شاندی ئیمرالی سەردانی ئۆجەلان دەکات

شاندی ئیمرالی چەند ڕۆژ لەوەپێش لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە و ڕایانگەیاندبوو کە لەسەر هەنگاوە پێویستەکان ڕێککەوتوون.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە ڕێکەوتی 3/11/2025دا، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە کۆدەبێتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی ئاشکرایکرد کە شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 3/11/2025، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی دەم پارتی، پەرڤین بوڵدان، میتحات سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 3ی نۆڤەمبەر، سەردانی دوورگەی ئیمرالی دەکەن و لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە کۆدەبنەوە.
وەک دەزانرێت، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، لە ڕێکەوتی 30/10/2025دا، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەبوو و دوای کۆبوونەوەکەش شاندەکە ڕایگەیاند: “بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە لەسەر ئەو هەنگاوە پێویستانە ڕێککەوتووین کە دەبێ بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بگیرێنەبەر و گەیشتوینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش”.