“بارزانی نەمر” زیاتر لە 60 ساڵ لە ژیانی خۆی لەپێناو دۆزی گەلەکەی و خاکی پیرۆزی کوردستان، فیدا کرد.
ژەنەراڵی چیاکان، سەرکردەی ڕۆحی نەتەوەی کورد، “مەلا مستەفا بارزانی” بۆ ئازادی و مافەکانی گەلی کورد ژیا و لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا، خەبات و تێکۆشانیکی دژواری بەڕێوەی برد. بە سادەیییەکی زۆرەوە لە چیا سەرکەشەکانی وڵاتی شیرین ژیا، ئەو ئارامگەیەی کە لە ئێستا ئەوی لێیە، هێشتاش ڕامانەکانی سادەیی ژیانی ئەم ئەفسانە گەورەیەی کورد، لە ناو خۆیدا دەحاوێنێتەوە.
سەرۆکی نەمر “مستەفا بارزانی” هەموو تەمەنی خۆی بۆ گەلەکەی و نیشتمانەکەی خۆی تەرخان کردبوو، هەر بۆیەشە کە گەلی کورد نەک هەرگیز ئەم ڕێبەرە گەورەیە لەبیر ناکات، بەڵکوو بەردەوام هێزی لێ وەردەگرێت و درێژە بە خەباتی ڕەوای خۆی دەدات. “بارزانی نەمر” ئەو کەسە بوو کە توانی لە دژوارترین هەلومەرجدا، گەلی هەژار و ستەملێکراوی کورد و دۆزە ڕەواکەی بە جیهان بناسێنێت.
“مەلا مستەفا بارزانی” کوڕی شێخ محمد بارزانییە، لە 14ی ئازاری ساڵی 1903 لە گوندی بارزان لە دایک بووە و لەکاتیکدا کە هێشتا تەمەنی 3 ساڵآن بووە، زوڵم و ستەمی دوژمنی ئەزموون کردووە و لەگەڵی ژیاوە و لە دوای شکستی شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام، لەگەڵ دایکیدا لە شاری مووسڵ لەلایەن عوسمانییەکانەوە زیندانی دەکرێن.
“بارزانی نەمر” زیاتر لە 60 ساڵ لە ژیانی خۆی لەپێناو دۆزی گەلەکەی و خاکی پیرۆزی کوردستان، فیدا کرد. لە ڕاستیدا ئەو توانی بە حیکمەت و قارەمانێتی و دڵسۆزی ئەو ئەرکە پیرۆزە بە ئەنجام بگەیەنێت و کورد بگەیەنێتە کەنارەکانی ئارامی. ئیدی کورد لە سایەی خەباتی ئەم مرۆڤە مەزنەوە، بوو بە خاوەنی دۆز و هەروەها لە سایەی خەباتی “بارزانی نەمر”دا کورد وەکوو نەتەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا فەرز کرا.
نەمر “مستەفا بارزانی” لە 1ی ئازاری 1979دا بە هۆی نەخۆشی لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە 5ی ئایاری 1979دا لە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە لە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا .
“بارزانى” وەسیەتى کردبوو کە وەک هەموو پێشمەرگەیەکى کوردستان بەخاکی بسپێرن و نابێ بەهیچ شێوەیەک شوێنى ناشتنەکەى ئەو لەگەڵ پێشمەرگە و گیانفیداکانی کوردستاندا هیچ جیاوازییەکى تێدا هەبێت.
هەر بۆیە هەم یەکەم ئارامگەکەی لە شاری شنۆ و هەم ئارامگەکەشی لە بارزان، بە سادەترین شێوە دروستکران. دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 تەرمی “مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی” بۆ باشووری کوردستان و زێد و شوێنی لەدایکبوونیان گواسترانەوە و لە دەڤەری بارزان بە خاک ئەسپێردران.
گۆڕستانی بارزان کە بە “مەزاری نەمران” ناسراوە، لەو ڕۆژەوە کە تەرمی “سەرۆکی نەمر مستەفا بارزانی”ی لە ئامێز گرتووە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، بووەتە شوێنێکی پیرۆز و جێگای ڕێز لەلای گەلی کوردستان. مەزارەکە دەکەوێتە ناوەندی گوندی بارزان، هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی “سەرۆکی نەمر”دا دەبێتە شوێنێک بۆ لەخۆگرتنی نیشتمانپەروەرانی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە، ئەمەش بووەتە نەریتێکی ساڵانە.
مەزاری نەمران، بەو سادەییەی کە لەسەری بنیات نراوە، هەنووکەش ڕامانی سادەیی ژیانی ئەو ئەفسانە گەورەیە بۆ منداڵان و گەنجان و نیشتمانپەروەرانی کورد دەگێڕێتەوە و هێشتاش کورد هێز لەو ڕامانانەی ڕێبەری نەمری خۆی وەردەگرێت و درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی و سەربەستیدا دەدات.
بارزان قوتابخانەی شۆڕش و بەرخۆدان و کوردایەتییە و ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و مستەفا بارزانییە کە لە پێناو ئازادی و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و مافەکانی گەلی کوردستاندا خەبات و تێکۆشانیان کردووە.