وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: “ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی چاوی بە ترەمپ بکەوێت”.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی وەڵامی ڕەخنەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە.
ئەردۆغان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەڵێنەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئۆکراین جێبەجێ نەکردووە.
ئەردۆغان، لەکاتێکدا بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاند، شەڕەکانی غەززە و ئۆکراینیا کۆتاییان پێنەهاتووە.
ئەردۆغان بەڵێنەکانی ترەمپی لە هەڵبژاردنەکانی وەبیرهێنایەوە کە کۆتایی بە هەردوو شەڕەکە دەهێنێت و وتی:
“ترامپ دەیگوت، کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین دەهێنم. ئایا کۆتایی پێهاتووە؟ نەخێر، دەیگوت، کۆتایی بە شەڕی غەززە دەهێنم. ئایا کۆتایی پێهاتووە؟ نەخێر”.
لە پەخشێکی دیکەی “فۆکس نیوز”دا، سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەردۆغان پرسیار لە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرا.
ڕوبیۆ بە توندی وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە و وتی: “سەرۆک (ئەردۆغان) دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتی: “سەرۆکەکان ئەوەی حەزیان لێبێت دەتوانن بیڵێن، بەڵام سەرئەنجام و کاتێک کە پێویست بە ڕێگاچارەسەرییەک دەکات، داوا دەکەن کە بێن بۆ کۆشکی سپی.
هەروەها سەرۆک ئەردۆغانیش لەم هەفتەیەدا دێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ سەرۆکدا کۆدەبێتەوە.
هەمووان دەیانهەوێت لەگەڵ ترەمپ قسە بکەن، دەیانەوێت ئەو کێشەکە چارەسەر بکات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەمڕۆش کۆبوونەوەمان هەیە و سەرۆک دەپاڕێتەوە تا بەشێک بێت لەو کۆبوونەوانە.
تەلەفۆن دەکەن و دەڵێن تکایە ئێمەش بەشدار بکەن و تەنها دەرفەتێکی پێنج خولەکیمان پێبدەن”.