دەم پارتی: “شاندی ئیمرالی لە 8 یاخوود 9ـی ئەم مانگە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە باشی بەڕێوە دەچێت و کارەکتەرە سەرەکییەکانی، بەپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە دەکەن، بەڵام هەندێک لایەن لەنێو تورکیا و نێو پەکەکە، دەیانەوێت پرۆسەکە تێک بدەن.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیش دەڵێت: باشتر وایە لەماوەی هەفتەیەکدا پرۆسەی چەکداماڵین دەست پێ بکات، گوتیشی: پێویستە بەر لە هەموو کارێک یاساکە دەربکرێت، بناغەیەکی گونجاویش بۆ پرۆسەی ئاشتی دابمەزرێندرێت.
کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان گوتی: لە سیاسەتی جیهاندا شکستی گەورە هەن، ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێی دڵخۆشییە، تیشکی خستە سەر ئەوەی پێشهاتی دوایی ناوچەکە نیشانیدا، چەند گرنگ و ستراتیجییە، دەزانین چەند لایەنێک هەن نایانەوێت ئەم پرۆسەیە سەر بکەوێت، نەوەک هەر لەنێو تورکیا، بەڵکو لەنێو ڕێکخستنەکانیش هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی پرۆسەکە، ئێمەش ڕێگە نادەین ئەم پرۆسەیە تێک بدرێت، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر یەکێتیی نەتەوەیی ئێمە، وەڵامی توند دەدەینەوە. با هیچ لایەک ئارامی و بێدەنگیی ئێمە بە سادەیی تێ نەگات، ئەوەی بەرد بخاتە کانیی ئێمە، ئێمە گولـلە دەخەینە نێو ئەوان و ئەو توانایەمان هەیە.
دەم پارتی: پێویستە بناغەیەکی یاسایی بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بکرێت
لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند: شاندی ئیمراڵی لە 8 یاخوود 9ـی ئەم مانگە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە، هیوای خواست هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دانانی چەکی پەکەکە دەست پێ بکات.
سێزایی تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتی: پرسی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی ئاشتی لەم قۆناغەدا گرنگە، ئێمە بەهوموو توانایەک کار بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی ئەم کۆمیسیۆنە دەکەین، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا، چاوەڕێ دەکەین هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دانانی چەک دەست پێ بکات، پێویستە بناغەیەکی یاسایی بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بکرێت.
میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، ئامادەکاریی پەکەکە بۆ دانانی چەک، لە قۆناغی کۆتاییدایە، چاوەڕێ دەکرێت، گرووپێک و 20 ئەندامی پەکەکە، لەبەردەم میدیای نێودەوڵەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکی خۆیان دادەنێن، ئەمەش کاریگەریی زۆر لە پرۆسەکە دەکات، دوای ئەوە پێویستە حکوومەتی تورکیا دەست بە هەنگاوی یاسایی بکات.