شێخ سەعید: “من گیانی خۆم کردە فیدای نەتەوەکەی خۆم و هیچ پەژیوان نیم، چونکە نەوەکانم شەرم لە دوژمنەکانیان ناکەن. من زۆر دڵخۆشم.”
لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 1925دا فەرمانی لەسێدارەدانی “شێخ سەعید ئەفەندی” و 47 لە هاوڕێی درا و لە ڕێکەوتی 29ی حوزەیراندا لە مەیدانی “دەریێ چیا”ی ئامەد لەسیدارەدران.
شێخ سەعید یان شێخ سەعید پیران، شێخی نەقشیبەندی، پێشەوا و شۆڕشگێڕێکی کورد بوو کە لە ساڵی 1925دا سەرهەلدانی “شێخ سەعید”ی لە باکووری کوردستاندا دەستپێکرد.
شێخ سەعید لە 13ی شوباتی 1925دا لە دژی ستەم و خیانەتەکانی ڕێژیمی کەمالیستەکان ڕاپەڕی و دەستی کرد بە ئازادکردنی شارەکانی باکووری کوردستان کرد و هێزە کوردیەکان بە ڕابەرایەتی شێخ سەعید، شاری “ئامەد”یان بۆ ماوەی چەند مانگێک گەمارۆ دا.
دوای ئەوەی شاری ئامەد ڕادەست نەکرا، بە بڕیاری ئەنجومەنی شۆڕشی شێخ سەعید، گەمارۆ هەڵگیرا و تێکۆشەرانی کورد بەرە بەرە پەڕینەوە بۆ ناو باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
شێخ سەعید، ڕێبەری شۆرشەکە و 49 هاوڕێی بۆ ئەوەی دەربازی باسوور ببن، بەڕۆژ خۆیان دەشاردەوە و شەوانە جووڵەیان دەکرد. ئامانجی ئەوان درێژەدان بە شەڕی تایبەت و پارتیزانی بوو، بەڵام لە ئەنجامی خیانەتی ئاوەڵزاوایەکی شێخ سەعید بەناوی “سەردار قاسم” ناسراو بە “قاسۆ”، کە بۆخۆی یەکێک لە سەرکردەکانی سەرهەڵدانەکە بوو، شێخ سەعید و هەڤالەکانی بە دیل گیردران.
لە 10ی ئایاری ساڵی 1925دا شێخ سەعید و هاوڕێکانی خرانە بەردەم بەناو دادگای سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات (شارک ئیستیکلال مەحکەمەس)ی دەولەتی تورک لە شاری ئامەد و پرۆسەی بەناو دادگاییکردنەکەیان بۆ ماوەی نزیکەی 5 ڕۆژ درێژەی کێشا.
لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 1925دا شێخ سەعید و 47 هاوڕێی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و دوو هاوڕێی دیکەشی سزای زیندانی هەتاهەتایییان بۆ بڕایەوە.
پاش بڕیارەکەی دادگای تورکیا، لە هەمان ڕۆژدا 28 هاوڕێی شێخ سەعید لەسیدارە دران و ڕۆژی دواتری واتە لە 29ی حوزەیرانیشدا، شێخ سەعید ئەفەندی و 18 هاوڕێی دیکەی لە مەیدانی “دەریێ چیا”ی شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان لە سێدارە دران.
دەوڵەتی تورک، لە ڕۆژانی 28 و 29ی حوزەیرانی ساڵی 1925دا شێخ سەعید و 46 هاوڕێی لە مەیدانی دەروازەی چیای ئامەد لەسێدارەدا کە لە هەمان ساڵدا پیلانی ئیسڵاحاتیی شەرق واتە “کۆمەڵکوژیی سپیی” لە دژی کوردان دەستپێکردووە.
99 ساڵ لەمەوبەر بە شکستی شۆڕشی شێخ سەعید ئەفەندی، سیاسەتەکانی ئاسمیلاسیۆن “تواندنەوە” لەسەر زمان و کولتوور و مێژووی کورد بە توندی بەرێوەبرا و هەنووکەش بەشێکی بەرچاو لەو سیاسەتە کە بۆتە ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی تورک دژ بە نەتەوەی کورد، هەر بەردەوامە.
دەوڵەتی تورک پێیوابوو بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید و بەرفراوان کردنی هێرشەکانی بۆ سەر کوردەکان دەتوانێ کۆتایی بە مەسەلەی کورد بهێنێت بەڵام پاش راپەڕینەکەی شێخ سەعید، خەبات و راپەڕینی کوردان لەپێناو نیشتمان و ماف و رزگاری نەتەوەییدا بەردەوام بوو. ئەمڕۆکەش کوردەکان لەژێر ناوی حیزب و بزووتنەوەی جیاوازدا لەبەرانبەر زولم و ستەمی دەوڵەتی تورکەکاندا خەبات دەکەن و داوی مافە رەواکانی خۆیان دەکەن.
لیستی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ “شێخ سەعید”دا لەسێدارە دران:
1ـ شێخ سەعید ئەفەندی «شێخی نەقشبەندی لە پیران».
2ـ شێخ عەبدوللای مەلەکانی “فەرماندەی بەرەی هەرێمی مووش”
3ـ کامل بەگ «کوری خالد بەگی تۆکلیانی».
4ـ بابا بەگ «برای کامل بەگ».
5ـ شێخ شەریف «فەرماندەی بەرەی ئەلعەزیزی».
6ـ فەقی حەسەن فەھمی «فەرماندەی ئینزیباتان لە عەشیرەی زکتێ».
7ـ حەجی سادق «کارمەند لە ناوچەی گەنجێ/ ڤالێرلی سەر بە جەولگ».
8ـ شێخ ئیبراھیم «مفتی».
9ـ شێخ عەلی «لە بەرەی خارپێت».
10ـ شێخ جەلال «لە بەرەی خارپێت».
11ـ شێخ حەسەن.
12ـ محەمەد بەگ «فەرماندە لە دیاربەکر و لجێ».
13ـ مستەفا بەگ.
14ـ ساڵح بەگ.
15ـ شێخ عەبدوڵڵا.
16ـ شێخ ئۆمەر.
17ـ شێخ ئادەم
18ـ قەدری بەگ «فەرماندەی ئنزیباتەکان لە مادەنێ».
19ـ مەلا مەحمودی پیرانی.
20ـ شێخ شەمسەدین «فەرماندەی فارقین».
21ـ شێخ ئیسمایل «دیاربەکر».
22ـ شێخ عەبدوللـەتیف «دیاربەکر».
23ـ مەلا ئەمین «بەرەی گمگم».
24ـ عەلی عەرەب عەبدی بەگ.
25ـ محەمەد بەگ «کوری خەلیل بەگ».
26ـ سلێمان بەگ «کاتبی شێخ شەریف کوری حەسەن بەگ».
27ـ مەلا جەمیل «بەرەی خارپێت».
28ـ سلێمان بەگ «چەولیگ».
29ـ سلێمان بەگ “کورێ شەریف بەگ لە بەرەی کخی”
30ـ تاھر بەگ «کاتبی فەقێ حەسەن فەھمی».
31ـ مەحموود بەگ «کوری مستەفا بەگ لە ھێنێ».
32ـ شێخ عەلی «بەرەی گمگم، کوری شێخ مووسا»
33ـ حەجی خالد «بەرەی گمگم لە بالکان».
34ـ تەیموور ئاغا «بەرەی گمگم».
35ـ عەبدولـلەتیف بەگ «کوری کامل بەگی خنسی».
36ـ محەمەد بەگ «مووش».
37ـ سلێمان بەگ «بەرەی گمگم».
38ـ بەحری بەگ «بەرەی گمگم».
39ـ شێخ جەمیل «لە زۆراباد».
40ـ یووسف بەگ «کوری سلێمان بەگی چاپاکچوری».
41ـ عەلی بادان بەگ «چەولیگ/ لە عەشیرەی یاماچ».
42ـ خالد بەگ «بەرەی گمگم».
43ـ خالد بەگ «کوری نادر بەگ، بەرەی خارپێت».
44ـ تاھر بەگ «کوری محەمەد بەگ».
45ـ تەیب عەلی بەگ “مودیری ناحیە”
46ـ چەرکەز «خزمەتکاری شێخ سەعید کوری یووسف».
47ـ حامدی جەندەرمە.
شێخ سەعید پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێت، فەرمووی: “ژیانی سروشتیی من کۆتایی پێهات، من گیانی خۆم کردە فیدای نەتەوەکەی خۆم. من پەژیوان نیم، چونکە نەوەکانم شەرم لە دوژمنەکانیان ناکەن. من زۆر دڵخۆشم.”