پڕۆسەی گرنگی چەکدانانی پەکەکە: چەکدارانی تورک لەبەرچی مردن و پەکەکە بۆچی ڕێوڕەسمەکەی گۆڕی؟

پڕۆسەی گرنگی چەکدانانی پەکەکە: چەکدارانی تورک لەبەرچی مردن و پەکەکە بۆچی ڕێوڕەسمەکەی گۆڕی؟

هەم لەناو پەکەکە و هەمیش لەناو دەوڵەتی تورکدا، هەندێ لایەن هەن کە هەوڵدەدەن ڕێگری لە پرۆسەکە بکەن.

هەروەک چۆن ڕای گشتی بە چاوی خۆی دەیبینێت، پرۆسەی هاوبەشی “ئەردۆغان-ئۆجەلان-باخچەلی” بە پێی تێڕوانینی گشتی بەبێ هیچ کێشەیەک بەرەوپێش دەچێت. بەڵام کاتێک سەیری پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەکەین، وا لە مرۆڤ دەکات بیر لەوە بکاتەوە کە هەندێک کێشە سەریان هەڵداوە.

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە پرۆسەکە:

1ـ ڕووداو کە ناوەندەکەی لە هەولێرە، لە ڕێکەوتی 30ی حوزەیراندا هەواڵێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەم نزیکانە پەکەکە لە دەوروبەری شاری سلێمانی مەراسیمی چەکدانانی گەریلا سازدەکات. هەرچەندە ڕووداو سەرچاوەکەشی دیاری نەکردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم زانیاریانەی لە سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکەوە وەرگرتووە. تەنانەت دەزانین کە لە سەرەتای ئەم پرۆسەیەوە پەکەکە بە ئەنقەست زانیاری دەداتە هەندێک سەرچاوە بۆ ئەوەی کە ڕۆژەڤ دیاری بکات. هەروەها لە چەکدانانیشدا ستراتیژییەکی هاوشێوە پەیڕەو دەکات و دەیهەوێ جارێکی تر سەرنجی هەموو ڕای گشتی بۆ لای ئەم پرۆسەیە ڕابکێشێت.

2ـ دەم پارتی لە ڕێکەوتی 5ی تەمووزدا سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و  تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت کراون و پرۆسەکە لەژێر چاودێری دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت. دوابەدوای ئەوە زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکەش بەیاننامەیەکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە.

3ـ لە ڕێکەوتی 6ی تەمووزدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی پەنجە ـ کلیلدا سەرەتا 5 سەرباز و دواتر 12 سەرباز گیانیان لەدەستداوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی “تیرۆریستیی جوداییخواز” ئاماژەی پێکراوە.

4ـ هەر لە ڕێکەوتی 6ی تەمووزدا، شاندی ئیمرالی ـ دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمرالیی کرد. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکرا و  بەیاننامەکە تەنها دوو دێڕی تێدابوو. یەکەم؛ ئۆجەلان ڕایگەیاند کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت. خاڵی دووەم؛ “ئۆجەلان خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ ئەو سەربازانەی تورکیا دەربڕیوە کە بەهۆی ژەهراویبوونیان بە گازی میتان لە ناوچەی پەنجە ـ کلیل گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری سەربازەکانی تورکیا کردووە”.

5ـ لە ڕێکەوتی 7ی تەمووزدا، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە. ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرا.

6ـ هەر لە ڕێکەوتی 7ی تەمموزدا کەجەکە لەنیوەشەدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە ڕاستەوخۆ لە میدیاکان پەخش ناکرێت.

7ـ لە ڕێکەوتی 8ی تەمووزدا، کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا دواخرا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، دواخستنەکە بەهۆی نەبوونی کات و خشتەی کارەکان بووە.

کاتێک سەیری ئەم وێنە گشتییە دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە گرووپی پەکەکە پێشتر بڕیاریان لەسەر مەراسیمێک بۆ چەکدانان دابوو. بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گۆڕانکاریی جددی ڕوویانداوە و ئەو گۆڕانکارییانەش دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئەردۆغان هاتوونەتە ئاراوە. وادیارە ئەم گۆڕانکارییانە دوو هۆکاریان هەیە. هۆکاری یەکەم ژەهراوی بوونی سەربازە تورکەکانە بە غاز و هۆکاری دووەمیش ئەوە بوو کە ڕەنگە پەکەکە مەراسیمی چەکدانانەکەی بۆ شۆیەکی تەبلیغاتی گۆڕابا.

چەکدارانی تورک بۆچی چووبوونە تونێلی سیدا؟ ئایا هەپەگە نەخشەی تونێلەکەی بە سوپای تورک داوە؟

مردنی 12 چەکداری تورک بەهۆی ژەهراویبوونیان بە غازی مەتان، ناکۆکییەکی زۆری لەناوخۆی تورکیادا لێکەوتەوە. چونکە دەوڵەتی تورک لە دەسپێکی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بە بیانووی پەکەکەوە کەوا بۆخۆی ناوی “ئۆپەراسیۆنی پەنجە ـ کلیل”ی لەسەر داناوە، بە دەیان تونێلی پەکەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و تەنانەت لەناو هەندێکیاندا پەخشی ڕاستەوخۆیان کردووە. بەڵام تا ئێستا هیچ سەربازێک لە هیچ تونێلێکدا نە بەهۆی گازەوە ژەهراوی بووە و نە لە دەروازەی تونێلەکەشدا کوژراوە. بۆچی ئەو ڕووداوە لە سەروبەندی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە ڕویدا؟ ئایا ئەمە بە هەڵکەوت بووە؟

لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی تورکدا بە ڕوونی باس لەوە نەکراوە کە ئەو سەربازانە لە کوێدا ژەهراوی بوون. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە، ڕووداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی زاپ، لە تونێلەکانی سیدا ڕوویداوە، کە پەکەکە وەک نەخۆشخانە بەکاریهێناوە. سەبارەت بە تونێلەکانی سیدا، موراد قەرەیلان، فەرماندەی گشتی هەپەگە لە لێدوانێکدا لە ساڵی 2023، ڕایگەیاند: “ئەو بەرخۆدانەی لەوێ کراوە، بەرخۆدانەکەی قەڵای دم دمی تێپەڕاند”. بەڵام دوای چەند مانگێک تونێلەکە لەلایەن ئەرتەشی تورکەوە کۆنترۆڵ کرا و تەنانەت نەخشەی تونێلەکەش بڵاو کرایەوە.

دوای تێپەڕبوونی 2 ساڵ، ڕۆشتنی چەکدارانی تورک بۆ ناو ئەم تونێلە بە بیانووی گەڕان بە دوای تەرمی سەربازێک کە لە ساڵی 2022دا مردووە، زۆر گوماناوییە و زۆر پرسیاری لێدەکەوێتەوە.

هەرچەندە هەم پەکەکە و هەم ئەرتەشی تورک دەیانهەوێ بابەتەکە گەورە نەبێتەوە، بەڵام ئەم پرسیارە لە مێشکی هەر کەسێکدایە کە “ئایا ئەو زانیارییەی کە تەرمی سەربازێکی تورک لە تونێلی سیدادایە، لەلایەن پەکەکەوە بە ئەرتەشی تورک دراوە؟

لەکاتێکدا هەتا ئێستا هەرکات چەکدارانی تورک ڕۆیشتوونەتە ناو توونێلەکانی پەکەکەوە، دەمامک و بتڵی ئۆکسجینیان بەکارهێناوە، بۆچی ئەمجارەیان بەکاریان نەهێنابوو؟ ئایا بەپێی پێوەرەکانی سەربازی، ئەوە لۆژیکیە کە 19 چەکدار پێکەوە بڕۆنە ناو توونێلێکەوە؟ ئەو توونێلانەی کە پەکەکەیان تێدا بووە، زۆر دەرگایان بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا  تێدا دروست کراون، کەواتە چۆن دەبێت گازی میتانی تێدا کۆ ببێتەوە؟

وە گرنگترین پرسیار: “ئایا ژەهراویکردنی عەسکەرەکانی تورک تەنها هەڵەیەکی سەربازییە یان ڕووداوێکە کە لەلایەن هەندێک لە دژبەرانی پرۆسەکەوە پلانی بۆ دانراوە؟”

پێدەچێت لە دەوڵەتدا کەسانێک هەبن ئەم پرسیارانە دەکەن و ئەمەش کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری لە مەراسیمی چەکداماڵینی پەکەکەدا هەبووە.

ئایا ئەردۆغان نەیویستووە مەراسیمی چەکدانانەکەی پەکەکە، ببێتە ڕووداوی دووەمی خابوور…؟

لە ڕێکەوتی 19ی جووتمانگی ساڵی 2009دا، 34 گەریلای پەکەکە بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە دەروازەی سنووری خابوورەوە پەڕینەوە و بە پاس پێشوازییان لێکرا. لەو کاتەدا مشتومڕێکی گەورە لەناو دەوڵەتی تورکدا لەسەر ئەم دیمەنانە دروست بوو و پرۆسەکە بەو هۆکارانەی کە دەزانرێن، بەردەوام نەبوو.

کاتێک سەیری ئەو پڕوپاگەندانە دەکەین کە لە 30ی حوزەیرانەوە سەبارەت بە مەراسیمی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە، بەڕێوەدەچێت، بە ڕوونی دەبینین کە پەکەکە ئەم ڕووداوەشی کردووە بە شۆویەکی تەبلیغاتی. سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن کە ئەردۆغان بە شاندی دەم پارتیی وتووە: “ئێمە نامانەوێت ڕووداوی دووەمی خابور ڕووبدات”. دەوترێت بڕیارەکەی ئەردۆغان لەلایەن ئۆجەلانیشەوە قبوڵکراوە و تەعلیمات بە سەرکردایەتی پەکەکە دراوە و پێیان گوتراوە کە “بەرنامەکە بچووک بکەنەوە، سادەی بکەن، حەساسییەتەکان لەبەرچاو بگرن”.

ئایا پرۆسەکە بەردەوام دەبێت؟

هەموو داتاکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە پڕۆسەکەی باخچەلی-ئەردۆغان بە ناوی “تورکیای بێ تیرۆر” پلانێکی ستراتیژییە و ئەو لایەنانە کارێکی بەرفراوانیان بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە. جگە لەوەش لێدوانەکانی ئۆجەلان ئاشکرای دەکەن کە ئەو وەک بەشێک لەم پرۆسەیە “ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەرشانی بەبێ دوودڵی جێبەجێی دەکات”.

بەڵام لەناو هەردوولاشدا هەندێ لایەن هەن کە هەوڵدەدەن ڕێگری لە پرۆسەکە بکەن. لەناو پەکەکەدا جەمیل بایک و گرووپەکەی بە دوودڵی و بە گومانەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن و لە بێدەنگییەکی قووڵدان. جگە لەوە لەناو باڵی دەوڵەتی تورکیشدا، لایەن قووڵ هەن کە کار بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەکە دەکەن.

بەهێزی لایەنەکان و پێشهاتە گریمانەییەکانی ناوچەکە چارەنووسی پڕۆژەی “تورکیا بێ تیرۆر” دیاری دەکات.

پوستێن ھەمان بەش