بەرپرسێکی پەکەکە لە هامبۆرگ دەستگیرکرا

چاوەڕوان دەکرێت کەسە دەستگیرکراوەکە بخرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ویلایەتی درێسدن.
لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیس لە ئاڵمانیا “بەرپرسی هامبۆرگی پەکەکە” دەستگیرکرا.
ئەو هاووڵاتییە کە تەمەنی 54 ساڵە و خەڵکی باکوری کوردستانە، تا ئێستا ناوەکەی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە “پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەی پارە بۆ پەکەکە” تۆمەتبار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی DW، پۆلیسی ساکسۆن ڕایگەیاندووە کە “ئەو هاووڵاتییەی تورکیا تەمەنی 54 ساڵە و بە بڕیاری دادگای ویلایەتی درێسدن دەستگیرکراوە”.
ئاشکرا بووە کە پۆلیس ماڵی ئەو کەسەیان لە کۆڵن پشکنیوە و “ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لەلایەن پۆلیسی هامبۆرگ، ساکسۆنی خواروو و ڕاین-وێستفالیای باکووریەوە ئەنجامدراوە”.
ئەو کەسەی کە بە “جێگرتن لە ناو پەکەکە و ئەندامەتی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” تۆمەتبار کراوە، دەوترێت لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 بەرپرسی هەرێمی ساکسۆنیا بووە.
لە بەیاننامەکەی پۆلیسی ساکسۆنیادا ئەم زانیاریانەی سەبارەت بەو ئەرکانەی کە کەسەکە وەریگرتووە، بڵاوکراوەتەوە:
“ئەو ئەرکە گومانلێکراوانە بریتین لە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی ئەو بەرپرسە هەرێمییانەی پەکەکە کە سەر بەو بوون، هەروەها ڕێکخستنی چالاکیی پروپاگاندایی و کۆبوونەوەی تەبلیغی بۆ پەکەکە. ئەو کەسە کەمپینی ساڵانەی یارمەتیدانی بۆ پەکەکە ئۆرگانیزە کردووە”.
چاوەڕوان دەکرێت کەسە دەستگیرکراوەکە بخرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ویلایەتی درێسدن.
هەروەها پۆلیسی ساکسۆنی ڕایگەیاند کە ماڵی دوو هاووڵاتیی دیکە کە تەمەنیان 46 و 53 ساڵە و بەهەمان شێوە تۆمەتبارن بە ئەندامێتی و پشتیوانی لە پەکەکە، پشکنینیان بۆ کراوە.
ڕاگەیەندراوە، لەو گەڕانانەدا دەست بەسەر مۆبایل و ئامێری هەڵگرتنی زانیاری و بەڵگەنامە و بڕێکی زۆر پارەدا گیراوە.