پەکەکە ئەو دوو کچەشی لە شەڕە بێ ئەنجامەکەیاندا بەکوشتن داوە

ئەو دوو کچەگەریلایە ناویان “دڵژین عەبدولڕەحمان” و “نووژیان ئیسماعیل”ـە و خەڵکی عەفرین و ماردین بوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناسنامەی دوو گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کردووە کە لە باشووری کوردستاندا کەوتوونەتە بەر هێرشێکی دەوڵەتی تورک و گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22/5/2024، هەپەگە باڵی سەربازیی پەکەکە، ناسنامەی دوو کچە گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کردووە کە لە 23ی نیساندا لە ناوچەی خواکورکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کراوەتە سەر و گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دوو کچەی کە پەکەکە لە بەرخۆدانی ساختەی خۆیدا و لەپێناو دروشمی دژەگەلیی “برایەتی گەلان”دا کردوونی بە قوربانی، ناویان “دڵژین عەبدولڕەحمان” و “نووژیان ئیسماعیل”ـە و خەڵکی شارەکانی عەفرین و ماردین بوون. پەکەکە ئەم دوو کچە کوردەشی وەکوو هەزاران هەڤاڵی دیکەیان فریو داوە و بەناوی بەرخۆدانەوە بردوونیەتیە شاخ و لەپێناو دروشمی دژە گەلیی برایەتی گەلاندا بەکوشتنی داون.
پەکەکە ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لە کچان و کوڕانی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و دوای ماوەیەکی بەرچاو ئەوسا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بۆ بنەمالەکەیان و ڕای گشتی ئاشکرا دەکات. گریمانە دەکرێت کە هێشتا بە هزەران ڕۆڵەی دیکەی کورد هەبن کەوا پەکەکە لە ڕابردوودا بە کوشتنی داون و هێشتا پەکەکە ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردووە.