پلانەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ داگیرکردنی باشوور، لە دەڤەری بەرواری- مەتینا-گارە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت

هەرکات دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی قەوارەی باشووری کوردستان هاتبێتە ئاراوە، پەکەکەش بەپێی پلانەکەی ئۆجەلان، پرۆسەیەکی ئیستفزازیی لە باشووردا دەستپێکردووە.
بەدرخان کۆچگری
لە باشووری کوردستان، کە بە فەرمی ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تاکە دەستکەوتی فەرمی کوردە لەم سەدەیەدا، شەڕێک لەئارادایە. هێڵێکی 60 ـ 80 کیلۆمەتری لە سنووری باکووری کوردستانەوە تا ناوەندی شاری ئامێدی، بووەتە گۆڕەپانی شەڕ. لە ئێستادا لە هەر چوار پارچەکەیی کوردستان تاکە بەشێک کە دەستکەوتی فەرمیی تێدا هەیە، باشووری کوردستانە، بەڵام بەداخەوە ئەو بەشەش کە شەڕێکی بەربڵاو و چالاکی تێدایە، دیسان هەر باشووری کوردستانە.
پرسیارێکی زۆر سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە باشووری کوردستان، کە تاکە بەشی ئازاد کراوی کوردستانە و خاوەن قەوارەیەکی فەرمی نەتەوەییە، بۆچی لەئێستادا بۆتە گۆڕەپانی شەڕ؟ هەروەها بۆچی و چۆناوچۆن شەڕی باکوور گواسترایەوە بۆ باشوور؟ بۆ نمونە ڕۆژئاوای کوردستان کە تا ئێستاش بارودۆخی ناڕوونە، هێندەی هەرێمی کوردستان نەبووەتە شوێنی شەڕی ڕۆژانە. دیسان لە باکووری کوردستان کە کۆلۆنیالیزم لە توندترین ئاستدایە، نە شەڕ هەیە و نە دەنگی تەقەیەکیش دەبیسترێت.
ئایا لە باکووری کوردستان کۆلۆنیالیست بوونی نییە؟ بەڵێ هەیە.
ئایا باکووری کوردستان قەرەقۆل وبنکە سەربازی دەوڵەتی تورکی لێ نییە؟ بەڵێ، زۆری لێیە.
ئایا پەکەکە حیزبی باکووری کوردستان نیە؟ بەڵێ، هەوە.
ئایا پەکەکە ناڵێت من دژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەم؟ بەڵێ، وادەڵێت.
کەواتە بۆچی لە باکوری کوردستان دەنگی تاقە گوللـەیەک نایەت، بەڵام تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا دەیان هێرشی ئاسمانی و تۆپخانە و هێرشی زەمینی لە باشووری کوردستان ڕوودەدەن؟
لە شاخەکانی بۆتان و جۆلەمێرگ کە مەیدانی شەڕ و نەبەردی چەندین ساڵە بوون، ئەمڕۆکە هاوینەهەواری گەشتیاری دروستکراون. لە ئێستادا هیچ گوندێک لە باکووری کوردستان نییە کە هاتووچۆی بۆ قەدەغە کرابێت، خەڵک گەڕاونەتەوە بۆ هەموو ئەو گوندانەی کە پێشتر چۆڵ کرابوون. لەوەها دۆخێکدا بۆچی دەبێ تەنها لەم هەفتەیەی ڕابردوودا دەیان گوندی باشووری کوردستان لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندا بن؟
بۆچی باشووری کوردستان بووەتە گۆڕەپانی شەڕ؟
ئایا مەگەر چەلێ، شەمزینان و قولەبان، قەڵای پەکەکە نەبوون؟ بەڵێ. کەواتە بۆچی چەکدارانی تورک و بنەماڵەکانیان دەتوانن لە شارێکی وەک چەلێدا ئازادانە بە کۆڵان بە کۆڵانی شارەکەدا بسووڕێنەوە و بە ئارامی بژین؟ بەڵام بەرواری باڵا دەبێتە ئامانجی هێرشەکان. بۆچی خەڵکی چەلێ باخی ترێ و کێڵگە و زەوینەکانیان دادەچێنن، بەڵام گوندنشینانی دەرگەلێ و بێشیلێ و گوهەرز و هتد…، ناتوانن بچنە سەروەخت مەڕوماڵاتەکانیانەوە؟
هەپەگە بە سەرکەوتنێکی زۆرەوە ڕایگەیاند کە بۆ یادی شەهیدانی 14ی تەمووز کە لە زیندانی “ئامەد” گیانیان لەدەستداوە، چالاکی ئەنجام دەدات، بەڵام چالاکییەکان لە ئامەد ناکرێن، بەڵکو لە ئامێدی ئەنجام دەدرێن.
ئێوە ناتوانن ئەم بابەتە بە دەستەواژەی وەک کۆلۆنیالیزمی تورک، دڕندەیی، بەرخۆدانی پەکەکە و هتد… ڕاڤە بکەن، ئەوەی کە ڕوودەدات بەڕێکەوت نییە بەڵکو پلانی بۆ دانراوە. ئەم شەڕە هەنگاو بە هەنگاو ڕاکێشی ناو قووڵایی خاکی باشووری کوردستان کرا.
لە مانگی گوڵانی ساڵی 1999دا، زەلامێک لەسەر کورسییەکی نزم دانیشتووە و لەگەڵ کەسێک قسە دەکات. ئەم کەسە لە قسەکانیدا کە لەلایەن کامێراکانەوە تۆمارکراوە، دەڵێت: “دەزانم خەڵکی باشوور عەلاقەیەکی زۆریان بە ئێمە هەیە. بەڕای من پێویستە هەموو شتێک بە نهێنی بمێنێتەوە. من پارە و چەک و شتێکی لەو جۆرەم ناوێت. لەو پەیوەندییەدا تەنها کەمێک پشتگیریم لە ئێوە دەوێت. پێویست ناکات بارزانی و تاڵەبانی زۆر بەهێز بکرێن… ئەگەر هەڵوێستێکمان هەبێت دەتوانین وردوخاشیان بکەین. ئێمە ناهێڵین ئەوان (بارزانی-تاڵەبانی) هەناسە بدەن و دەیانبەستینەوە بە تورکیاوە. هەر بۆیە من پلانی هەولێرم بە ئێوە (دەوڵەتی تورک) پێشنیار کرد. ئەگەر ئێوە هاوکارم بن، ئێمە ڕێگە بە بارزانی نادەین هەناسە بدات، ڕێگە نادەین تاڵەبانی هەناسە بدات. پلانێک کە ئێوە ناتوانن بە پارەش جێبەجێی بکەن، من بە بەلاش و بەخۆڕایی بۆتانی جێبەجێ دەکەم.
من سوودێکی گەورە بە تورکیا دەگەیەنم. من شتێکی زۆریشم لە ئێوە ناوێت، تەنها پشتیوانی ئێوە و هەندێ ئامرازی سنوورداری کارکردنم لە ئێوە دەوێت. ئێمە دەبێ پێکەوە تاوتوێی بکەین و وێکڕا پلانێک دابڕێژین. ئێوە وەکوو دەوڵەت ناتوانن بۆخۆتان ڕاستەوخۆ ئەمە بکەن. من باسی شتی وەها خەیاڵی ناکەم، بەڵام سەیرکەن، ئایا ئەمریکا زلهێزێکی جیهانی نییە، بەڵام ئەویش بەکرێگیراو بەکاردەهێنێت. ئێمە هێزی ئێوە (دەوڵەتی تورک)ین. لە باشووردا شەڕێکی ئەفسوناوی پێویستە”.
ئەم کەسە کێیە؟ بێگومان عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئۆجەلان پایەیەکی گرنگی پرۆسەی داگیرکردنی باشووری کوردستانە لەلایەن تورکیاوە. لە ڕاستیدا بە پێی قسەکانی خۆی، ئۆجەلان بەکرێگیراوە.
ئەو پلانەی کە ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا پێشکەشی تورکیای کرد، ئەمڕۆکە هەنگاو بە هەنگاو لەسەر هێڵی بەرواری باڵا-ئامێدی، شیلادزێ-دێرەلۆک، جێبەجێ دەکرێت. بۆچی دەوڵەتی تورکیا گەیشتۆتە سنووری ئامێدی؟ بۆچی ڕۆژانە گوندەکانی گوهەرز و سەرگەلێ بۆردومان دەکرێن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەو بابەتەی ساڵی 1999دا شاراوەتەوە. لەو کاتەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، ئەو پلانەی کە ئۆجەلان پێشکەشی دەوڵەتی داگیرکەری کرد، هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت.
هەرکات دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی قەوارەی باشووری کوردستان هاتبێتە ئاراوە، پەکەکەش بەپێی پلانەکەی ئۆجەلان، پرۆسەیەکی ئیستفزازیی لە باشووردا دەستپێکردووە.
ساڵی 2003 کاتێک ڕژێمی سەدام ڕووخا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا بڕیاریدا بچێتە شەڕەوە. ئامانج لێی شەڕکردن لەدژی تورکیا نەبوو، بەڵکو ئامانج ئەوە بوو کە لەناو گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاستدا، تورکیا بتوانێت بە بیانووی پەکەکەوە دەستوەردان لە ناوچەکەدا بکات.
ساڵی 2012 کە بەهاری عەرەبی دەستی پێکرد، دەرفەتی گەورە بۆ کورد هاتە ئاراوە. لە هەرێمی کوردستاندا بارودۆخی بەدەوڵەتبوون لەبار بوو، بەڵام ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە پرۆسەیەکی بە ناوی “شەڕی چەکداری ـ شۆڕشگێری گەل” دەستپێکرد. شەڕی خەندەقەکان بەرهەمی بڕیاری “شەڕی چەکداری ـ شۆڕشگێری گەل”ی ئۆجەلان بوو. بە پێچەوانەی زانیاریەکانی خەڵک، ئۆجەلان نەک هەر دژی هەڵکۆڵینی خەندەقەکان نەبوو، بەڵکوو بۆخۆی پلاندانەری بوو. ئۆجەلان لە ساڵی 2014دا وتی: “شەڕ لە شارەکاندا ڕوودەدات و ڕەنگە لە یەک ڕۆژدا 50 هەزار کەسیش بمرن”. خەندەقەکان هەڵکەندران. شەڕی خەندەقەکان، پرۆسەیەکی هاوبەش بوو کە پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی تورکیا وێکڕا گەورەترین گورزیان لە باکووری کوردستان وەشاند تا باکوور جارێکی دیکە نەتوانێ پشتی ڕاست بکاتەوە. کارەساتی شەڕی خەندەقەکان وردە وردە شەڕی بۆ باشووری کوردستان گواستەوە. هەر بەو هۆیەشەوە پەکەکە لەم شەڕەدا کە لە ساڵی 2018ـەوە بەردەوامە، تاقە یەک شوێنی ڕادەستی پێشمەرگەکانی کوردستان نەکردووە. ئەگەر پێشمەرگە ئەو دەڤەرانەی کۆنترۆڵ کردبا، ئەوکات دەکرا دەوڵەتی تورک ڕابگیرێت و ئیدی ئەم داگیرکاریەی ئێستا ڕووی نەدەدا.
بەڵام پەکەکە سیاسەتێکی دوولایەنەی پەیڕەو کرد. ئۆجەلان کارتێکی گەرەنتی بوو لە باخەڵی دەوڵەتی تورکدا. ڕەنگە ئەمڕۆ-سبەی ئۆجەلان لەناکاو بێتە دەرەوە و بڵێت “من شەڕ ڕادەوەستێنم، پاشەکشە بکەن”. ئۆجەلان لە باوەشی دەوڵەتی تورکدایە. لەم ڕووەوە پەکەکە لەژێر کاریگەیی دەوڵەتی تورکدایە. گەریلاکانی پەکەکە نا، بەڵام ڕێبەرایەتیی پەکەکە لەژێر گەرەنتیی دەوڵەتی تورکیادان.
لە لایەکی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە لەبەر ئەوە دەڵێ من لەگەڵ دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەم، چوونکە لەلایەن عێراق و ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. پەکەکە خۆی کردۆتە دوو بەش. باڵێکی بەدەست تورکیاوەیە و باڵەکەی دیکەشی بەدەست ئێرانەوەیە. بەڵام باشووری کوردستان بەمشێوەیە نییە، هەم ئێران و هەمیش تورکیا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن. ئەمە واقعییەتی ئەو شتانەیە کە ڕوودەدەن.
پێویستە ئەوە ببینین کە پەکەکە لە نێوان تورکیا و ئێراندا خۆی بەسەر دوو باڵی جیاوازدا دابەش کردووە و بەمشێوەیە هەم ژیانی ئۆجالان و هەمیش ژیانی جەمیل بایک مسۆگەر دەکات.
دەڵێن، بۆچی پێشمەرگە پێش بە هاتنی سوپای تورکیا ناگرێت و شانبەشانی گەریلا شەڕی تورکەکان ناکات؟ دوو ـ سێ وەڵامی زۆر سادە هەیە:
1- حکوومەتی کوردستان و بەتایبەت بزووتنەوەی بارزانی باش دەزانن کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە ستراتیژێکی زۆر قووڵەوە لەلایەن پەکەکەوە ڕاکێشی قووڵایی خاکی باشوور کراون.
2- لە عێراقدا کێ دوژمنایەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەولێر دەکات؟ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. حەشدی شەعبی هاوکاری کێیە لە عێراقدا؟ پەکەکە. کێ ڕێگە نادات پێشمەرگە بڕواتە ناو شنگال؟ پەکەکە. کێ مووچە بە پەکەکە دەدات؟ حەشدی شەعبی. کێ چەک دەدات بە پەکەکە؟ حشدی شەعبی. پەکەکە لە چیای قەرەچووغی سەر بە مەخموور کشایەوە، ڕادەستی سوپای عێراقی کرد و نەیهێشت پێشمەرگە لەوێ جێگیر ببێت. پەکەکە شنگالی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد. لەسەدا سەد ڕوونە کە ئەگەر سبەی ڕۆژ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی پەلاماری پێشمەرگەکانی کوردستان بدەن، ئەوا هێزەکانی پەکەکە پیشەنگایەتییان دەکەن.
3- پەکەکە بە دوژمنایەتییەوە وەڵامی هەموو هەوڵەکانی حکومەتی باشووری کوردستانی بۆ ڕاگرتنی ئەرتەشی تورکیا، دایەوە. پێشمەرگەی کوردستان بەپێی بەرنامەی خۆی دەیهەویست سەری ئامێدی بگرێت بۆ ئەوەی تورک نەڕواتە ئەوێ، بەڵام پەکەکە بە مووشەک هێرشی کردە سەر پێشمەرگە و 5 پێشمەرگەی شەهید کرد. ئەگەر لەو کاتەدا پێشمەرگە ئەو لوتکەیەی گرتبایە ئەمڕۆ ئەم ململانێ و ناکۆکییانە لە دەڤەری ئامێدی ڕوویان نەدەدا.
لەبەر ئەم سێ هۆکارە، پێشمەرگە مەجبوور نیە لە شانۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیادا لە پاڵ پەکەکەدا بێت. با ڕاستگۆ بین ئەگەر پێشمەرگە بیویستایە پەکەکە ڕابگرێت، ئەمڕۆکە پەکەکە نەیدەتوانی لە بادینان ئاوی خواردنەوەش دەستبخات. هەموو لێدوانە میدیاییەکانی پەکەکە سەبارەت بە پێشمەرگە درۆ و دەلەسەن. بەپێچەوانەوە پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە هاوئاهەنگیەوە خاکی ئازادی باشووری کوردستان دەسووتێنن، وێرانی دەکەن و دەیکەن بە گۆڕەپانی شەڕ. بە واتایەکی تر “پلانی هەولێر”ی ئۆجەلان هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت.