کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان دواخرا

پەکەکە ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە “هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی ناوە و سەرجەم گەریلاکانی لە تورکیا کشاندۆتەوە”.
میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمراڵی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ 30 ئەم مانگە دواخراوە.
پێشتر میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی رایانگەیاندبوو کە هەریەکە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی رۆژی 28ی ئەم مانگە لەگەڵ رەجەب تەیێب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبنەوە، بەڵام گۆڕانکاری لە بەرواری کۆبوونەوکە هات و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 30ی مانگ شاندەکە لەگەڵ ئەردۆغان کۆببنەوە.
بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە دوایین ئەو قۆناغەی کە پرۆسەی ئاشتی پێی گەیشتووە و هەنگاوە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە سێهەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دەبێت و بە پێشهاتێکی نوێش لە پرۆسەی ئاشتی دادەنرێت بە تایبەتی پەکەکە ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی نا و سەرجەم هێزەکانی لە خاکی تورکیا کشاندەوە.