مەسرور بارزانی: دەبێت دەستوورێک لە سووریا هەبێت و مافی هەمووان پارێزراو بێت

مەسرور بارزانی: دەبێت دەستوورێک لە سووریا هەبێت و مافی هەمووان پارێزراو بێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی هەردوو لایەنی کورد؛ ‘هەسەدە و ئەنەکەسە’ لە کۆڕبەندی مێپس دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە، دەبێت حکوومەتێکی گشتگیریان هەبێت. گوتیشی: دەبێت سووریا دەستوورێکی هەبێت کە مافی هەمووان بپارێزێت.

چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی تایبتەدا، لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس، گوتی: سووریا وڵاتێکی جیاوازە، هەروەها ئەو وڵاتە پێکهاتەی زۆر جیاوازی تێدایە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە، دەبێت حکوومەتێکی گشتگیریان هەبێت، هەروەها دەبێت دەستوورێکیان هەبێت کە مافی هەمووان بپارێزێت و گەرەنتی بداتە هەموو لایەک کە هەمووان هاووڵاتی ئەو وڵاتەن.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سەپاندنی بیرۆکەیەک لە لایەن نەتەوەیەک هیچ کاتێک ئاشتی و سەقامگیریی بە دوای خۆیدا ناهێنێت.

هیواشی خواست، دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسرێتەوە، کە بۆچوونی هەموو نەوتەوەکانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک هەست بەوە بکات کە وڵاتەکە هی خۆیەتی و کەسیان پەراوێز ناخرێن.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، کارێکی زۆر ژیرانە و حەکیمانەیە بۆ حکوومەتی سووریا ئەگەر بێت و گفتوگۆیەکی گشتگیر لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەست پێ بکات و بیرۆکەیەک گەڵاڵە بکات، بەڵام بیرۆکەی تاکە لایەنێک نەسەپێنێت چونکە ئەو کارە سەرکەوتوو نابێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی هەردوو لایەنی کورد؛ ‘هەسەدە و ئەنەکەسە’ لە کۆڕبەندی مێپس دەربڕی.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، “ئەم کۆڕبەندە بۆ ئەوەیە کە ئێمە بە تەنیا قسە ناکەین، بەڵکو کرداریشمان هەیە، هەروەها دەمانەوێت ئاشتی لە ڕێگەی کردارەوە بە دی بهێنین”.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: ئەگەر هەموو کەسێک هەوڵ بدات بەم شێوەیە بیر بکاتەوە واتە تەنیا قسەی نەبێت و بەڵکو کرداری هەبێت، پێم وایە ئەمە نهێنی سەرکەوتنە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە پێویستی زیانی ئاماژە بەوە بکات، “ئێمە پێویستمان بەوەیە کە زۆر چاومان لە خەڵکی خۆمان بێت، لە بارەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی، نەک تەنیا بەرژەوەندیی کەسی و حزبی.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کاتێک ئێمە ڕێزمان لە یەکدی گرت و بڕوامان بە پێکەوەژیان هەبوو، ئەو کاتە دەتوانین هەمووان پێکەوە بەهێزتر بین و بەهێزتر بنیات بنێین، هەروەها گەورەترین گۆڕانکاریش سەرەتا دەبێت لە ناخەوە دروست ببێت.

مەسرور بارزانی، لە کۆتایی قسەکانیدا وێڕای خواستنی هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان، دووپاتی کردەوە، کوردستان لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستە و بەرەو پێشەوە دەچین و هیچ کەسێک ناتوانێت ڕامان بگرێت.

Share

پوستێن ھەمان بەش