شاندی ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکردەوە

شاندی ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکردەوە

ئۆجەلان: “گرنگە ئەوە بچەسپێندرێت کە پەیوەندی تورک-کوردان وەک دوو پایەیی دوو هەزار ساڵی گەیشتووە بە ئێستا”.

شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان “زۆر ئەرێنی” بووە و ناوبراو جەختی لە بەهێزی هێشتنەوەی برایەتی و پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و تورک کردووەتەوە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، 3/11/2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی؛ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 04ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان “زۆر ئەرینێ بووە و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە.” ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کردووە، گرنگترینیان، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەیست بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.

شاندی ئیمراڵی چەند خاڵێکی گرنگیان خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک دەکەنەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بەم شێوەیەیە:

“لە ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا لە ئیمراڵی دیدارێکی زۆر  ئەرێنی و گرنگمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا ئەنجام دا، کە نزیکی سێ کاتژمێری خایاند. تەندرووستی و مۆراڵی بەڕێز ئۆجالان زۆر باش بوو. لە دیدارەکەدا بە پوختی ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد:

بۆئەوەی پەرە بەم پرۆسەیەیی ئێستا بدرێت، پێویستە بەشێوەیەکی جددی میژوویی  و کۆمەڵناسیانە هەڵسەنگێندرێت. گرنگە ئەوە بچەسپێندرێت کە پەیوەندی تورک-کوردان وەک دوو پایەیی دوو هەزار ساڵی گەیشتووە بە ئێستا. پێویستە ئەم دوو پایەیە لە بەرچاو بگیرێت، لێکبدرێتەوە، سەرڕاست بکرێتەوە و بەم شێوەیەیە یەکێتی و یەکگرتوویی پتەو بکرێت.

نەک بە کێشانی هێڵ، دەبێت بە ئافراندنی ئاسۆیەک مامەڵە بکەین کە پرسە ڕۆژانەیەکانمانی لە خۆدا هەڵگرتووە.

لە نێو بارودۆخی تەنگ و سنوورداردا، لە هەوڵدانێکی جددیداین بۆ بابەتێکی مێژوویی. هەوڵدەدەین ئاستێکی ئەرێنی بئافرێنین، نەک نەرێنی و هەڵوەشێنەر. دەبێت دیاردەی کورد لە هەموو ڕوویەکەوە تێکەڵی بە یاسایی بوونی کۆمار بکرێت و بۆئەمەش دەبێت پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز بە بنەما بگیرێت. گواستنەوە بۆ یاسایی وەک دیاردەیەکی هەمەلایەنە دەبێته هۆی پتەوکردنی بناغە یاساییەکانی کۆماری دیموکراتیک.

دەرفەتەکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک کە ئەمڕۆ لە ڕووی سەردەمییەوە لەبەردەستماندایە، دەرفەتێکی هەرێمی و جیهانییە. بۆئەوەی بتوانن بپەڕێینەوە بۆ ئاستی پۆزەتیڤ، زۆر گرنگە لەم پرۆسەیەدا هەموو کەسێک بە هەستیاریی، جددیەت و تێگەیشتنەوە مامەڵە بکات.

لەگەڵ ڕێزدا.”

Share

پوستێن ھەمان بەش