هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان، کورد لە هزری نەتەوەیی دوور دەخاتەوە!

هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان، کورد لە هزری نەتەوەیی دوور دەخاتەوە!

دەبێ پرسی نەتەوەیی کورد، پێوەر بێت و ڕوانگەی کەسایەتییە سیاسییەکان بەو پێوەرە هەڵبسەنگێندرێن.

دارا بلەک

لە باکوری کوردستان کاتێک باس لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەکرێت و بارودۆخی سیاسی هەڵدەسەنگێندرێت، زۆربەی کات کێشە کۆمەڵایەتییە ڕۆژانەکان، دۆخی دارایی هەنووکەیی و زۆرجاریش بەیاننامە و هەڵوێستی ڕۆژانەی لایەنە سیاسییەکان دێنە پێشەوە. دیارە بێگومان کاتێک مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی، ئاساییە کە کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە لە زۆر بواردا دێنە پێشەوە، بەڵآم ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە پرسی کورد وەکوو پرسیکی نەتەوەیی، لە هەڵسەنگاندن و نرخاندنە ڕۆژانەکاندا نابیندرێت.

زۆر جار وتار یان لێدوانی سەرۆکی حزبێک سەبارەت بە “دیموکراسی” یان دادپەروەری لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگە بەتایبەتی لەلایەن سیاسییەکانەوە وەکوو پێشکەوتنێک یان هەنگاوێکی ئەرێنی سەیر دەکرێت و هەڵوێستەکان بە پێی ئەو قسانە دەگیردرێن.

من پێم وایە ئەمە لە لاوازی هزری نەتەوەیی لای کوردی باکوورەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی خۆیان بە کوردستانی دەزانن، خەمێک لەم بابەتە بخۆن. لە تورکیا و باکوری کوردستان دەیان ساڵە کورد بە دەستەواژەهایەکی وەکوو “دیموکراسی”، “دادپەروەری”، “یەکسانی” و “براییەتی گەلان” فریودراوە. بەکورتی مەسەلەکە ئەوەیە تا پرسی کورد لە باکوری کوردستان لەسەر بنەمای مافە ڕەوا نەتەوەییەکانی کورد چارەسەر نەکرێت، سەرجەم دەستەواژەکانی “یەکسانی” و “دادپەروەری” و “برایەتی گەلان” بۆ کورد بێ واتان و ناوەڕۆکەکەیان به‌تاڵه و هیچ مانایەکیان نیە‌.

زۆر جار لە نێو سیاسەتمەدارە کوردەکاندا، کاتێک باسی کەسایەتییەکی سیاسی تورک دەکەن، دەڵێن: فڵان کەس دیموکراتە. بەڵام کەس باسی پێوەر وپێوانەی دیموکراتبوون لە تورکیا و باکوری کوردستان ناکات.

لە تورکیا سیاسەتمەدار هەرچییەک دەڵێت با بیڵێت، قسەکانی لە گوێی ئێمە خۆش دێن، با هەتا ئێوارە قسە بکات، ئەگەر هەڵوێستی لەسەر پرسی کورد نەبێت، بۆ کورد هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ئێمە پێیان دەڵێین ڕەگەزپەرست. چونکە، بۆ ئێمە دەبێ پێوەر و پێوانەکە، پرسی کورد بێت و ڕوانگەی کەسایەتییە سیاسییەکان بەو پێیە هەڵبسەنگێندرێن.

لە لایەکی ترەوە پرسی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان تەنها ئەو وشەی پۆپۆلیستیانە و دیموکراسی و یەکسانی و ئاشتی و برایەتی نییە کە ئەوان باسی دەکەن. پرسی کورد، پرسێکی نەتەوەییە. ئەمە دەبێت هێڵی نێوان ئێمە و ڕۆشنبیرانی تورک بێت. ئەم هێڵە زۆر تەنکە و نابینرێت. ڕەنگە، گەورەترین هەڵەی ئێمەش هەر نەدیتنی ئەم هێڵە تەنکە بێت.

بەرژەوەندی کەسی، کاریگەری لەسەر سیاسەت هەبووە. بەڵام ئەمە باسی لێوە ناکرێت. سەیر بکەن لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆژانە کەسانێک دەست لە حزبێک دەکێشنەوە و دەچنە ناو حزبێکی دیکەوە. جگە لەوەش کاتێک دەنگ بە پارتێکی سیاسی دەدات، بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆی بە پێوەر دادەنێت. ئەمەش بە شتێکی ئاسایی دادەنرێت.

کاتێک هەندێک لایەن بەناوی کوردستانەوە هاوپەیمانی دەکەن، کورسییەکانی پەرلەمان لەبەرچاو دەگرن یان لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا، مامەڵە بە چەند سەرۆکایەتی شارەوانی و ئەندامەتیی ئەنجومەنی شارەوانیەکانەوە دەکەن. پێویستە بۆ هەموو ئەمانە کوردستانیبوون پێوەر بێت. تا کوردستانیبوون پێوەر و پیوانە نەبێت، هەموو کەس تووشی هەڵە دەبێت.

تا ئێستا بەداخەوە حیزبە کوردییەکان یان ئەوانەی کە بە ناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن، لەبری ئەوەی کورد بن یان ڕوانگەی حیزبەکان بۆ کورد بە پێوەر دابنێن، ئەو ئایدۆلۆژیایە بە پێوەر دەزانن کە بۆخۆیان لێیەوە نزیکن و هەر بەو پێیەش هەڵوێست دەگرن.

“پارتی دەم” (DEM) بە ئاشکرا سیاسەتی ئەنتەگرەکردنی کورد لەگەڵ تورک و سیاسەتی تێکەڵکردنی کوردستان لەگەڵ تورکیا پەیڕەو دەکات. ئەمە هەمیشە وا بووە. بە واتایەکی تر جیاوازییەکی گەورە لە نێوان DEM و پارتێکی چەپی تورکیدا نییە. “دەم پارتی” و ئەو پارتانەی کە DEM درێژەی ئەوانە، دەیان ساڵە دەڵێن ئێمە نە حیزبی کوردستانین و نە حیزبێکی کوردیشین. لە هەڵبژاردنە گشتی و هەرێمیەکاندا بە بێ شەرت و مەرج پشتیوانی جەهەپەیان کرد. لەم هەڵوێستەدا پرسی کوردیان بە بنەما وەرنەگرت و تەنانەت باسیشیان نەکرد. ئەوان تەنیا دژایەتی کردنی “ئاک پارتی”یان کرد بە پێوەر و ڕووی دەنگدەرانی خۆیانیان کردە جەهەپە.

باشە کەسێک نەبوو بێڵێت: ئایا ئەم هەڵوێستە هیچ بەرژەوەندیەکی بۆ کورد هەیە؟ ئەم بابەتە زۆر باسی لەسەر نەکرا.

لەبەر ئەمە و چەندین هۆکاری دیکە، هەتا کاتێک کە بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردستان بە بنەما وەرنەگرین و لەسەر ئەو بنەمایە نەجووڵێینەوە، ناتوانیان لە سیاسەتی ئێستادا ڕێگەی خۆمان بۆ پێشەوە بدۆزینەوە. هەر هەنگاوێک کە ئێمە لە سیاسەتدا بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی، هەڵینەگرینەوە، دەکەوێتە خزمەتی ئەو لایەنانەی کە پرسەکەی ئێمە بە ماددەیەکی سیاسەتی نا کوردستانی و ناکوردانەی خۆیان دەزانن. کورد لەوێ دەچەقن و لە هزری نەتەوەیی دوور دەکەونەوە.

لە باکوری کوردستان، جگە لە “دەم پارتی” (DEM) زۆر حزب و ڕێکخراوی دیکە هەن. هەر لایەنێک بە پێی ڕوانگە و بەرنامەی خۆی دەجووڵێتەوە. بەڵام هەڵسەنگاندنەکانیان و تا ڕادەیەک هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە DEM هۆکارێکە بۆ ئەوەی ناتوانن لە ژێر یەک سەقفدا یەکێتی یان هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی دروست بکەن. ئەمەش لاوازی لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی “پارتی دەم”ـە. پێویستە ئەمە بە ئاشکرا و بە دڵفراوانیەوە باسی لێوە بکرێت و ئەو لایەنانە لەقاو بدرێن کە هۆکاری شکستی یەکڕیزی و هاوپەیمانی نەتەوەیین، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت ڕێگای ڕاست بۆ خۆی بدۆزێتەوە و سیاسەتی لەسەر بکات. بەڵام بەداخەوە هەموو جارێک ئەم بابەتە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەکەویتە ڕۆژەڤ و کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە ژێر سەقفێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بابەتی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو پرسی بەهێزبوونی هزری نەتەوەیی و پرسی دروستکردنی سیاسەتی کوردستانییە.

پوستێن ھەمان بەش