکدا بوو کە لەو کاتە ڕا تەیارەکانی هاوپەیمانان، بۆمبارانی  داعشییان دەست پێکرد ودەوڵەتی  تورکیان ناچار کرد کە قبوڵ بکات  کە هێزی پێشمەرگەی باشوور بە باکووردا، بچێ بۆ پشتیوانی شەڕوانانی ڕۆژئاوا. بەڵام، ئۆجەلان کرێدێتی ڕزگاری ڕۆژئاوا نەدەدا بە شەڕوانی ڕۆژئاوایی، نە بە پێشمەرگەی باشوور و نە بە هاوپەیمانان. بەڵکوو کورد بە قەرزداری میت دەزانێ، ئەو میتەی کە بە ڕۆژی ڕوون  و لە بەرچاوی کامێرای تەلەڤیزیۆنەکانی جیهان، داعشی بۆ گیانی کوردی ڕۆژئاوا دەنارد.

برا و خۆشکی کوردم، ئەگەر ئێوە کێشەتان لەگەڵ ئەجیندای میت دژ بە کورد هەیە، فەرموون لێرە ڕا دەست پێ بکەن و هەر شتێک وەکوو  ئەوەشتان لە من دیت دەستم دەچاوی ڕا بکەن  بە میت-بوون تۆمەتبار بکەن.

 ڕستەی دوهەم : ” میت موداخەلەی تایبەتی کرد. لە ڕاستیدا ئەو [میت] کۆبانی ڕزگار کرد.” دێموکراتیک کورتولوش ٢٠١٥: ٤٠٦.

ئەرێ بەڕاستی میتی تورک کۆبانێی ڕزگار کرد؟

پوستێن ھەمان بەش