هەندێک کەس دەڵێن کە ئەو ڕێبەری دووەمی پەکەکەیە، هەندێکیش دەڵێن کە دەستی ڕاستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. بەڵام لەڕاستیدا ئەو میری تاریکییە. بەڵێ ئێمە باسی جەمیل بایک دەکەین. بەڕاستی جەمیل بایک کێیە؟ وەرن با کورتەیەک لە ژیانی باس بکەین.
جەمیل لە ساڵی 1955دا لە ناوچەی کەبان سەر بە خارپێت (ئەلعەزیزێ) لەدایک بووە. بەپێچەوانەی باوەڕی باو، ئەو عەلەوی نییە، بەڵکو سوننەیە و سەر بە مەزهەبی حەنەفییە. لە کاتێکدا کە لە زانکۆی ئەنقەرەدا لە بەشی زمان و مێژوو و ئەردنیگاریدا دەیخوێند، لە ڕێگەی کەمال پیرەوە لەگەڵ ئۆجەلان ئاشنا دەبێت و ئەو ڕۆژە چارەنووسی گۆڕی. لە ساڵانی 1970 بەملاوە، جەمیل خاوەن مێژوویەکی لێڵ و تاریکە، هەندێک جار لەگەڵ تورکیا و هەندێک جار لەگەڵ ئێران، ئەو هۆکاری دەستگیرکردنی زۆرێک لە ئەندامانی پەکەکە بووە.
گومانەکان لەسەر جەمیل بایک لە ساڵانی 1970ـەوە دەستپێدەکەن. لە خارپێت لەگەڵ 29 ئەندامی پەکەکە دەستبەسەرکرا و هەموو هاوڕێکانی زیندانی کران، بەڵام تەنها ئەو ئازادکرا.
ئەو بووە هۆکاری دەستبەسەرکرانی مەزڵووم دۆغان دامەزرێنەری پەکەکە، کەوا لە ڕۆژی نەورۆزدا لە ئامەد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
براکەی جەمیل بایک بەناوی ئەحمەد بایک (مستەفا)، ئەگەرچی لە سەرەتاکاندا شوێنی مانەوەی “خەیری مووش”ی کەشف کرد و بە گرتنی دابوو، بەڵام ئێستا بەرپرسی دارایی و سندووقی پارەی پەکەکەیە لە ئەوروپا.
پەیوەندییە گوماناوییەکانی بایک لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، سەرنجی دەوڵەتی ئێرانیشی ڕاکێشابوو. لە ساڵی 1984دا ڕێژیمی ئێران پاسپۆرتی بۆ ئەندامانی پەکەکە دەرکرد، بەڵام پاسپۆرتی بۆ جەمیل بایک دەرنەکرد، وەک دەگوترا “ئێران بایکی بە سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا دەزانی، بۆیە پاسپۆرتی پێنەداوە”. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە دواتر بایک پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئێران دامەزراند و پەرەی پێدا. بایک ئامادە نەبوو لە کۆنگرەی 3ی پەکەکەدا بەشداری بکات و لە ورمێ لەلای ئیتلاعاتی ئێران مایەوە. ئۆجەلان وتی ئەگەر بەشدار نەبێت، ئێمە وەک جیابۆوە ڕایدەگەیەنین. بۆیە بایک بە ناچار لە کۆنگرەکەدا بەشدار بوو، بەڵام ئیدی لەوکاتەوە هەمیشە پشتی بە ئێران بەست.
ساڵانی 1990، بۆ جەمیل بایک ساڵانێکی دژوار بوون. ئەو لەناو پەکەکەدا وەک هەڤاڵکوژ و یەکەم کەس کە سەنگەری خۆی بەجێهێشبێت و هەڵهاتبێت، دەناسرا.
لە ساڵی 1992 لە کاتی هێرشی پەکەکە بۆ سەر بەرەی باشووری کوردستان، بەبێ ئەوەی گوللـەیەک بتەقێنێت، میحوەری “مەتینا”ی بەجێهێشت و هەڵاتبوو. بەڵام سامناکترین بەشی ئەوە بوو کە لە کۆتایی شەڕەکەدا 19 گەریلای برینداری پەکەکەی لە حەفتەنین کوشت بەو بیانووەی کە بە دیل نەگیردرێن. ئەم ڕووداوە نەفرەتێکی شاراوەیەی لە ناو پەکەکەدا بەرامبەر جەمیل بایک دروستکرد.
بایک لە ساڵانی 1993-1994دا لەگەڵ یەنەکەدا پەیوەندییەکی گەرم و گوڕی دامەزراند. کاتێک فڕۆکەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر کەمپی زەڵێ، جەلال تاڵەبانی پێش هێرشەکە بایک ئاگاداری دەکاتەوە و لە کەمپەکە دووری دەخاتەوە. بەڵام کادیر و گەریلاکانی پەکەکە لە بەردەم هێرشی فڕۆکەدا مانەوە و 11 ئەندامیان لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا. کەس باسی ئەمە ناکات کە بۆچی ڕزگاریان نەکردن.
لە ساڵی 1997دا تەنها لە ماوەی سێ مانگدا، لە ژێر ناوی “پێنگاڤا پارتیبوونێ”دا، 27 ئەندامی پەکەکەی لە هەرێمی زاپ کوشت. زۆربەی ئەو کەسانە کوردی ڕۆژئاوا بوون و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەندامانی ڕۆژئاڤایی پەکەکە هەمیشە خۆیان لە بایک بەدوور دەگرن.
هەروەها لە ساڵی 1997دا، سەرەڕای ئەوەی کە فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی ئارگەکە بوو، لەکاتی هێرشکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی زاپ، بەبێ ئەوەی بە کەس بڵێت، بڕیارگەکەی بەجێهێشت و هەڵات. هاتە کەمپی پەنابەرانی باکووری لە پشت قەزای شێخان، کەمپی نەهدارا-نەینەوا و دوکانێکی کردە دوو بەش و لەوێ خۆی شاردەوە هەتا هێرشەکان تەواو بوون.
ئۆجەلان هەوڵیدا کە بایک لەناو پەکەکەدا سنووردار بکات. ئۆجەلان لە ڕێگەی ئەندامە ژنەکانییەوە هێرشی کردە سەر بایک. جەمیل بایک لەو کاتەدا دەیگوت “سەرۆک ژنانی پەکەکەی شێت و رەوانی کردوون”.
سەرئەنجام ئۆجەلان لە ساڵی 1998دا، ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە لەوانە بایک و دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتانی لە سەرکردایەتی پەکەکە دوورخستنەوە و وەک “سایناسۆری ڕیشسپی” ناوی بردن. ئۆجەلان وتی: “ئەوان ئیدی جارێکی تر ناچنە ناو سەرکردایەتییەوە”. لە کۆنگرەی شەشەمی پەکەکەدا ئۆجەلان جەمیلی لە دیوانی کۆنگرە دوورخستەوە و داوای لە ئەنجوومەنی کۆنگرە کرد کەوا ڕیشسپیەکان بۆ سەرکردایەتی هەڵنەبژێرن.
بەڵام ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999دا و بەر لە کۆتایی هاتنی کۆنگرە گەڕێندرایەوە تورکیا و بایک جارێکی دیکە گەڕایەوە ناو سەرکردایەتی و ئەوجا دەستی بە لەناوبردنی سەنگەری ئاپۆ لەناو پەکەکە، واتە بزاڤی ژنان، کرد. هەموو ژنە ئاپۆپەرستەکانی بێدەنگ و دەستبەسەر کرد. بایک بە خێرایی دەستی بە دامەزراندنی پەکەکەی خۆی کرد.
کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک گوولان (فلیز یەرلیکایا)، ناسر (فاروق بۆزکورت) و هارون سەرمەزن (بارزان دووڕە)، بە فەرمانی بایک کوژران. بایک هەم فەرمانی تیرۆرکردنی نەیارەکانی دا و هەمیش تیمێکی بکوژی بێبەزەیی لە دڵسۆزانی خۆی پێکهێنا.
ئۆجالان ساڵی 2004 دیسان جەمیل بایکی لە سەرکردایەتی دوورخستەوە و موراد قەرەیلانی وەک نوێنەری خۆی ئەرکدار کرد. بەڵام بایک لە بنیاتنانی پەکەکەی خۆیدا بەردەوام بوو. لە پێناو دەسەڵاتدا، ململانێیەکی توندی لەگەڵ قەرەیەڵان دەستپێکرد.
لەساڵی 2013دا بایک بوو بە هاوسەرۆکی کەجەکە. لەو کاتە بەملاوە قۆناخێکی لێڵ و کۆمەڵێک پەیوەندیی تاریکی لەگەڵ ئێران و یەنەکە و بەشار ئەسەد و شیعەکانی عێراقدا، دەستپێکرد.
جەمیل بایک دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، بێدەنگ بوو. لە ڕاستیدا ئەو پەکەکەیە کە ئۆجەلان هەڵیوەشاندەوە، پەکەکەکەی جەمیل بایک بوو. جەمیل بە باشی لەم ڕاستییە تێدەگات.
ئەو تاوانانەی باسمان کرد تەنها بەشێکن لە دیپلۆماسی ڕەش و تاریکی جەمیل بایک لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەکاندا. چەکەکەی تەنها لە دژی هەڤاڵەکانی و کوردان کار دەکات. بۆیە جەمیل بایک بەڕاستی میری تاریکییە و لە ناو تاریکیشدا دەمێنێتەوە.