قوربانیانی شەڕی ساختەی پەکەکە و تورکیا، پۆل پۆل ئاشکرا دەکرێن

پەکەکە: “ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد”!.
ناسنامەی 5 لاوی دیکەی کورد ئاشکرا بوو کە پەکەکە لە ساڵی 2017دا لە ناوچەکانی “ئاڤاشین، مەتینا و زاپ”ی باشووری کوردستان بەکوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی چوارشەممە 12/11/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە یەکیان کچە گەریلایە و لە ساڵی 2017دا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ لە باشووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ هاتیجە یووسف، خەڵکی مەلەتی لە باکووری کوردستان.
2ـ حوسێن یووسف زیا، خەڵکی ئاگری لە باکووری کوردستان.
3ـ یەعقووب مەهمەت، خەڵکی ماردین لە باکووری کوردستان.
4ـ عومەر مستەفا، خەڵکی ئاگری لە باکووری کوردستان.
5ـ ئازاد فەهیم، خەڵکی مووش لە باکووری کوردستان.
پەکەکە لە وەسفی ئەو پۆلە گەریلایشدا دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد!.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەماڵەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.