پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: شاردنەوەی گڵکۆی سەید ڕەزا، نیشانەی ترسی دەوڵەتی تورکە

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: شاردنەوەی گڵکۆی سەید ڕەزا، نیشانەی ترسی دەوڵەتی تورکە

PWK: “خەبات بۆ ئازادیی کوردستان بە کۆمەڵکوژی ڕاناوەستێت”.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە بۆنەی 88 ساڵەی شەهیدبوونی سەید ڕزا دێرسیم، ڕێبەری بەرخۆدانی دێرسیم و هەڤاڵانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 15/11/2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی PWK لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە شاردنەوەی شوێنی گڵکۆی ڕێبەرانی کورد، نیشانەی ترسی دەوڵەتی تورکە و ڕایدەگەیەنێت کە خەبات بۆ ئازادیی کوردستان بە کۆمەڵکوژی ڕاناوەستێت.

دەقی بەیاننامەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان PWK:

بە ڕێزەوە یادی سەید ڕەزا و هاوڕێیانی بەرز ڕادەگرین

ڕێک 88 ساڵ لەمەوبەر و لە 15ی نۆڤەمبەری 1937دا، سەید ڕەزا، ڕێبەری قارەمانی بەرخۆدانی دێرسیم و 6 لە هەڤاڵانی لە ئەلعەزیزی، لە مەیدانی ئەراسەیا گەنم، لە سێدارە دران.

دەوڵەتی تورک پێی وابوو بە کوشتنی سەید ڕەزا و کوڕەکەی بەناوی ڕەسک حوسەین، حوسێن دەمەنانی، حەسەن و سەید حوسێن قوڕەیشانی، عەلی کالانی و فندک ئاغای یووسفانی، دەتوانێ گەلی دێرینی کورد کە خاوەن کلتوورێکی بەهێزە، قڕ بکات و لەناوی ببات.

دەوڵەتی تورکیا بە دەیان هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچووی دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کۆمەڵکوژی کردن.

بە وتەی ئەو کەسانەی کە کۆمەڵکوژیەکەیان بەڕێوەبردووە، بە دەرمانی مشک، خەڵکەکەی ئێمەیان قەتڵوعام کردووە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا هاوشێوەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی، گۆڕی سەید ڕەزا و هاوڕێکانیشی شاردۆتەوە و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش شوێنی گڵکۆکانیان نازانرێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک چەندە لە ڕێبەرانی گەلی کورد دەترسێت.

بێگومان خەبات بۆ ئازادیی کوردستان بە کۆمەڵکوژی و جینۆساید ڕانەوەستاوە.

نەوەکانی شێخ سەعید، سەید ڕەزا، خالید بەگی جبری، ئیحسان نووری پاشا، قازی محەممەد و مەلا مستەفا بارزانی، ئەمڕۆکە بە خوێنی شەهیدان و کار و خەباتی دڵسۆزانەی نیشتمانپەروەران، ئاڵای خەباتیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، شەکاوە ڕاگرتووە.

لە 88 ساڵەی شەهیدبوونیاندا، لە کەسایەتی سەید ڕەزادا، بە ڕێز و حورمەتەوە یادی سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەرز ڕادەگرین.

Share

پوستێن ھەمان بەش