پەکەکە بۆتە دارەدەستی دوژمنانی کورد، هەر دوژمنێکی کورد کە بیهەوێت نەتەوەی کورد لە ڕێگای خودی کوردەوە سەرکوت بکات، پەکەکەی بەکار دەهێنێ.
ئیسرائیل لە ڕێکەوتی 13/6/2025دا، هێرشێکی لەناکاوی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی “ڕابوونی شێر”دا بۆ سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەشدا ئێران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی 3″ی دەستپێکرد و بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئەم پێکدادانە تادێت گەرمتر دەبێت و نازانرێت ئەم دۆخە کەی کۆتایی دێت.
لەگەڵ ئۆپراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بارودۆخی ناوخۆی ئێران بەتەواوی تێکچووە، دەکرێ بڵێین ڕێژیمی ئێران گەیشتۆتە لێواری داڕمان. ئیسرائیل ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵ کردووە و بە کەیفی خۆی بەکاری دەهێنێت. فڕۆکە و درۆنەکانی ئیسرائیل وەک ئەوەی لە وڵاتی خۆیان بن لە ئاسمانی ئێراندا دەفڕن و ئامانجەکانیان دەپێکن. زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی سپای پاسدارانی ئێران کوژراون، خەڵکی تاران ناچار بوون شار بەجێبهێڵن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، بانکە ئێرانییەکان چیتر ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکەن، خەڵک بە زەحمەت نان و سووتەمەنی و دەرمانی دەستدەکەوێت و هتد…، واتە ئێران بە تەواوی لاواز بووە و گریمانە دەکرێت ڕێژیمی ئێران هەمان چارەنووسی ڕژێمی ئەسەد بەخۆیەوە ببینێت.
لە سەردەمێکدا کە هەمووان چاوەڕێی ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانن، پەکەکە و باڵەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک هەمیشە دژی خواست و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد دەجوولێنەوە و لەگەڵ هەواڵگریی ئێراندا سەرقاڵی کۆبوونەوەی نهێنین. دەگوترێت، هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) و پەکەکە-پژاک لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ئەگەر بارودۆخی ئێران زیاتر تێکبچێت، هەمان سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان، واتە ڕادەستکردنی ڕۆژهەڵات بە پەکەکە جێبەجێ بکەن. دیارە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە کەی و چۆن ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێران هێشتا بە پەرۆشە تا لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئەم قەیرانە تێپەڕ بکات.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2012دا، کوردیش وەک هەموو گەلانی دیکەی دانیشتووی سووریا، ویستی لە شۆڕشدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی کە بتوانن لەو ڕێگایەوە ئازادیی خۆی دەستەبەر بکات. بەڵام کورد بە خێرایی بێدەنگ کرا و چەقێندرا. ئەو حیزبەی نەیهێشت کورد بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی شاد بێت، ڕژێمی ئەسەد نەبوو بەڵکوو پەکەکە بوو. پەکەکە بە پێی ڕێککەوتنێک کە لە ژێر چاودێری ئێراندا کرا، بە دامەزراندنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، شەڕی بە وەکالەتی بۆ ڕژێمی ئەسەد دەستپێکرد.
بە پێی ئەم ڕێککەوتنە حکومەتی سووریا داوای لە پەیەدە کرد کە باکوری سوریا بپارێزێت. پەیەدە لە دەستپێکدا ئەو کوردە ڕاپەڕیوانەی سەرکوت کرد کە دەیانگوت “الشعب یرید اسقاط النظام” و دواتر بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ئەسەدی لە ڕۆژئاڤا پاراست. واتە “شەڕی بە وەکالەت”ی بۆ ڕژێمی سووریا ئەنجامدا. ئێستا پەکەکە دەیهەوێت لە ڕێگەی پژاکەوە هەمان سیناریۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە بکاتەوە و ڕێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان پەکەکە و هەواڵگری ئێران (ئیتڵاعات)دا کراوە.
پەکەکە بۆتە دارەدەستی دوژمنانی کورد، هەر دوژمنێکی کورد کە بیهەوێت نەتەوەی کورد لە ڕێگای خودی کوردەوە سەرکوت بکات، پەکەکەی بەکار دەهێنێ.