ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان: پرۆسەکە بۆ ڕێگریکردنە لە بەدەوڵەتبوونی کورد

ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان: پرۆسەکە بۆ ڕێگریکردنە لە بەدەوڵەتبوونی کورد

ئوچوم: “لە تورکیا پرسی کورد بوونی نییە، بەڵکوو لە دەرەوەی تورکیا و لە لایەن ئیمپریالیزمەوە بەسەر تورکیادا دەسەپێندرێت”.

مەهمەت ئوچوم، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک کۆماری دەولەتی تورک و جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسەتی یاسایی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە کۆنفرانسێکدا بە ناوی “پرۆسەی گواستنەوە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر” قسەی کرد. ئوچوم لە وتارەکەیدا پێڤاژۆکەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای هەڵسەنگاند و لێدوانی سەرنجڕاکێشی دا. بە وتەی ناوبراو ئەو پڕۆسەیەی کە باخچەلی دەستیپێکردووە، هیچ پەیوەندییەکی بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و لابردنی فشارەکانی سەر ناسنامەی کوردانەوە نییە و لە تورکیاش پرسێک بەناوی پرسی کورد، بوونی نییە. جگە لەوەش ئوچوم دانی بەوەدانا کە پرۆسەکە بۆ ڕێگریکردن لە بەدەوڵەتبوونی کورد بەڕێوەدەچێت.

دەوترێت ئوچوم کە پخاوەن کەسایەتییەکی زۆر دوندە، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکەی ئیمرالی دەکات و بەڕیوەی دەبات، بۆیە لێدوانەکانی زۆر گرنگن. ئوچوم لە قسەکانیدا هیواکانی کورد بۆ پرۆسەی چارەسەری پشتگوێ دەخات.

ئوچوم ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕابردوودا حکومەتەکان دەیانویست ئەو مژارە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمجارە دەستپێشخەرییەکی دەوڵەتی هەیە. ڕوونیشیکردەوە کە پرۆسەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵکوو بۆ گەیشتن بە “تورکیایەکی بێ تیرۆرە”.

ئوچوم ئەم دەربڕینەی بەکارهێنا: کاتێک دەوڵەت ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر”ی وەک دەستپێشخەرییەک دەستپێکرد، ئەو مژارە وەک پرسی کورد نەخرایە بەر باس، بەڵکوو بەتەواوی پەیوەست بوو بە کۆتایی هێنان بە تیرۆری سیستماتیک و نەهێشتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی بە شێوەیەکی کاریگەر و کردنەوەی مەیدانی سیاسەتی دیموکراتیک و نەهێشتنی کاریگەری ڕێکخراوی تیرۆریستی لەسەر سیاسەتی دیموکراتیک. پێویستە ئەم دوو شتە تێکەڵ نەکرێن.

ئوچوم هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ دانوستانێک لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا نییە و گوتی: “ئەوانەی هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک لە نێوان ئامانجی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ و پرسی کورد دروست بکەن و هەوڵدەدەن کە لەسەر بنەمای مافی ناسنامەیی دانوستان بکەن، یان جیاوازی نێوان ئەم دوو بابەتە نازانن یان بە ئەنقەست ئەو دوو بابەتە تێکەڵ دەکەن”.

ئوچوم هەروەها ڕایگەیاندووە کە پرۆسەی چەکدانان لە 11ی تەمموزدا و دوای ئەوەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەستیپێکردووە و وتی: “پرۆسەکە بە خێراییەکی زۆر بەردەوامە و لەو گوتنەی کە تیرۆر کۆتایی هاتووە، هیچ گەڕانەوەیەک نیە”. هەروەها گوتیشی: “تەنانەت ئەگەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دیسان سەرهەڵداتەوە، ئیحتیماڵی نیە کە وەکوو ڕێکخراوەکەی جاران بێت”.

ئوچوم هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە، ڕایگەیاند: “ئەوان کە بەپێی ڕەوشی خۆیان دەگەڕێنرێنەوە، بە جیاوازییەک لە نێوان ئەوانەی تاوانیان نەکردووە، تاوانبارە بچووکەکان، تاوانبارانی قورس، سەرکردە، سەرکردە باڵاکان و ئەندامانی ئاسایی”. ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم پرۆسەیە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2026دا دەستپێدەکات”.

ئوچوم هەروەها ئیدیعای ئەوەی کرد کە لە تورکیا پرسی کورد بوونی نییە و وتی: “پرسی کورد لە دەرەوەی تورکیا لە لایەن ئیمپریالیزمەوە بەسەر تورکیادا دەسەپێندرێت” و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

“واتای کێشەی کورد لە دەرەوە ئەوەیە، ‘کورد نەتەوەیەکی جیایە، ئەو نەتەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر دانیشتووانی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بێ دەوڵەتە، کورد پێویستی بە دەوڵەتێکی جیا هەیە’، ‘لەڕاستیدا پێویستی بە دەوڵەتێکە بۆ یەکخستنی چوار پارچەکە’. ئەمە پرۆژەیەکە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لەژێر کۆنترۆڵی ئیمپریالیزمدا کە ئیسرائیل پشتیوانی دەکات. ئەمە پڕۆژەیەکی ئیمپریالیستییە. ئەمە کێشەی دەرەکی کوردە و ئەمەیە کە بەسەر ئێمەدا فەرز دەکرێت. دوای تەواوبوونی پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر، مەرجەکانی چارەسەرکردنی کێشەی دەرەکی کوردیش بەرە بەرە کۆتاییان پێدێت”.

Share

پوستێن ھەمان بەش