پەکەکە گیانلەدەستدانی ئەو 6 گەریلایەی بۆ ماوەی 3 ساڵ شاردبۆوە

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکراوە.
پەکەکە ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2022دا لە ناوچەکانی زاپ و گارە لەباشووری کوردستان بەدەست تورکیا بەکوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2022دا لە ناوچەکانی زاپ و گارە لە باشووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 6 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ زەینەب میدحەت، خەڵکی ئیستانبووڵ.
2ـ عەلی ئیسماعیل، خەڵکی ماردین لە باکووری کوردستان.
3ـ محەممەد ئیسماعیل، خەڵکی ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
4ـ فوئاد ئیبراهیم، خەڵکی تەبقا.
5ـ سینان عەبدولقادر، خەڵکی مووش لە باکووری کوردستان.
6ـ دیار ئەحمەد، خەڵکی حەلەب.
پەکەکە لە وەسفی ئەو پۆلە گەریلایشدا دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئێمە بە ڕێزەوە یادیان بەرز ڕادەگرین.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەماڵەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.