جێگری سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک: “دەمانەوێت پرۆسە نوێی ئاشتی بە زووترین کات بگاتە ئەنجام”.
جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی قسەی کرد و داوا دەکات پەکەکە بە زووترین کات خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی CNNی تورکی، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت پرۆسەکە بە زووترین کات و بە خێرایی بگاتە ئەنجام.
جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، “لەگەڵ بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) لە کاری ورد بۆ پرۆسەی تورکیای دوور لە تیرۆر بەردەوامن”.
یەڵماز گوتیشی: “بانگەوازێک لەلایەن دامەزرێنەری ڕێکخراوی (پەکەکە) کرا و تێیدا ڕایگەیاند، چی دیکە هۆیەک بۆ بەردەوامیی ڕێکخراوەکە نییە” و داوای کرد خۆیان هەڵبوەشێننەوە. ئاماژەی بەوەش دا “ئەم پرۆسەیە کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی ستانداردەکانی گەشەپێدانی وڵات، بە کۆتاییهاتنی تیرۆر و کایەی دیموکراسی دێتە ئاراوە.”
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی خستە ڕوو “تیرۆر، دوژمنی گەشەسەندن و دیموکراسییە و گەلەکەیان گەورەترین باجی تیرۆرییان داوە.” بە ئاماژەدان بە باکووری کوردستان، یلماز ڕایگەیاند “بەهۆی پەراوێزخستنی تیرۆر، باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە.”
جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت پرۆسە نوێی ئاشتی بە زووترین کات و بە خێرایی بگاتە ئەنجام و سەردەمی نوێی برایەتی هەزار ساڵەیان لەگەڵ نەتەوەکان دەست پێ بکات.