دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لە نزیکەوە چاودێری چەکدانانەکەی پەکەکە دەکات.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بکەن. دەشڵێت، کاتی ئەوەیە بە کرداری چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ببینن.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، دووی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی ”ئەرێنی و گرنگ”، داواشی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کرد، پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەکە بکەن.
یاریدەدەری ئەردۆغان پێیوایە، شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیانی گیانی و مادی بە وڵاتەکەی گەیاندووە، بۆیە دەڵێت: ”ئیدی دەمانەوێت تورکیا لەم زەحمەتییانە رزگار بکەین و بچینە قۆناخێکی جیاواز”.
یڵماز لەبارەی چەکدادانی پەکەکە گوتی: ”ئێستا کاتی ئەوەیە بە کردەیی ئەمە ببینین. چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمە رووبدات. پێمانوایە لەمەودوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە بە شێوەیەکی کرداری دەبینرێن. بەڵام ئەمە کاتێکی دیاریکراوی پێویستە، شتێک نییە لە رۆژێکدا جێبەجێبکرێت”.
سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، یاریدەدەری ئەردۆغان گوتی، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.