“پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان”.
سەرۆک بارزانی دامەزراندنی پارتی بە “پێویستییەکی مێژوویی” ناو دەبات و دووپاتی دەکاتەوە “پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە”.
لە پەیامێکدا بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی “سەرجەم کادیر و ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی” کرد، هەروەها پیرۆزبایی لە “خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو چینوتوێژ و پێکهاتەکانی کوردستان” کرد و هیوای ئاسوودەیی و سەربەرزیی بۆ خواستن.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ 16ی ئابی 2025 بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، پارتی هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و داوا لە ئەندامانی پارتی دەکات، ئیرادە و هیوایان بەهێز بێت.
سەرۆک بارزانی دامەزراندنی پارتی لە 16ی ئابی 1946 بە “پێویستییەکی مێژوویی” ناوبردووە، بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی گەلی کوردستان لە بەرامبەر پیلانی نەیاران. ڕاشیگەیاندووە: “پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموکراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان”.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتاو نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم كادیر و ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای ئاسوودەیی و سەربەرزییان بۆ دەخوازم.
دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا پێویستیەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرانبەر پیلانی نەیار و داگیركارانی كوردستان كە بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.
لە یادی شازدەی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە پارتی لە هەموو قۆناغەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە.
هەروەها پەیامم بۆ جەماوەر و لایەنگر و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاكانی گەلی كوردستانە و، پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەكان دەكەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونكە، پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزە.
مسعود بارزانی
16ـی ئابی 2025